کوردستانی

پەیامێكی بۆ روسیا.. ئەمەریكا سوپاكەی لە رۆژئاوای كوردستان بەهێز دەكات

مەودا میدیا - سلێمانی |


پەیامێكی بۆ روسیا.. ئەمەریكا سوپاكەی لە رۆژئاوای كوردستان بەهێز دەكات
مەودا میدیا- سەركۆ جەمال

دوای ئەوەی چەند ئاڵۆزییەك لەنێوان هێزەكانی سوپای ئەمەریكا و روسیا لەسەر خاكی سوریا روویدا، سوپای ئەمەریكا رایگەیاند ئۆتۆمبێلی سەربازی نوێ و هێزی زیاتر دەنێرێتە رۆژئاوای كوردستان.

لەوبارەیەوە بیل ئۆربان، وتەبێژ بەناوی فەرماندەیی ناوەندی هێزەكانی ئەمەریكا لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند "سوپای ئەمەریكا راداری "سەنتیناڵ" ی لەباكووری سوریا بڵاوەپێكردووە، هەروەها ژمارەی فڕینی فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمەریكاشی بەسەر ئاسمانی ناوچەكەوە زیادكردووە".

وتیشی "هەروەها ئۆتۆمبێلی سەربازی برادلی شەڕكەری ناردووە بۆ هێزەكانی سوپای ئەمەریكا لەو ناوچەیەی سوپای ئەمەریكا و هێزە كوردیە هاوپەیمانەكان پێكەوە بەڕێوەی دەبەن".

شەش ئۆتۆمبێلی برادلی و 100 سەربازی ئەمەریكی بەوتەی سەرچاوەیەكی بەرپرسی ئەمەریكی نێردراوەتە باكووری رۆژهەڵاتی سوریا "رۆژئاوای كوردستان" ، بەوتەی ئۆربانیش ئامانج لە بەهێزكردنی توانا سەربازیەكانی ئەمەریكا لە سوریا بۆ ئەوەیە زیاتر سەربازەكانیان پارێزراو بن".

وتەبێژەكەی سوپای ئەمەریكا ئەوەشی خستەڕوو "ئەمەریكا نایەوێت لەگەڵ هیچ هێزێكدا لە سوریا شەڕ بكات بەڵام ئەگەر پێویست بكات بەرگری لەخۆی و هێزەكانی هاوپەیمانیشی دەكات".

بەڵام بەوتەی بەرپرسێكی دیكەی ئەمەریكی كە ناوەكەی ئاشكرا نەكردووە "ئەو پلانەی ئەمەریكا ئاماژەیەكی روونە بۆ روسیا تا خۆی بەدوور بگرێت لە سوپای ئەمەریكا و هیچ پێكدادانێك لەنێوانیان روونەدات و خۆیان بەدوور بگرن لەو ناوچانەی باكووری رۆژهەڵاتی سوریا كە ئەمەریكا و هێزە كوردیەكان تێیدا باڵادەستن".

Qaiwan
Qaiwan