راپۆرت

بە ئۆنلاینکردنی پرۆسەی خوێندن لە هەرێمی کوردستان کارەسات دەخوڵقێنێت

مەودا میدیا - سلێمانی |


بە ئۆنلاینکردنی پرۆسەی خوێندن لە هەرێمی کوردستان کارەسات دەخوڵقێنێت
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی دوێنیدا سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی پرۆسەی خوێندن لە هەرێمی کوردستان ژمارەیەک بڕیاری نوێی دەرکرد یەکێک لەو بڕیارانەش خوێندن بە هەڵبژاردن دەبێت لەنێوان ئۆنلاین و ئامادەبوون لە پۆلدا، ئەم بڕیارەش نە لای مامۆستایان و نە لای کەسوکاری خوێندکاران جێگەی رەزامەندی نییە، جێگری سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستانیش دەڵێت "ئێمە وەک یەکێتی مامۆستایانی کوردستان بەو بڕیارەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان تووشی شۆک بووین".

"خوێندنی ئۆنلاین لە کوردستاندا سەرکەتوو نابێت"
عەتا ئەحمەد، جێگری سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان سەبارەت بە بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی دەستپێکردنەوەی پرۆسەی خوێندن لە قوتابخانەکاندا بە مەودا میدیای راگەیاند "ئێمە وەک یەکێتی مامۆستایانی کوردستان بەو بڕیارەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان تووشی شۆک بووین، چونکە هەست دەکەین بڕیارەکە هەڵسەنگێندراو نییە و گوێ لە راوبۆچوونی مامۆستایان و سەرپەرشتیاران و بەڕێوەبەری پەروەردەکان نەگیراوە".

"خوێندنی ئۆنلاین لە کوردستاندا سەرکەتوو نابێت، چونکە خوێندنی ئۆنلاین بۆ زانکۆ سەرکەوتوو نەبێت ئەوا بۆ خوێندکارێکی بنەڕەتی سەرکەوتوو نابێت، چونکە کەموکورتی تێدایە، بۆیە بە ئەگەری زۆرەوە خوێندنی ئۆنلاین سەرکەوتوو نابێت"، عەتا ئەحمەد وتی.

ئاماژەی بەوەشکرد "ئەو بڕیارە خۆدزینەوەیە لە پێنەدانی مووچەی مامۆستایان لەم کاتەدا، بۆیە ئێمە وەک یەکێتی مامۆستایان لەگەڵ ئەوەداین پێداچوونەوە بەم بڕیارەدا بکرێت و باشترین بژاردە ئەوەیە خوێندکاران بکرێن بە دوو گرووپ و هەفتانە سێ رۆژ سێ رۆژ دەوام بکەن".

"منداڵەکانم بەباشی وانەکان فێرنابن"
"من خۆم خاوەنی دوو خوێندکارم بڕیاری کردنی خوێندن بە ئۆنلاین زیان بە داهاتووی منداڵەکانم دەگەیەنێت، چونکە ناتوانن وەک پێویست وانەکان بخوێنن و فێرببن"، رووبار محەمەد، دایکی دوو خوێندکار بۆ مەودا میدیا وای وت.

باسی لەوەشکرد "دابینکردنی ئینتەرنێتی بەردەوام و لاپتۆپ لەم دۆخە خراپەی دارایدا ئەرکێکی قورسە بۆسەر کەسوکاری خوێندکاران، بۆیە پێویستە حکومەتی هەرێم پێداچوونەوە بە بڕیارەکەیدا بکات".

"دەبێت وەزارەتی پەروەردە و حکومەت رێگە چارەیەکی دیکە بدۆزنەوە"
خالید حەمە ئەمین، بەڕێوەبەری ئامادەیی داریکەلی لە ناحیەی بازیان بۆ مەودا میدیا باسی لەوەکرد "ئەو دۆخەی ئێستا هەرێمی کوردستانی تێکەوتووە کاریگەری خراپی هەیە لەسەر رەوشی خوێندن و پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن، هەروەها خوێندکارانی هەرێمی کوردستان ئینتەرنێت و مۆبایل و لاپتۆپ نییە و ناتوانن بەکاربهێنن".

ئەوەشی خستەڕوو "ئێمە ئەزموونمان هەیە لە وەرزی دووەمی خوێندنی ئەمساڵدا خوێندن کرا بە ئۆنلاین ئێمە وەک ئامادەییەکەمان لە 20% خوێندکاران پەیوەندییان پێوە نەدەکرد و کاریان لەسەر نەدەکرد، بۆیە دەبێت وەزارەتی پەروەردە و حکومەت رێگە چارەیەکی دیکە بدۆزنەوە کە خوێندکاران سوودی لێوەربگرن".

"خوێندنی ئۆنلاین کاریگەری خراپی دەبێت لەسەر دەروونی خوێندکاران"

ئارام جەمال، توێژەری دەروونی لەسەر هەمان پرس بە مەودا میدیای راگەیاند "لەبەر ئەوەی ئێمە شارەزایەکی تەواومان نییە لەبواری خوێندنی ئۆنلایندا بۆ خوێندکار کارێکی قورس دەبێت و کاریگەری کەمتر دەبێت، چونکە خوێندکار بەرکەوتەی نابێت لەگەڵ مامۆستادا ئەمەش وادەکات".

"خوێندنی ئۆنلاین کاریگەری خراپی دەبێت لەسەر دەروونی خوێندکاران بە تایبەت خوێندکارانی پۆلی 12ی ئامادەیی ترسیان زیاتر دەبێت لە پرۆسەی خوێندن، بەڵام ئەم بڕیارە تەنها لە بەرژەوەندی حکومەتە و هیچ لە بەرژەوەندی خوێندکار و مامۆستا نییە" ئارام جەمال وادەڵێت.

جێگای ئاماژەیە، بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سەرەتای ئەمساڵەوە لە هەرێمی کوردستان پرۆسەی پەروەردە و خوێندن کەوتە کێشەوە، ئەمەش وایکرد وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیار بدات بە خوێندن بە شێوەی ئۆنلاین و هەژمارکردنی نمرەی وەرزەی یەکەمی خوێندکاران بۆ وەرزی دووەم.

س.س
Qaiwan
Qaiwan