عیراقی

مانگانە یەك ملیار دۆلار بۆ بندیوار و فەرمانبەری دوو مووچە دەڕوات

مەودا میدیا - سلێمانی |


مانگانە یەك ملیار دۆلار بۆ بندیوار و فەرمانبەری دوو مووچە دەڕوات
مەودا میدیا-

لیژنەی دارایی و ئابووری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاند، مانگانە نزیكەی یەك ملیار دۆلار بۆ فەرمانبەرانی دوو مووچە و بن دیوار دەڕوات و ئەوەش قورس لەسەر ئابووریی عیراق كەوتووە.

جەمال كۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی و ئابووری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاند "حكومەت لەبەردەم رووبەڕووبوونەوەی گەورەدایە ئەگەر بیەوێت دەست بە قۆناغەكانی چاكسازیی بكات، ئەگەر دوو مووچەیی نەهێڵێت، كنترۆڵی دەروازە سنوورییەكان بكات و چەك بگەڕێنێتەوە دەستی دەوڵەت، ئەمانە كاری گرنگن بۆ ئەوەی وەبەرهێنان پێشبخرێت".

روونیشیكردووەتەوە "مانگانە نزیكەی یەك ملیار دۆلار بۆ ئەو كەسانە دەڕوات كە دوو مووچە وەردەگرن و ئەوانەی كە بندیوارن، لەكاتێكدا مانگانە حكومەتی عیراق پێویستی بە 5.5 ملیار دۆلارە تەنیا بۆ مووچەخۆران".

باسی لەوەشكردووە "پەرلەمان ماوەی 60 رۆژی بۆ مستەفا كازمی داناوە بۆ ئەوەی پرۆژەی چاكسازیی پێشكەش بكات كە پێویستی بە پشتیوانیی پەرلەمانە، ئەگەر كێشەی بۆ دروست نەكرێت لەلایەن ئەو كەسانەی دژی چاكسازیین".
 
جەمال كۆچەر ئەوەشی وتووە "ئەگەر مستەفا كازمی دوو مووچەیی و بندیوار نەهێڵێت و دەروازە سنوورییەكان كۆنترۆڵ بكات، ئەوا مانگانە دوو ملیار دۆلار بۆ حكومەت دەگەڕێتەوە".

Qaiwan
Qaiwan