تەندروستی

هەشت رێگای هەڵە لە پەروەردەكردنی منداڵاندا

مەودا میدیا - سلێمانی |


هەشت رێگای هەڵە لە پەروەردەكردنی منداڵاندا
مەودا میدیا- 

باوكان و دایكان هەمیشە حەزدەكەن منداڵەكانیان بەشێوەیەكی باش پەروەردە بكەن، بەڵام هەندێكجار رێگای هەڵە دەگرنەبەر لەكاتی پەروەردەكردنیاندا. لێكۆڵینەوەكان دەریانخستووە گرتنەبەری ئەم هەشت رێگایە لە پەروەردەكردنی منداڵدا هەڵەیە:

یەكەم: زۆرجار باوكان و دایكان وەسفی هەموو كارێكی منداڵەكانیان دەكەن تەنانەت ئەگەر كارێكی ئاسایی بێت و هیچ گرنگییەكی ئەوتۆشی نەبێت، ئەوان باوەڕیان وایە پێویستە بەردەوام وەسفی كاری منداڵ بكرێت، راستییەكەی ئەمە كارێكی باش نییە، چونكە وا لەو منداڵە دەكات بەردەوام چاوەڕوانی دەستخۆش و وەسفكردن بێت لە هەموو كەس و ئەوەش روونادات، بۆیە منداڵەكە تووشی جۆرێك لە بێهیوایی دەبێت.

دووەم: بەراوردكردنی منداڵ بەشێوەیەكی یەكسان بە هاوڕێ، خزم یان برا و خوشكەكانی دەبێتە هۆی شێواندنی كەسێتی منداڵەكە و لەدەستدانی متمانە بەخۆی و هەستكردن بە خۆبەكەمزانی، بزانن هەر منداڵێك كەسێتی جیاوازی هەیە و خاوەن تایبەتمەندیی خۆیەتی و لەوانی دیكەی جیادەكاتەوە، دەگونجێ باوكان و دایكان رۆڵیان هەبێت لە ئاشكراكردن و دۆزینەوەی بەهرەكانی منداڵ، بۆیە نابێت منداڵەكەت بە ئەوانی دیكە بچوێنی.  

سێیەم: هەوڵدان بۆ ئەوەی منداڵەكەت هەست بە بەختەوەریی بكات كارێكی هەڵەیە، پێویستە منداڵ خۆی ئەو هەستە دەرببڕێ نەك باوك و دایك هەوڵبدەن منداڵەكە ناچاربكەن هەست بە بەختەوەریی بكات، زۆرێك لە دایكان و باوكان دەیانەوێ ئەوان بڕیاردەری دۆزینەوەی رێگەی بەختەوەریی منداڵەكانیان بن و ئەوەش كارێكی هەڵەیە، نابێت هەرگیز منداڵەكەت ناچار بەوە بكەی هەست بە بەختەوەریی بكات.

چوارەم: ناچاركردنی منداڵ و هەڕەشە لێكردنی بۆ ئەنجامدانی كارێك و وەدەستهێنانی دەرئەنجامی باش كارێكی زۆر هەڵەیە، لەوە دەچێت لە نزیك مەودادا منداڵەكەت گوێت لێبگرێ و رێنماییەكانت جێبەجێ بكات، بەڵام لە دوور ماوەدا كاریگەریی نەرێنی لەسەر كەسێتی منداڵەكە بەجێدەهێڵت و هەستی بێ متمانەیی و خۆبەكەمزانی تێیدا دروست دەبێت و هەوڵی گۆشەگیریی دەدات. 

پێنجەم: خۆشەویستی باوك و دایك بۆ منداڵ وادەكات ئاستی ئاگابوون و پارێزگاریكردن لێی بە زیان بشكێتەوە، چونكە دەرفەت ناداتە منداڵ كە خاوەن كەسێتی خۆی بێت و هەندێكجار خۆی بڕیار بدات. هەروەها رێگری دەكات لەوەی پەیوەندییەكی تەندروست لەگەڵ ئەوانی دیكە دروستبكات و رووبەڕووی تەنگوچەڵەمەكانی بەردەمی ببێتەوە و لەسەر پێی خۆی بووەستێ. 

شەشەم: سەرزەنشتكردن، ئیتر چی بە قسە یان ئازاری جەستەیی بێت، سەرەڕای چەندینجار ئاگاداركردنەوەی منداڵ لە بەرانبەر ئەنجامدانی یان ئەنجامنەدانی كارێك، شێوازێكی هەڵەیە و زیانی زۆری بۆ منداڵ دەبێت. ئەوە لەلایەك كەسێتی منداڵەكە دەشێوێنێ‌ و لەلایەكی دیكەیشەوە ترسی لە دڵدا دەچێنێ‌ و متمانەی بە كەسێتی خۆیشی نامێنێ. رەنگە بۆ ماوەیەكی كاتی ئەوەی دەتەوێت لەسەر منداڵەكەت بیچەسپێنی، بەڵام بۆ دوور مەودا زیانی زۆری بۆی دەبێت. 

حەوتەم: جیاوازیی لە شێوازی پەروەردەكردنی منداڵ لەنێوان باوك و دایكدا كارێكی نەرێنییە، زۆرجار باوك هەوڵی سزادانی منداڵ دەدات و دایكەكەیش رێگری لێدەكات، ئەوە منداڵەكە فێری درۆ و فێڵكردن دەكات، بۆیە باشترە باوك و دایك كارێك بكەن بەهۆی دابەشكردنی رۆڵیان بۆ تەواوكاریی شێوازی پەروەدەكردنی منداڵ لەسەر شتە باشەكان رێكبكەون بەشێوەیەك كاریگەریی باشی لەسەر داهاتووی منداڵەكە هەبێت. 

هەشتەم: رانەوەستاویی لە شێوازی مامەڵەكردندا كاریگەریی نەرێنی لەسەر پەوەردەكردنی منداڵ هەیە، بۆ نموونە لەكاتێكدا لەسەر ئەنجامدانی كارێك سزای منداڵەكەت بدەیت و لەكاتێكی دیكەشدا چاوپۆشی لە ئەنجامدانی هەمان كار بكەی، ئەمە كەسێتی منداڵەكەت راڕا دەكات و وادەكات منداڵەكەت كەسێتییەكی دوو لایەنەی لە كۆمەڵگەدا و بەرانبەر ئەوانی دیكە هەبێت.

Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا



News

خاک و هۆکارەکانی پیسبوونی

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

ئاماژەکانی ئەدای ژینگەیی

لەلایەن نەرمین عوسمان