عیراقی

سەرۆك كۆمار و سەرۆكوەزیرانی عیراق كۆبوونەوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


سەرۆك كۆمار و سەرۆكوەزیرانی عیراق كۆبوونەوە
مەودا میدیا- سەركۆ جەمال

هەریەك لە سەرۆك كۆماری عیراق و سەرۆك وەزیرانی عیراق كۆبوونەتەوە و چەند پرسێكیان تاوتوێ كردووە، لەوانەش پەیوەندییەكانی هەرێم وبەغدا و پرسی تەندروستیی و ئەمنیی عیراق.

بەپێی راگەیەندراوێكی سەرۆكایەتی كۆماری عیراق، د. بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عیراق ، ئەمڕۆ پێنجشەممە 2020/8/6 لە بەغدا پێشوازیكرد لە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق، لە دیدارەكەدا گفتوگۆكرا دەربارەی كۆی بارودۆخی سیاسی و ئەمنی و تەندروستی و ئابووری وڵات و جەختكرایەوە لەپێویستی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پاك و بێگەرد وەك پابەندبوونێك بەكارنامەی حكومەت.

هەر بەپێی ئەو بەیاننامەیە "  دیدارەكەدا سەرۆك كۆمار و سەرۆك وەزیران، دووپاتیانكردەوە لە پێویستی راوەدونانی پاشماوەكانی تیرۆر و بەردەوامیدان بە سەركەوتنەكانی هێزە ئەمنییەكان و پارێزگاریكردن لە دەستكەوتەكان و چەسپاندنی ئاسایش و ئارامی لە تەواوی شارەكانی عیراقدا، هاوكات گفتوگۆكرا لەبارەی چۆنیەتی بەرەنگاربوونەوەی پەتای كۆرۆنا و پشتیوانیكردنی لەلایەنە تەندروستییەكان و زامنكردنی سەلامەتی و تەندروستی هاووڵاتیان، هەروەها خستنەرووی چارەسەر و رێوشوێنی پێویست بۆ دەربازبوون لە قەیرانی ئابووری و كەمكردنەوەی خەرجی حكومەت و زیادكردنی سەرچاوەی داهاتی دەوڵەت و چەسپاندنی بنەمای چاكسازی لە وڵاتدا". 

لە كۆتایی بەیاننامەكەی سەرۆكایەتی كۆماردا هاتووە "لە تەوەرێكی دیكەی دیدارەكەدا جەختكرایەوە لەگرنگی بەهێزكردنی پەیوەندییەكانی نێوان حكومەتی فیدراڵ و حكومەتی هەرێمی كوردستان و پێویستی چارەسەركردنی كێشە داراییەكان، بەجۆرێك مافە دەستورییەكانی سەرجەم هاووڵاتیان و مووچەخۆرانی عیراق و هەرێمی كوردستان بپارێزێت".

Qaiwan
Qaiwan