تەندروستی

هەشت رێنمایی بۆ دابەزاندنی رێژەی شەكر لە خوێندا بەبێ بەكارهێنانی دەرمان

مەودا میدیا - سلێمانی |


هەشت رێنمایی بۆ دابەزاندنی رێژەی شەكر لە خوێندا بەبێ بەكارهێنانی دەرمان
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

بەرزبوونەوەی رێژەی شەكر لە خوێندا ئاماژەیە بۆ نەخۆشیی شەكرە، لەكاتێكدا زۆرینەی خەڵك دەرمان و خواردنی حەپ بەكاردەهێنن بۆ رێكخستنی رێژەی شەكر لە خوێن، بەڵام دەگونجێ بە رێگەی سروشتی ئەو ئەنجامە بەدەستبهێنیت.

كاترین مێنری نووسەر لە راپۆرتێكیدا كە پێگەی "گیزۆندهایت"ی ئەڵمانی بڵاویكردووەتەوە دەڵێت "بەرزبوونەوەی رێژەی شەكر لە خوێندا ئاماژەیە بۆ بەرزبوونەوەی ئاستی گلۆكۆز لە خوێندا كە ئەوەش سەرچاوەیەكی گرنگە بۆ وزە، هەروەها هۆرمۆنی ئەنسۆلین و گلۆكاگۆن كاردەكەن بۆ رێكخستنی ئاستی شەكر لە خوێندا".

ئەو ژنە نووسەرە دەڵێت "تووشبووانی نەخۆشیی شەكرە لە جۆری یەكەم دەناڵێنن بەدەست كەمی هۆرمۆنی ئەنسۆلین، بەڵام تووشبووانی جۆری دووەم رێژەی پێویستی لە ئەنسۆلین بەرهەمدەهێنن، بەڵام توانای گواستنەوەی گلۆكۆزیان بۆ خانەكان نییە. لەهەردوو حاڵەتەكەدا رێژەی شەكر لە خوێندا بەرزدەبێتەوە كە ئەوەش زیانی جەستەیی لەسەر خوێن و چاو و گورچیلە هەیە".

جۆری یەكەمی نەخۆشیی شەكرە پێویستە ئەنسۆلین بەدەستبهێنێت، هەروەها هیچ رێگەیەكی دیكە نییە بتوانێت شەكری خوێنەكەی بۆ رێكبخات جگە لە ئەنسۆلین. بەڵام نەخۆشیی شەكرە لە جۆری دووەم رێگەی زیاتری هەیە بۆ كەمكردنەوەی رێژەی شەكر لە خوێندا كە لە دەرمان باشترن، لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە راوێژ بە پزیشك بكرێت پێش هەموو شتێك.

دەتوانرێت بەم چەند رێگەیە رێژەی شەكری خوێن لای نەخۆشانی شەكرە كەم بكرێتەوە:

یەكەم: دووركەوتنەوە لە گرژبوون

ئەگەر تووشی شڵەژان و گرژبوون بوویت، ئەوا هۆرمۆنی كۆرتیزۆڵ لەگەڵ هۆرمۆنەكانی دیكەی وەكو گلۆكاگۆن كاردەكەن بۆ بەرزبوونەوەی رێژەی شەكری خوێن. لەم حاڵەتەدا پێویستە پارێزگاریی لە هێمنی و پشوووەرگرتن بكەیت، هەروەها دەبێت راهێنانی رۆژانە بكەیت وەكو یۆگا. هەروەها خەو زۆر گرنگە و رۆڵی دیاری هەیە، توێژینەوەكان دەریدەخەن كەم خەوی رۆڵی هەیە لە زیادكردنی هۆرمۆنی گرژبوون.

دووەم: خورادنی ئەو خواردەمەنیانەی خاوەن سیفەتی غلایسیمین
ئەو خواردنانەی دەوڵەمەندن بە كاربۆهایدرات دەبنە هۆی بەرزكردنەوەی شەكر لە خوێندا بەخێرایی. لە دیارترین ئەو خواردنانەش دەوڵەمەندن بە غلایسیمی بریتین لە پاقلەمەنی و سەوزەوات. هەروەها دەبێت دووربكەویتەوە لە خواردنی نانی گەنم و میوەی وشك و ئەو خواردنانەی دیكەش كە بە شەكر دەوڵەمەندن.

سێیەم: دابەزاندنی كێش
ئەو كەسانەی تووشی جۆری دووەمی نەخۆشیی شەكرەبوون و دەناڵێنن بەدەست زیادەی كێشی جەستەوە، بەدڵنیاییەوە دەبێت كار بۆ كەمكردنەوەی كێشیان بكەن. لە راستیدا لەگەڵ زیادبوونی كێش، زیاتر پێویستت بە هۆرمۆنی ئەنسۆلین دەبێت. بۆ نەخۆشانی شەكرە كە دەناڵێنن بەدەستی كێش زۆرییەوە، ئەگەر لەماوەی 6 مانگدا بتوانن 5%ی كێشیان دابەزێنن ئەوە سەركەوتنێكی سەرەتایی گەورەیان بەدەستهێناوە.

چوارەم: دووربكەوەرەوە لە بەكارهێنانی رێژەی زۆری چەوری
ئەو نووسەر ژنە جەخت لەسەر پێویستی بەكارهێنانی چەوری لە سیستمی خورادنی رۆژانەدا دەكاتەوە، بەڵام بە رێژەیەكی زۆرنا. بۆیە پێویستە دووربكەونەوە لەو خواردنانەی كە چەوریی زۆریان تیادایە وەكو كەرە، پەنیر و بەز و گۆشتی حەیوان، لە بەرانبەردا ماسی بخۆن باشترە.

پێنجەم: هەندێك لە خواردنەوەكان مەخۆرەوە
چەند جۆرێكی خواردنەوە هەن كە رێژەیەكی زۆری شەكریان تیادایە وەكو شەربەتی میوە و لیمۆی خۆماڵی، ئەوانەش وادەكەن كە رێژەی شەكری خوێن بەرزببێتەوە. لە بەرانبەر ئەوەدا دەتوانیت چای سەوز بخۆیتەوە كە بۆ نەخۆشانی شەكرە زۆرباشە.

شەشەم: راهێنانی رێكخراو
لەكاتی وەرزشكردندا، ماسۆلكەكان پێویستیان بە كاركردنی زیاتر و بەكارهێنانی زیاتری وزە هەیە، بەهۆی ئەو زیادە بەكارهێنانەی وزەشەوە رێژەیەكی زۆری گلۆكۆز دەسوتێت و هەروەها رێژەی شەكری خوێن نزمدەبێتەوە. لەگەڵ ئەوەی وەرزشكردن رێگەخۆشكەرە بۆ كەمكردنەوەی كێش. ئەگەر پێشتر كەم وەرزشت كردووە یان هەر نەتكردووە، ئەوە پێویست بەوە ناكات یەكسەر زۆر وەرزش بكەیت، بەڵكو بۆ نموونە سەرەتا بە رۆیشتن بەپێی بۆ ماوەیەكی كەم یان بەكارهێنانی پلیكانە لەبری بەزكەرەوە "ئەسانسۆر"، پاشان بەشێوەیەكی رێكخراو و بە راوێژكردن لەگەڵ پزیشك چالاكییە وەرزشییەكانت زیاتر بكە.

حەوتەم: خواردنی دارچینی
دارچینی لەو خواردنە زۆر كاریگەرانەیە كە رێژەی شەكر لە خوێندا كەم دەكاتەوە، بۆیە بەكارهێنانی بەشێوەیەكی رێكخراو رۆڵی باشی دەبێت لە كەمكردنەوەی رێژەی شەكر، بەڵام دەبێت راوێژ بە پزیشك بكەیت و هیچ كەمكردنەوە یان چارەسەری شەكرە لەخۆتەوە نەوەستێنیت.  بۆیە دەتوانیت دارچینی لەگەڵ چا یان قاوە بەكاربهێنیت.

هەشتەم: خورادنی ئەو میوانەی شەكریان كەم تیادایە
كۆمەڵەی ئەڵمانی بۆ نەخۆشیی شەكرە هەڵساوە بە پۆلینكردنی ئەو میوانانەی شەكریان بە رێژەیەكی كەم تیادایە وەكو سێو و توو، هەروەها ئەو میوانەشی باسكردووە كەوا شەكری زۆریان تیادایە وەكو مۆز و ترێ. 

خ.غ

Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا


News

نەسرین قاسملۆ؛ تەوارێکی کوردپەروەر

لەلایەن زوڵفان غەریب



News

خانزاد خاتوون؛ تەوارێکی حوکمڕان

لەلایەن زوڵفان غەریب