راپۆرت

پۆست و دەسەڵات نەیانتوانی خاکێتى مام جەلال بگۆڕن

مەودا میدیا - سلێمانی |


پۆست و دەسەڵات نەیانتوانی خاکێتى مام جەلال بگۆڕن
مەودا میدیا- بارام سوبحى

لەماوەى چل ساڵى پەیوەندى نێوانماندا، ئەوەندى من بینیومە مام جەلال بەڕێزترین کەس بوو، بۆ هاوڕێکانى بەوەفا بوو، ئەو کەسانەى لەیاد نەدەچوو کە هاوکارى گەلى کورد بوون، زۆر خاکی بوو، رێزى کەسایەتییە نیشتیمانییەکانى بە جیاوازى بیروبۆچوونیانەوە دەگرت، لێبوردە بوو، بەتوندى دژى هەر کەسێک دەوەستا کە سنوورى خۆى ببەزاندایە. سیاسەتمەدار و ئەندامى ئەنجومەنى حوکم نەسیر چادرچى لە بیرەوەرییەکانیدا وادەڵێت.

کتێبى (بیرەوەرییەکانى نەسیر چادرچى) لە بڵاوکراوەکانى دەزگاى مەدایە، لە ساڵانى (2017) و (2018) دوو جار چاپکراوەتەوە، (490) لاپەڕەیە. ناوبراو کەسایەتییەکى لیبراڵى سوننە مەزهەبە، سەرۆکى پارتى نیشتیمانیى دیموکراسی بووە. لەدواى روخانى رژێمى بەعس بووەتە ئەندامى ئەنجومەنى حوکم. لەم کتێبەدا ژیانى خۆى و خانەوادەکەى لە قۆناغى پادشایەتییەوە هەتا ساڵى (2016) دەگێڕێتەوە.

تاڵەبانى و کەوتنى بەعس
لە سەرەتاى ساڵانى حەفتاکاندا لە بەیروت، بەردەوام چاوم بە کەسایەتییە ئۆپۆزسیۆنەکانى عیراق دەکەوت، پەیوەندى بەردەوامم لەگەڵ هاوڕێم (جەلال تاڵەبانى) هەبوو. ساڵى (1974) لە یەکێک لە ئێوارەکانى بەیروتدا پێیوتم نەسیر رژێمى بەعس دەڕوخێ، من و تۆش لە حکومەتى داهاتوودا دەبین.

لە یەکێک لە ئێوارە جوانەکانى بەیروت لە ناوچەى ئەشرەفیە لە ساڵى (1974)، لەگەڵ هاوڕێم (جەلال تاڵەبانى) داوام لە شاعیر موزەفەر نەواب کرد قەسیدە بەناوبانگەکەى (القدس عروس عروبتکم) بۆمان بخوێنێتەوە، ئەویش بە دەنگە خۆشەکەى لەسەر سەربانى شوقەیەک و لەژێر شنەباى هاوینى بەیروتدا خوێندییەوە، بە ریکۆردەرەکەم کە لەگەڵ خۆم هەڵمگرتبوو تۆمارمکرد، تۆمارى قەسیدەکەم نارد بۆ ژمارەیەک ئێستگەى عەرەبى و ئەوانیش بڵاویانکردەوە و لەو ماوەیەدا دەنگى دایەوە.

لە ساڵانى نەوەدەکاندا هەرگیز چاوم بە کەسایەتییە ئۆپۆزسیۆنەکان نەکەوت، تەنها لەڕێگەى هەندێک بروسکە و نامەى ئاڵوگۆڕکراوەوە لەنێوان من و هاوڕێم (جەلال تاڵەبانى)دا نەبێت. 

کەسایەتى مام جەلال
لەمیانى پەیوەندیم بە مامەوە کە زیاتر لە چل ساڵ درێژەى کێشاوە، ئەوەندەى من بینیوومە لەڕووى ئەدەب و رەفتار و ماڵەوە رێزدارترین کەس بووە، بۆ هاوڕێکانى بە وەفا بوو، هیچ کەسێکیانى لەیاد نەدەچوو. سوپاسى هەر کەسێکى دەکرد لە کاروانى پڕ ناڕەحەتى ء گرفتى تێکۆشاندا یارمەتى ء کۆمەکى بە گەلى کورد کردبێت ء لە بیرى نەدەکرد. لە خەسڵەتەکانى دیکەى ئەوە بوو زۆر خاکی بوو، بەجۆرێک پۆست ء دەسەڵات ئەو خاکێتیەى نەگۆڕى. زیادەڕۆیى ناکەم ئەگەر بڵێم ئەو زیاتر لەو کەسانە عروبیتر بوو کە شانازیان دەکرد و روپاماییان دەکرد و بانگەشەیان بۆ دەکرد، لەگەڵ فەڵەستینییەکاندا لە بەیروت چەکى هەڵگرت ء لەنێو ریزەکانیاندا تێکۆشا، یارمەتى زۆرى پێشکەشکردن و لەپێناوى ئەواندا سەرکێشى بە ژیانى خۆیەوە کرد. رێزى کەسایەتییە نیشتیمانییەکانى بە جیاوازى بیروبۆچوونیانەوە دەگرت، لێبوردە بوو، بەتوندى دژى هەر کەسێک دەوەستا کە سنوورى خۆى ببەزاندایە.

لیژنەى پێنج کەسى
دواى کەوتنى رژێمى بەعس، لە بارەگا کاتیەکەى لە ناوچەى مەنسور، چاوم بە بەڕێز جەلال تاڵەبانى کەوت. لەکاتى دانیشتن لەسەر خوانى نیوەڕۆ، مام جەلال پێیوتم دەمانەوێت لیژنەیەکى پێنج کەسى دروست بکەین تاوەکو ببێتە بناغەى دەستکردن بە کارى سیاسى بەشێوەیەکى فەرمى لە بەغدا، لیژنەکەش پێکهاتبوو لە بەڕێزان: عەبدولعەزیز حەکیم، ئەحمەد چەلەبى، جەلال تاڵەبانى، مەسعود بارزانى، ئەیاد عەلاوى.

لەوکاتەدا کاغەزێکى پێدام ء بە قەڵەمەکەى ئەم پەراوێزەى لەسەر نوسیبوو: هیچ لارییەکت هەیە لەوەى لەم لیژنەیەدا لەگەڵماندا بى؟ داواکارم رازى بیت. دڵنیام لە رازیبوونت و کارکردن لەگەڵماندا. من هیچ وەڵامم نەدایەوە. پاشان کاغەزەکەم پیشانى هاوڕێکانم هاشم شبلى، رەئوف ئال دێبس، عەبدولڕەزاق سەعیدى دا، دواى ئەوەى نیشانەى رازیبوونم لەسەر روخساریان بینى، بڕیارى خۆمم پێم راگەیاند کە رازیم.

پاشان مام جەلال پێیوتم: ئێمە کە ئێستا بۆچوونى تۆمان وەرگرت، تەنها وەرگرتنێکى شکڵى بو، چونکە هەردەبوو کارمان لەگەڵدا بکەیت و چارى دیکەت نییە، تەنانەت بەڕێز مەسعود بارزانى داوای لێکردم بەر لە وەرگرتنى بۆچوونت ناوت بنووسم، بەڵام پێموت پێویستە ئاگادارى بکەین و بۆچوونى وەربگرین.

بەمەش لیژنەکە بوو بە شەش کەسى، جگە لە تاڵەبانى و بارزانى کە لە کوردستان بوون، تەنها من لەناو عیراقدا بووم. بەڕێز تاڵەبانى ئاگادارى کردم کاتێک ناوى تۆمان پێشنیارکردووە لەگەڵ ناوێکى تردا، هیچ کەس لارى نەبووە لە ناوى تۆ، بەڵام هەندێک سەرنج لەسەر ناوى د.ئیبراهیم جەعفەرى هەبووە، بەڵام دواتر بە کۆى دەنگ پەسەندکراوە.

کۆبوونەوەکانى لیژنەى شەش کەسى
لیژنەکە بەشێوەیەکى دەورى کۆدەبویەوە. لە کۆبوونەوەیەکدا بەڕێز جەلال تاڵەبانى باسى زیادکردنى ژمارەى ئەندامانى لیژنەکەى کرد، پێشنیازى کرد خۆمان لیژنەکە فراوان بکەین ء ئەو کەسانەى بە گونجاویان دەزانین بیانهێنینە لیژنەکەوە، رێککەوتین کۆبوونەوەى داهاتوو کە لە ماڵى د.ئەیاد عەلاوى دەکرا تاوتوێى بکەین. لەو میانەیەدا هەندێک ئاماژەمان پێگەیشتن کە ئەمریکییەکان لیژنەکەمان فراوان دەکەن تاوەکو ژمارەیەکى زیاتر بگرێتەوە، پێشنیازمکرد خۆمان لیژنەکە فراوان بکەین وەکو ئامادەکارییەک لەبرى سەپاندنى ناوەکان لەلایەن ئەوانەوە، چونکە لەوانەیە ئەو کەسانەى زیاد دەکرێن نەیانناسین یان لەلایەن شەقامەوە پەسەند نەکرێن.

کۆبوونەوەکە لە مانگى شەش و لە کەشێکى گەرمدا بوو، لە هەوڵێکیدا بۆ کۆتایهێنان بە کۆبوونەوەکە، بەڕێز جەلال تاڵەبانى وتى: پەنجا ساڵە کارى سیاسى دەکەم، باش بزانن هەوڵەکانتان بۆ فراواننەکردنى لیژنەکە شکست دەهێنێت، چونکە ئەمریکیەکان ئارەزووى زیادکردنەکە دەکەن، دڵنیابن لەوەى کەسانێکتان بەسەردا دەسەپێنرێت نە دەیانناسن ء نە هیچ پێشینەیەکى سیاسیان هەیە، ئێوەش وەکو دیفاکتۆ پەسەندیان دەکەن، بەم جۆرە کۆبوونەوەکە کۆتاییهات.

هەڵسەنگاندنى ئەنجومەنى حوکم
زۆرینەى ئەندامانى ئەنجومەنى حوکم لە ئۆپۆزسیۆن بوون، زۆربەیان هیچ پۆستێکى حکومى یان کارگێڕییان نەبینیبوو، شارەزایى تەواویان لە بەڕێوەبردنى دەوڵەتدا نەبوو، هەندێکیان هیچ پێشینەیەکى سیاسى روونیان نەبوو، رۆژێک لە رۆژان کارى سیاسیان نەکردبوو، بۆ سەرکردایەتیکردنى وڵات شیاو نەبوون، تەنانەت تواناى فێربوونیشیان نەبوو، جگە لە برایانى کورد و هەندێک لە ئەندامانى دیکە کە لە باشترین دۆخدا ژمارەیان دە کەسى تێنەدەپەڕاند.

وەکو باوکت عینادى
بۆ تاوتوێکردنى ئەم سێ خاڵە: هەڵوەشانەوەى ئەنجومەنى حوکم، ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پارلەمان، پێکهێنانى حکومەتى کاتى، کۆبوونەوەیەکى فراوان لە ماڵى بەڕێز جەلال تاڵەبانى کرا. من دژى ئەو خاڵانە بووم ء پێموابوو هەنگاوى هەڵە و پەلەن ء ئەو هەنگاوانە بە زیان بۆ گەلى عیراق دەگەڕێنەوە. زۆرینەى ئامادەبووان دژى بۆچوونەکەم بوون، تەنها د.مەحمود عوسمان پشتیوانى لێکردم.

دواتر لەگەڵ بەڕێز جەلال تاڵەبانى پێکەوە لەناو باخچەى ماڵەکەیدا پیاسەمان دەکرد، داوای لێکردم لەپێناوى بەردەوامبوونى پرۆسەى سیاسى لە عیراق، لەسەر ئەو خاڵانە قایل بم، بەڵام من هەر لەسەر بۆچوونى خۆم سوربووم، ئاماژەى بەوەدا لەگەڵ ئەمەریکییەکان لەسەر ئەو خاڵانە کۆکن و برێمەریش لەو پێناوەدا هاتووە. سەربارى هەموو ئەو قسانەى بیستم، من هەر لەسەر بۆچوونى خۆم سور بووم. دواتر وتى: وایدەبینم ئەم عینادییەت لە باوکى کۆچکردووتەوە بۆ مابێتەوە و هەردووکمان پێکەنین.

پاشتر کۆبوونەوەکە دەستیپێکردەوە، د.مەحمود پشتگیرى کردم، مام جەلال چرپاندى بەگوێیدا و بێدەنگ بوو. پاشان محەمەد بەحرلعلوم وتى د.مەحمود بۆچى پشتیوانى ناکەیت، لە برێمەر دەترسیت؟ د.مەحمود وتى: نەخێر بەڵکو لە مام جەلال دەترسم ء هەمووان دایانە قاقاى پێکەنین.

دامەزراندنەوەى حیزب
لە (17/5/2003) دووبارە بەگەڕخستنەوەى پارتى نیشتیمانیى دیموکراسیمان راگەیاند. لە (24/5/2004) رۆژنامەکەمان (ێوت الاهالى) دەستیکردەوە بە دەرچوون و تا ئازارى (2013) بەردەوام بوو. رۆژنامەکەمان لەڕووى نووسین و دابینکردنى پارە و چاپکردن و دابەشکردنەوە، دووچارى دژوارى گەورە هات، سەربارى ئەو دۆخە ئەمنیە دژوارەى کە وڵات پێیدا گوزەرى دەکرد، لەوکاتەدا بەڕێز جەلال تاڵەبانى پێشنیازى کرد رۆژنامەکەمان لە چاپخانە تایبەتەکەیان و لەسەر حیسابى تایبەتى خۆى لە بەغدا چاپ بکرێت. منیش سوپاسم کرد و پۆزشم بۆ هێنایەوە و وەکو پارێزگارییەک لە سەربەخۆیى رۆژنامەکە، داواکەیم رەتکردەوە.

سەیارەکەى مام جەلال
لەگەڵ زیادبوونى حاڵەتەکانى توندوتیژى و بە ئامانج گرتنى ئەندامانى ئەنجومەنى حوکم، جەلال تاڵەبانى برا داوای لێکردم لە کۆمەڵگەى قادسیە نیشتەجێ ببم، منیش زۆر سوپاسیم کرد و داواکەیم رەتکردەوە و لە خانووەکەى خۆم لە شەقامى تەها مامەوە. بیرمە هەمان رۆژ لەکاتى دانیشتنم لەگەڵ بەڕێز جەلال تاڵەبانى لێى پرسیم بۆ هاتوچۆکردن چ ئۆتۆمبێلێک بەکاردەهێنى؟ پێموت سەیارە ئاساییەکەى خۆم. پێیوتم پێویستە بە سەیارەیەکى گولەنەبڕ (درع) هاتوچۆ بکەیت، من دوو سەیارەم هەیە تۆ یەکێکیان ببە بۆ خۆت، پێموت پێویستم پێى نییە، بەڵام وتى: سوێند دەخۆم نایەڵم بچیتەوە بۆ ماڵەوە ئەگەر بەو سەیارەیە نەبێت، بۆیە منیش لێم وەرگرت.

لە رۆژى (23/5/2010) بە نووسراوێک کە بۆ سەرۆکایەتى کۆمارم نووسیبوو، سەیارەکەم رادەستکردەوە. هەمان رۆژ مام جەلال تەلەفۆنى بۆ کردم ء پێیوتم: کارەکەت سەیرە و لەسەر عەقڵیەتە کۆنەکەت ماوى.
منیش بەم دێڕەى جەواهیرى مەزن وەڵامم دایەوە: باق واعمار الگغاە قێار 
ئەویش نیوە دێڕەکەى تەواوکردو وتى:
من سفر مجدک عاگر و موار
هەردوکمان پێکەنین و بابەتەکە کۆتایى هات.

نەسیر کامیل رەفعەت ئەفەندى چادرچى
لە (1933) لە بەغدا لەدایکبووە
کۆلیژى یاساى زانکۆى بەغداى تەواوکردووە
ئەندامى ئەنجومەنى حوکم بووە لە تەمموز (2003) تا تەمووزى (2004)
ئەمیندارى گشتى پارتى نیشتیمانیى دیموکراسى بووە کە کامیل چادرچى باوکى دامەزرێنەرى بووە.
کامیلى باوکى لە قۆناغى پادشایەتى و سەردەمى عەبدولکەریم قاسمدا سیاسەتکارێکى دیار بووە.

Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا


News

کوشتنی ژنێک و راچڵەکینی کۆمەڵگەیەک

لەلایەن میهرەبان حسێن


News

کورد چاو لە عەرەب و ئەفغان بکات

لەلایەن بەهێز حسێن


News

ئیتر براکان دەستی یەکتر ناگرن

لەلایەن سۆزان حەمەتاتە