گشتی

بەم شەش رێگەیە بڕی مووچەكەت زیاد بكە

مەودا میدیا - سلێمانی |


بەم شەش رێگەیە بڕی مووچەكەت زیاد بكە
مەودا میدیا-

زیادبوونی مووچە یەكێك لە داوا بەردەوامەكانی فەرمانبەرانە لە كۆمپانیا و دامەزراوە جیاوازەكان، هەمووان هەوڵی زیادكردنی بڕی مووچەكانیان دەدەن پاش ماوەیەك كاركردن، لەگەڵ ئەوەشدا هەست بە راڕایی و ترس دەكەن كاتێك ئەو داوایە بۆ بەڕێوەبەرەكەیان بەرز دەكەنەوە.

لەكارێكی وادا پێش هەموو شت دەبێت بڕوات بەوە هەبێت كە داوای زیادكردنی مووچەكەت شتێكی هەڵە نییە، بەڵام ناشبێت هەر داوایەكی سەرپێی بێت، بەڵكو دەبێت لەمیانەی كاركردنتدا ئامادەكاریی بۆ بكەیت.

ئەم شەش كارە بكە، پاشان بە ئاسانی دەتوانیت داوای زیادكردنی مووچەكەت بكەیت:

یەكەم:سەرەتا دەستبكە بە كۆكردنەوەی زانیاریی ورد لەسەر مووچەی پلە هاوشێوەكانی خۆت لە كۆمپانیاكانی دیكە بەشێوەیەكی گشتی، یان ئەو كۆمپانیایەی خۆت كاری تێدا دەكەیت، ئەگەر زانیت نایەكسانی و كەم و زۆری تێدا هەیە، ئەوا داوای زیادكردنی مووچەكەت بكە یان رێككەوتن بكە بەشێوەیەك جۆرێك لە دادپەوەری بەرانبەرت رەچاو بكرێت.

دووەم: هەوڵبدە لە كاركردندا لە كارمەندەكانی دیكە جیاوازبە، پێویستە هەنگاوێك یان دوو هەنگاو لە هاوڕێكانت لەپێشەوە بیت بۆ ئەوەی ببیتە جێگای گرنگیپێدان لای بەڕێوەبەرەكەت. جیاوازبوون لە كاركردن زۆر پێویستە، لە كۆتاییدا هەمووان هەست دەكەن تۆ جیاوازیت و بەو شێوەیش زەمینەسازە بۆ داوای زیادكردنی مووچەكەت، ئەگەر هەستت نەكرد گەیشتوویتەتە ئەو ئاستەی مووچەت بۆ زیادبكرێت، ئەوا بەو بڕە مووچەی خۆت رازی بە.

سێیەم: ناتوانیت داوای زیادكردنی مووچە بكەی بێ ئەوەی دەستكەوتت لەوانی دیكە زیاتر بێت، یان هۆكاری سەركەوتنێكی گەورە بووبیت بۆ كۆمپانیاكەت، پێویستە دەستكەوتەكانت بە ژمارە دیاری بكەیت.  بۆیە، پێویستە بە بەڵگەی تەواوەوە دەستكەوتەكانت لە كاركردندا ئامادە بكەیت، یان ئەوەی بیسەلمێنێ‌ لەوانی دیكە جیاوازیت.

چوارەم: پێویستە خاوەن بەهرەی تایبەت بیت لە دروستكردنی پەیوەندیی كۆمەڵایەتی لەگەڵ هاوبەشەكانت لە كۆمپانیاكەدا، ئەگەر سەركەوتوو بوویت لە بەدەستهێنانی رەزامەندیی ئەوان، ئەوا بۆ پێشكەوتن و زیادكردنی مووچەكەشت سوودی زۆری دەبێت.

پێنجەم: داوای زیادكردنی مووچە شەرمی ناوێت، راستە داوایەكی هەندێك قورسە، بەڵام پێویستە بتوانیت ئەو سیفەتانە لە خۆتدا دروست بكەیت كە توانی دەستپێشخەری و گەیشتن بە بەڕێوەبەرەكەت هەیە، دەبێت بۆی باسبكەیت و بیری بخەیتەوە كە بەهۆی ئەو كارە باشانەی كردووتن شایستەی ئەوەی مووچەكەت زیاد بكرێت.

شەشەم: دەستنیشانكردنی كات هۆكارێكی بنەڕەتییە بۆ سەركەوت لە كار و ئەركەكەت، بۆیە كات و ساتێك هەڵبژێرە كە هەمووان لە دۆخێكی خۆش و باشدابن، بۆ نموونە كاتێ كۆمپانیاكەت سەركەوتنێكی گەورەی بەدەستهێناوە، یان ئەو كاتەی كارگێڕی كۆمپانیاكەت سەرقاڵی پێداچوونەوەت بە لیستی مووچەی كارمەندانی كۆمپانیاكەت.

Qaiwan
Qaiwan