کوردستانی

هونەرمەندێكی كورد لەهەولێر كۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا

مەودا میدیا - سلێمانی |


هونەرمەندێكی كورد لەهەولێر كۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا
مەودا میدیا- سەركۆ جەمال

رێكخراوێكی مافی مرۆڤ ئاشكرایكرد، یەكێك لە هونەرمەندانی راپەری خەڵكی كرماشان كە لە رۆژهەڵاتی كوردستان ناوبانگی پەیداكردبوو، دوێنێ لە هەولێر كۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

رێكخراوی هەنگاو بۆ مافەكانی مرۆڤ رایگەیاند "بەیانی دوێنێ پێنجشەممە 12ی ئابی 2020  سامان جەرجیس ، شاعیر و گۆرانبێژی خەڵكی كرماشان لە شاری هەولێر  كۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

رێكخراوەكە ئەوەشی خستووەتەڕوو "سامان جەرجیس نزیكەی 18 مانگ پێش ئێستا بەهۆی فشاری هێزە ئەمنییەكان ناچاربووە ئێران بەجێبهێڵیت و لە هەرێمی كوردستان نیشتەجێ بێت، رۆژی چوارشەممە لە هاوژینەكەی جیابووەتەوە و دوێنێ لە رێگای بەكارهێنانی چەك كۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە". 

وەك ئەو رێكخراوە باسی لێوەكردووە، ئەو هونەرمەندە "سامان بێهفەر ناسراو بە "سامان جەرجیس، لە ساڵی 2019 بۆ ماوەی دو مانگ لە ئێران بە تۆمەتی وتنی دوو گۆرانی دژی ئێران دەستبەسەركراوە، دوای ئازادكردنی هاتووەتە هەرێمی كوردستان".

وەك رێكخراوەكە دەڵێت "(سنە دژ) ناوی یەكێك لە گۆرانیەكانی بووە  دوای گیان لەدەستدانی دەیان هاوڵاتی خەڵكی سنە بەهۆی رووداوێكی هاتوچۆی نێوان پاسێك و نەوت هەڵگرێك وتویەتی، هەروەها گۆرانی (شەرمەندە) بۆ قوربانیانی بومەلەرزەی كرماشان وتوونی و بەو هۆیەشەوە دەستبەسەركراوە".

سامان جەرجیس سەرەڕای چالاكی لە بواری میوزیكی راپ، هۆنراوەشی بە شێوەزاری كوردی كەلهوڕی بۆ هونەرمەندە گۆرانیبێژەكانی كرماشانی ئامادە كردووە.

Qaiwan
Qaiwan