کوردستانی

لەم ناوچەیەی هەرێم ژمارەی چاکبووەوانی کۆرۆنا لە بەرزبوونەوەدایە

مەودا میدیا - سلێمانی |


لەم ناوچەیەی هەرێم ژمارەی چاکبووەوانی کۆرۆنا لە بەرزبوونەوەدایە
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

جێگری بەڕێوەبەری تەندروستیی چەمچەماڵ رایدەگەیەنێت لە 270 تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنا نزیکەی 195 کەس لە سنووری قەزای چەمچەماڵی سەر بە پارێزگای سلێمانی چاکبوونەتەوە و نەخۆشخانەیان جێهێشتووە.

شەریف رەحیم، جێگری بەڕێوەبەری تەندروستیی چەمچەماڵ بە مەودا میدیای راگەیاند "لەسەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا تاوەکو ئێستا 270 حاڵەتی تووشبوون بە کۆرۆنا لە قەزای چەمچەماڵ تۆمارکراوە، لەو ژمارەیە 11 کەس گیانیان لەدەستداوە".

سەبارەت بە ژمارەی چاکبووەوانی کۆرۆنا ئاماژەی بەوەشکرد "لەو 270 تووشبووە نزیکەی 195 تووشبوومان چاکبوونەتەوە و نەخۆشخانەیان جێهێشتووە، هەروەها سوودێکی باشـمان لە پلازمای خوێنی بەشێکی زۆری ئەو کەسانە دیوە و زیاتر لە 20 تووشبوو پلازمای خوێنیان بۆ کراوە".

ئەوەشی خستەڕوو "لە ئێستا 27 تووشبوو لە نەخۆشخانەکاندا ماون، کە شەش حاڵەتیان تەندروستییان ناجێگرە لەژێر هەناسەدانی دەستکردان، هەروەها بەشێکیش لە تووشبووان کە تەندروستییان باشە و کەمترین نیشانەیان هەیە لەسەر داوای خۆیان لەژێر رێنماییە تەندروستییەکاندا لەماڵەکانیدا خۆیان کەرەنتینە کردووە".

س.س
Qaiwan
Qaiwan