تەندروستی

نیشانەکانی کەمی ڤیتامین B6 لە لەشدا

مەودا میدیا - سلێمانی |


نیشانەکانی کەمی ڤیتامین B6 لە لەشدا
مەودا میدیا- د.ھەڤین کەمال شاە محەمەد

 د.ھەڤین کەمال شاە محەمەد، پسپۆری بێھۆشکاری و ئازار شکاندن لە نووسیکیدا کە بۆ مەودا میدیای ناردووە باس لە گرنگی و کەمی ڤیتامین B6 دەکات لە لەشدا،  ڤیتامین B6 زۆر پێویستە بە رێژەی پێویست لە لەشدا ھەبێت، لەبەر ئەوەی زۆر ئەرکی سەرەکی ھەیە لە لەشدا، بۆ نمونە کاریگەری ھەیە لەسەر باری دەروونی ئەو کەسەی ڤیتامینەکە لە لەشیدا کەمە، هەروەها لەسەر بیرکردنەوەت  و لەسەر نووستن، لەسەر بەرگری لەش لەدژی ھەوکردن، ئەم ڤیتامینە پێویستە بۆ گۆرینی خۆراک بۆ ووزە هەروەها بۆ گواستنەوەی خۆراک و ئۆکسجین بۆ ھەموو بەشەکانی لەش.

رۆژانە پێویستە لە منداڵی ساوادا بڕی 0.3mg بدرێت، لەگەڵ گەورە بووندا ئەم بڕە زیاد بکرێت، لە مرۆڤێکی کامڵدا ئەگەر ئافرەت بێت بڕی 1.5mg لە رۆژێکدا ، بۆ پیاویش بڕی 1.7mg لە رۆژێکدا ، بۆ ئافرەتی دووگیان بڕێکی زیاتر پێویستە 1.9mg لە رۆژێکدا.

گرنگترین نیشانەی کەمی ئەم ڤیتامینە:
1- کەمی ئەم ڤیتامینە ئەبێتە ھۆی کەم خوێنی، کە بەبەردەوامی ھەست بە بێتاقەتی و ھیلاکی دەکەیت، جگە لەوە کەمی ئاسن و ڤیتامین B12و فولک ئەسید یش ھۆکارێکی کەی کەم خوێنین.
2- سووربونەوە و خوران لەسەر پێست زیاتر لە سەر پێستی دەموچاو کە پێی دەوترێت (sborrhic dermatitis).
3- شەق شەق بوونی لێو و لێوارەکانی لەگەڵ ئاوسانی زماندا.
4- دابەزینی بەرگری لەش، واتە زوو زوو تووشبوون بە پەتاکان و ھەوکردن.
5- ھەست کردن بە سڕی و دەرزی ئاژەنین لە ھەردوو دەست و قاچ دا.
6- منداڵی ساوای گرینۆک بێ ھۆکار لەوانەیە نیشانە بێت بۆ کەمی ڤیتامین B6 ئەمەش کاتێک روودەدات کە مناڵ بەس شیری مەمکی دایکی بخوات لەدوای شەش مانگیش، ھەروەھا زۆر کەمی ئەم ڤیتامینەش ئەبێتە ھۆی روودانی گەشکە لە مناڵی ساوادا.
7-  ژنی دووگیان بەتایبەتی لە 3 مانگی یەکەمدا ، ئەگەر ھەستی بە دڵ تێکەڵھاتن و رشانەوە کرد لە بەیانیاندا پێویستە B6 بەشێوەی سپڵیمینت وەرگرێت.
8- ڤیتامین B6 ئیشی مێشک رێک دەخات لەبەرئەوە بیرچوونەوە، کەمی تەرکیز، ھەستکردن بە دڵتەنگی بە تایبەتی لە پیرەکاندا لەوانەیە نیشانەی کەمی ئەم ڤیتامینەبن.
9- کەمی ئەم ڤیتامینە لەوانەیە رێخۆشکەر بێت بۆ تووشبوون بە شێر پەنجە، توێژینەوەکان سەلماندویانە کەئەوانەی شێرپەنجەی گەدە و سورێنچکیان ھەیە زۆربەیان ڤیتامین B6 یان کەم بووە، بەڵام ھۆکارەکەی نەزانراوە.

سەرچاوەکانی : ڤیتامین B6 لەم خۆراکانەدا ھەیە:
پەلەوەرەکان، گۆشتی سوور، ماسی بەتایبەتی جۆری (سلمون، تونا) پەتاتە، گەنمە شامی، نۆک، پاقلەمەنیەکان.

ھۆکاری کەمی ڤیتامین B6 :
1- کەم خواردن بەتایبەتی لە پیرەکاندا کە ناتوانن ھەموو جۆرە خۆراکێک بخۆن.
2- ھەندێ نەخۆشی گورچیلە.
3- ھەندێ نەخۆشی ریخۆڵەکان کە تیایدا ئەم ڤیتامینە بە بڕی پێویست ھەڵنامژرێت.
4- بەکارھێنانی ماددە کحولیەکان بە ڕێژەیەکی زۆر.

شێوازی چارەسەرکردن :
ئەویش بە وەرگرتنی ئەم ڤیتامینە بە شێوەی سپلیمێنت کە لە زۆربەی ملتی ڤیتامینەکاندا ھەیە، یان ھەر بە تەنیا، بەڵام ئەبێت لە ژێر چاودێری پزیشکدابێت، چونکە زۆر بەکارھێنانی ئەبێتە ھۆی تێکشکاندنی دەمارەکان یا خود دڵ تێکەڵ ھاتن و کزانەوەی گەدە، لە رۆژێکدا نابێت زیاتر لە 100mg وەربگیرێت.

*د.ھەڤین کەمال شاە محەمەد، پسپۆری بێھۆشکاری و ئازار شکاندن هەفتانە گۆشەیەکی تایبەت بۆ مەودا میدیا دەنوسێت


Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا


News

خانزاد خاتوون؛ تەوارێکی حوکمڕان

لەلایەن زوڵفان غەریب



News

غاز وەکو مۆرانەی عیراق

لەلایەن سۆزان حەمەتاتە


News

جەلەوە و مسک الخیتام

لەلایەن عیماد ئەحمەد