نەرمین عوسمان

نەرمین عوسمان

چەند سەرنجێكی خێرا لەسەر سەردانەكەی كازمی

هاتنی مستەفا كازمی، سەرۆک وەزیرانی عیراق بەم شێوە سادەییەوە بۆ هەرێمی کوردستان و چوونی بۆ ناو خەڵک و سەردانە چڕ و پڕەکەی گرنگە لەبەر ئەم هۆكارانە:

یەكەم: پرۆسەی گفتوگۆی هەرێم و ناوەند پێشتر دەخات.
دووەم: باشتر لە دۆخی خراپی خەڵكی هەرێم تێدەگات بەتایبەت كە بەركەوتنی راستەوخۆی لەگەڵ خەڵك بووە.
سێیەم: پێویستی بە هێزە كوردییەكان دەبێت لەئێستا و داهاتوودا.
چوارەم: پەیامێكی راستەوخۆ بە حكومەتی هەرێم دەگەیەنێت كە دەبێت واز لە زۆر شتی نایاسایی بهێنن و گەندەڵی كەم بكەنەوە.
پێنجەم: بێ جیاوازی سەردانی هەر چوار پارێزگاكەی هەرێمی كوردستانی كرد و نەبووە بەشێك لە ململانێ‌ حزبییەكان.
شەشەم: لە نزیکەوە پیشانی هاوڵاتی کوردستان دەدا کە هێشتا لە خەمی پاشماوەکانی کێشەکانی ئەنفال و کیمیابارانی هەڵەبجە دایە، کە جاران خۆی بەشێک بووە لە ناساندنی ئەو کەیسانە بە جیهانی دەرەوە و کاری لەسەر کردوون.
حەوتەم: نامەیەکە کراوەیە بۆ وڵاتانی ئیقلیمی و پێیان دەڵێ هەرێمی کوردستان پارچەیەکی گرنکی عیراقە، هەر کێشەیەکیش هەبێ تەنیا ناوخۆییە.
هەشتەم: سەردانی بۆ خاڵە سنوورییەکان بە حکومەتی هەرێم دەڵێ داهاتی ئەو مەرزانە بۆ ناوەند و پەیامیشە بۆ لایەنە شیعەکان و پێیان بڵی داهاتی ئەم خاڵە سنوورییانە داهاتی دەوڵەتە.

هەروەها كاتی سەردانەكە كازمی هەستیارە لەبەر ئەم هۆكارانە:
یەكەم: خواستی مستەفا كازمی ئەوەیە هەڵبژاردنی پێشوەختە لەو كاتەدا بكرێت كە خۆی دیاری كردووە و بۆ ئەمەش پشتیوانیی كورد گرنگە بۆی و رەنگە لیستەکەی ئەگەر هەیبێت هەموو پێکهاتەکانی تیادابێ بەبێ جیاوازی و ئەگەری ئەوەش هەیە هەندێ لایەن وەک کیان بەشداربن لە گەڵی.
دووەم: لە ئەمەریكا گەڕاوەتەوە و پشتیوانیی تەواوی بەدەستهێناوە و لە پێگەی هێزەوە قسە دەكات.
سێیەم: بەشێك لە هێزە شیعییەكان بەتایبەتی هادی عامری و مالیكی دژی كازمین لەم كاتەدا ئەمەش وادەكات پشتیوانیی كوردی لا گرنگ بێت.
چوارەم: رێكنەكەوتنی لەگەڵ هەرێم چیتر باش نییە و كات لە بەرژەوەندیی هەردوولا نییە.

دەرەنجام:
یەكەم: هەردوولا پەیامی راستەوخۆیان داوەتە یەكتر، ئەمەریكاش رێككەوتنی دەوێت، ئەم سەردانە زیاتر بەرانبەر یەك بەرچاوڕوونی كردن.
دووەم: كازمی ئەگەر تەنیا داوای جوتیارانی گوێ لێ بووبێت لەوە تێگەیشت خەڵكی كوردستان گوزەرانیان زۆر خراپە، پێشتر و ئێستاش هەندێك هاوسۆزیی لەگەڵ كورد هەبووە و ئەمە كاریگەریی ئەرێنی دەبێت.
سێیەم: سەردانەكە هەموو كێشەكان یەكلایی ناكاتەوە، بەڵام رەنگە كێشەی مووچە ئەگەر بۆ كاتیش بێت چارەسەر بكات و ئەم رێکكەوتنە زیاتر لە بەرژەوەندیی مووچەخۆرانی هەرێم و جوتیارانە.
چوارەم: ئەزموونی پێشوو ئەوەی روونكردووەتەوە عیراق بێ كوردستانێکی بەهێز لاوازە، كازمی عیراقێكی بەهێزی دەوێت و ئەوەش بە رێككەوتن مەحكومی دەكات، ئەگەر کازمی لەم هەنگاوانەی دوایی سەرکەوتن بەدەستبهێنێت، ئەوا ئەگەری زۆرە بۆ جارێکیتر و بەهێزتریش ببێتەوە سەرۆک وەزیرانی عیراق، بۆ کوردیش لە زۆر لاوە گرنگە و لە بەرژەوەندیەتی لەگەڵ حکومەتی ناوەند رێکبکەوێ نەوەک سازش بۆ تورکیا یان ئێران بكات.

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan