کوردستانی

سلێمانی.. کار بۆ نەهێشتنی دیاردەی سواڵکردن دەکرێت

مەودا میدیا - سلێمانی |


سلێمانی.. کار بۆ نەهێشتنی دیاردەی سواڵکردن دەکرێت
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

دیاردەی سواڵکردن لە شەقامەکانی شاری سلێمانی بووەتە هۆکارێک بۆ ئەنجامدانی کاری بەدڕەوشتی و ئەمەش زیاتر هاوڵاتییانی بێزار کردووە، بۆ ئەم مەبەستەش لەلایەن ژمارەیەک چالاکوانی مەدەنییەوە کەمپینێک راگەیەندراوە بەناوی "ئەم شارە مەشێوێنە".

دلێر کەمال، چالاکوانی مەدەنی و بەشداربووی کەمپینی ئەم شارە مەشێوێنە بە مەودا میدیای راگەیاند "کەمپینەکەمان بەناوی کەمپینی ئەم شارە مەشێوێنە لەلایەن ژمارەیەک چالاکوانی مەدەنییەوە راگەیەندراوە، بە ئامانجی رێگریکردن لە دیاردەی ناشرینی ئەو قەرەجانەی بەناوی سواڵکردن و کاسبیکردنەوە لە شەقامەکانی شاری سلێمانی بە تایبەت دووڕیانی سەرچنار هاوڵاتییانیان بێزارکردووە".

ئاماژەی بەوەشکرد "ئەو کەسانە کاری بەدڕەوشتی دژ بە دیاردە کۆمەڵاتییەکان ئەنجام دەدەن و گێچەڵ بە خەڵک دەکەن و سواری ئۆتۆمبێلەکان دەبن و داوای پارە دەکەن".

دلێر کەمال وتی "ئەم شارە سیمایەکی جوانی هەیە ئەم جۆرە دیاردانە دەبنە هۆی ناشرینکردنی ئەو سیما جوانەی کە پایتەختی رۆشنبیری هەیەتی، لەبەر ئەوەش ئێمە لە 16ی تەموزی 2020وە ئەم کەمپینەمان راگەیاندووە کە بە هەزاران هاوڵاتی پشتیوانمانن و بەردەوام دەبین تاوەکو ئەم دیاردەیە کۆتایی دێت".

وتیشی "ئێمە وەک چالاکوان داوامان گەیاندووەتە لایەنە پەیوەندیدارەکان لە ئاستی پارێزگار و قایمقامیەت و پۆلیس و ئاسایشی سلێمانی بە سوپاسەوە هاوكارمانن لە نەهێشتنی ئەو دیاردەیە، هەروەها لە هەوڵداین لەرێگەی هێزەکانی پۆلیسەوە بۆ دەستگیرکردنی ئەو کەسانە".

ناوبراو ئەوەشی خستەڕوو "ئێمە ئەگەر بزانین ئەو کەسانە کەم دەرامەتن دەتوانین هاوکاریان بین لەرێگەی کەمپینە خێرخوازییەکانەوە هاوکارییان دەکەین".

جێگای ئاماژەیە، مەودا میدیا چەند جارێک پەیوەندیی بە بەڕێوەبەرایەتیی پارێزگای سلێمانییەوە کرد، بەڵام پەیوەندییەکەی بەردەست نەبوو.

س.س
Qaiwan
Qaiwan