کوردستانی

شەش ساڵی رابردوو ساڵانێكی پڕ كارەسات و تراژیدیا بوو بۆ هاوڵاتییانی عیراق و هەرێمی كوردستان

مەودا میدیا - سلێمانی |


شەش ساڵی رابردوو ساڵانێكی پڕ كارەسات و تراژیدیا بوو بۆ هاوڵاتییانی عیراق و هەرێمی كوردستان
مەودا میدیا-

ئەمڕۆ 20ی حوزەیران  (69) ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر راگەیاندنی جاڕنامەی كۆڕبەندی جیهانی ساڵی (1951)ی جنێف بۆ مافەكانی پەنابەران، بەڵام بەداخەوە هێشتا دیاردەی كۆچ و ئاوارەیی لە جیهاندا بەردەوامی هەیە. 

دەزگای لوتکە بۆ كاروباری ئاوارە و پەنابەران لە بەیاننامەیەکداکە کۆپییەکی بۆ مەودا میدیا نێردراوە رایگەیاند "دیاردەی کۆچ و ئاوارەیی لە جیهاندا بەردەوامی هەیە، ئەمەش بەهۆی ناسەقامگیری باری سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی كە ساڵانیێكە بەرۆكی ئەم ناوچەیەی گرتووە، لەسەرو ئەمانەش بارودۆخی تەندروستی و بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا لەجیهاندا و بەتایبەتی عیراق و هەرێمی کوردستان کە بەداخەوە ئامارە تووشبووان و قوربانییەکان بەردەوام لەهەڵکشاندایە".

ئاماژە بەوەشکراوە "شەش ساڵی رابردوو بەداخەوە ساڵانێكی پڕ كارەسات و تراژیدیا بوو بۆ هاوڵاتییانی عیراق و هەرێمی كوردستان كە سەدان پەنابەر و ئاوارە بەهۆی خراپی بارودۆخی رێگا قاچاخەكانەوە وە بە جۆرەها تراژیدیای دڵ هەژێنی مرۆیی گیانیان لەدەستداوە، یاخود بێ سەروشوێنن بوون كە بەشێكی زۆری قوربانیەكان پێكهاتبوون لە ژن و منداڵ".

ئەوەش باسکراوە "ئەمە لە كاتێكدا كە بە سەدان پەنابەری تر بەهۆی ڕاگرتنیان لە كەمپ و گرتوخانەكاندا بۆ ماوەیەكی دریژخایەن دەستبەسەركراون كە بەشێكیان توشی شڵەژانی دەرونی و دڵەڕاوكێ بوونەتەوە".

لە بەیاننامەکەشدا هاتووە "پەیمانی خۆمان دووپات دەكەینەوە بۆ بەرگری لە مافی پەنابەران و داوا ڕەواكانیان. شانبەشانی ڕێكخراوەكانی داكۆكیكار لەمافەكانی پەنابەران لەسەراسەری جیهاندا، داواكارین لە كاربەدەستان و لایەنی پەیوەندیدار لە سۆنگەی هەستكردن بە بەرپرسیاریەتییەوە هەنگاو بنێن بەئاڕاستەی هێمنكردنەوەی قەیرانەكان و دابینكردنی ژیانێكی ئارام و ئاسایی و شایستە و گەڕاندنەوەی ئومێد بۆ هاوڵاتییانی ئەم كۆمەڵگایە و لەهەمان كاتدا بانگەوازی لایەنە بەرپرسەكان و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان دەكەین كە:

1.كاری جدی و بەپەلە بكرێت بۆ راگرتنی دیپۆرتی پەنابەران، كە بەشێك لەووڵاتان پلانی دیپۆرتی زۆرەملێی پەنابەرانیان هەیە. ئەمەش بۆتە هۆی دروست بوونی بارێكی دەرونی خراپ لای پەنابەران و زۆرجار دەرئەنجامی ئەم بارە دەرونییە تراژیدیای مرۆیی وەك خۆ كوشتنی لێكەوتۆتەوە كە بەداتاو بەڵگە لە لامانەو نابێت ئەم تراژیدیایە چیتر بەردەوامی هەبێت.

2.پێویستە دەستبەجێ كۆتایی بهێنرێت بەسیاسەتی ڕاگرتنی پەنابەران لە كەمپەكاندا کە بەهیچ پێوەرێک شوێنی ژیان و مانەوەی ئینسان نییە پێدانی مافی پەنابەریان و گوێزانەوەیان بۆ كۆمەڵگەی ئارام وشایستە بە ئینسان.

3.ئاسانكاری بكڕیت لە پڕۆسەی گەڕانەوەی ئارەزوومەندانی ئەو هاوڵاتی و پەنابەران لەدەرەوەی ووڵات بۆ زێدی خۆیان بۆ ئەو پەنابەرانەی بەشێوەی ئارەزومەندانەو لەسەر ویستی خۆیان داوای گەرانەوەیان دەكەن.

4.داواكارین لەلایەنە پەیوەندیدارەكانی ناو حكومەت و سەرمایەدارەكان و ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان كە هاوكارمان بن لە پرۆژە مرۆییەكاندا بۆ بەهاناوەچوونی پەنابەران و ئاوارەكان بەتایبەتی لەهەڵمەتی هۆشیار و ڕشاندنی دژە ڤایرۆس و دابینکردنی پێداوستییە خۆپارێزیەکان تا بە هەمووان تواناكانمان یەك بخەین بۆ خزمەتی مرۆڤایەتی.

پوختەیەک لە ئاماری پەنابەران لە دەرەوەی خاکی عیراق
Qaiwan
Qaiwan