ئەدەب و هونەر

خۆشەویست نامیق: حەزم لە وێنەکێشانە و بۆ ماددە کاری هونەری ناکەم

مەودا میدیا - سلێمانی |


خۆشەویست نامیق: حەزم لە وێنەکێشانە و بۆ ماددە کاری هونەری ناکەم
 مەودا میدیا-

خۆشەویست نامیق لە شاری سلێمانی لەدایکبووە، دەرچووی پەیمانگای تەکنیکیی سلێمانییە، هەر لە منداڵییەوە خولیای وێنەکێشان بووە و ویستی بووە لەو بوارەدا پێشبکەوێت و ببێتە هونەرمەندێکی دیار.

هونەرمەند خۆشەویست نامیق لە لێدوانێکیدا بە مەودا میدیای وت "مامۆستای پیشەیی بووم و لە بواری سیرامیکی سارددا کارم کردووە وەکوو دروستکردنی گوڵ و چاوەزار تابلۆ و کارکردن لەسەر شوشە و تەختە و پلێت کە زۆربەی فرۆشراوە و پلەی نایابم بەدەستهێناوە تیایدا".

ئەو زیاتر باس لە ئەزموونی کارکردن و خوێندنی خۆی دەکات و دەڵیت"لە ساڵی ٢٠١٧ پەیمانگای مەشق و راهێنان- بەشی هونەرم تەواوکردووە و بۆ جاری دووەم بڕوانامەی بەکالۆریۆسم بەدەستهێنا".

لەبارەی بەشداریکردنی لە پێشانگا جیهانییەکان و بەدەستهێنانی خەڵات، هونەرمەند خۆشەویست نامیق بە مەودا میدیای وت "لە تەمەنی منداڵیدا بەشداریی چەندین پێشانگام لە دەرەوەی عیراق کردووە و بڕوانامە و مەدالیای بڕۆنزم وەرگرتووە، هەروەها بەشداریی زۆرینەی چالاکی و پێشانگا شێوەکارییەکانی مامۆستایانی هونەر و شێوەکارانم کردووە لە سلێمانی و پلەی نایابم بەدەستهێناوە".

"بوارم بۆ نەڕەخساوە"
هونەرمەند خۆشەویست نامیق ئاماژە بەوە دەکات کەوا بواری بۆ نەڕەخساوە پێشانگای تایبەت بەخۆی بکاتەوە و دەڵێت "بەهیوای ئەوەی بتوانم لە داهاتوودا پێشانگای تایبەتی خۆم بکەمەوە".

"لە کارەکانمدا قەڵەم و بۆیەش بەکاردەهێنم، هەروەها زیاتر رەنگە رەسەنەکان بەکاردەهێنم وەکوو پیرۆزەیی، شین، خۆڵەمێشی، سەوز و رەنگی بەڕە و فەرشە کوردییەکان، چونکە زیاتر وێنەکێشان حەز و خولیای خۆمە و وەکوو پیشە و دەستکەوتی ماددی نەمکردووە، بەڵام چەند تابلۆ و کارێکم فرۆشراون و جێگەی رەزامەندیی زۆرینە بووە، ئەمەیش بووەتە هۆی هاندانم بۆ دانانی پەیجێک بۆ نمایشکردنی کارە هونەرییەکانم"، هونەرمەند خۆشەویست نامیق بەم شێوەیە قسەی بۆ مەودا میدیا کرد. 

"هونەری وێنەکێشان لە ئاستێکی باشدایە"
هونەرمەند خۆشەویست نامیق بۆچوونێکی ئەرێنی سەبارەت بە ئاستی هونەریی شێوەکاری لە هەرێمی کوردستان هەیە و دەڵێت "هونەری وێنەکێشان لە ئاستێکی باشدایە، بەڵام ئەوەی جێگەی نیگەرانییە ئەوەیە شاری سلێمانی و پایتەختی رۆشنبیری چەند هۆڵێکی گەورەی نییە کەوا ساردی و گەرمی تیدابێت و بەردەوام پێشانگای تێدا نمایش بکرێت و سیمای راستی رۆشنبیری تێدا بەدیبکرێت".

 
خ.غ
Qaiwan
Qaiwan