راپۆرت

بە تۆمەتی پشتیوانی تیرۆر- پەرلەمانتارانی ئەوروپا داوای لێپرسینەوە لە قەتەر و توركیا دەكەن

مەودا میدیا - سلێمانی |


بە تۆمەتی پشتیوانی تیرۆر- پەرلەمانتارانی ئەوروپا داوای لێپرسینەوە لە قەتەر و توركیا دەكەن
مەودا میدیا- سەركۆ جەمال

چەند پەرلەمانتارێكی ئەوروپی داوا دەكەن لێپرسینەوە لە قەتەر و توركیا بكرێت بە تۆمەتی هاوكاری تیرۆر، بەتایبەت دوای ئەوەی ئاشكرابوو كە قەتەر هاوكاری داراییی حزبوڵا دەكات.

قەتەر پشتیوانی حزبوڵا دەكات
پەرلەمانتارانی چەندین وڵاتی ئەوروپی لە بەیاننامەیەكدا" داوا دەكەن لێكۆڵینەوە و لێپرسینەوە لە هاوكاری چەندین جارەی قەتەر بكرێت بۆ تیرۆر، ئەویش پاش بڵاوكردنەوەی هەواڵێك لەسەر ناردنی چەك لەلایەن ئەو وڵاتەوە بۆ حزبوڵا ".
بەپێی هەواڵێكی فۆكس نیوزی ئەمەریكی، كە هەر ئەو پێگەیە هەواڵەكەی ئاشكراكرد، "بریكارێكی ئاسایش كە ناوی "جەیسۆن جیی " یە ئاگادار بووە لە كاری كڕینی چەك لە قەتەر و ناردنی بۆ میلیشیا توندڕەوەكان هەر خۆی زانیارییەكانی ئاشكرا كردووە  ".
ئەو بریكارە ئاسایشییە، ئەوەشی خستووەتەڕوو" خێزانی شاهانەی قەتەر رۆڵیان هەیە لە ناردنی چەك بۆ میلیشیاكان و رێگەیان بەو كارە داوە، لە ساڵی 2017 ەوە هێلێكی پەیوەندی لەنێوان خێزانی دەسەڵاتداری قەتەر و گروپە تیرۆریستیەكان دروستبووە ".

پارەیەكی زۆریان داوەتە بریكارەكە تا خێزانی شاهانە ئاشكرا نەكات
بەپێی ئەو بەڵگەنامانەی ئاشكرابوون ، "عەبدولڕەحمان بن محەمد ئەلخلێفی" باڵیۆزی قەتەر لە بەلجیكا و پەیمانی باكووری ئەتڵەسی، هەوڵیداوە 750 ملیۆن یۆرۆ بداتە "جەیسۆن جی" تا رۆڵی خێزانی شاهانەی قەتەر لە پێدانی چەك بە گروپە تیرۆریستییەكان ون بكات و هیچ بەڵگەیەك ئاشكرا نەكات بەتایبەتیش پەیوەندی ئەو خێزانە بە حزبوڵاوە ".
بەڵام جەیسۆن بەپێی بەڵگەنامەكان كە ناوێكی دیكەی خوازراوی بەكارهێناوە، رەتیكردووەتەوە ئەو پارەیە وەربگرێت، پێی وتوون ئامانجی من ئەوەیە قەتەر چیتر هاوكاری توندڕەوەكان نەكات ".

پێویستە ئەوروپا یەك هەڵوێستی هەبێت بەرامبەر قەتەر و توركیا
ناتالی گۆلی كە پەرلەمانتارێكی فەڕەنسییە، بە فۆكس نیوزی وتووە" پێویستە هەڵمەتێك دژ بە قەتەر ئەنجام بدرێت تا پشتیوانی تیرۆر رابگرێت، بۆ ئەو مەبەستەش پەیامیان گەیاندووەتە هاوپەیمانی باكوری ئەتڵەسی و یەكێتی ئەوروپا، هەروەها پێویستە هەژمارە بانكییەكانی قەتەر بلۆك بكرێن ".
ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت" پێویستە یەكێتی ئەوروپا یەك سیاسەتی هەبێت بەرامبەر تیرۆر و رێگری لە پشتیوانی تیرۆر، بەتایبەت بەرامبەر توركیا و قەتەر ".

لەلایەكی دیكەوە، ئییان بیسلی، پەرلەمانتاری بەریتانیا رایگەیاند " وڵاتەكەی و برۆكسل، دەبێت یەك هەڵوێستیان هەبێت بەرامبەر قەتەر تا چیتر پشتیوانی تیرۆر نەكات ".
پێشتریش دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا لە ساڵی 2017 رایگەیاندبوو" قەتەر لەسەر ئاستی باڵا پشتیوانی تیرۆر دەكات، بەڵام دواتر شێوازی قسەكردنی بەرامبەر ئەو وڵاتە گۆڕدرا".
 

Qaiwan
Qaiwan