کوردستانی

ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی حكومەت بە كەمتەرخەم دەزانێت لە كەوتنەوەی ئاگر

مەودا میدیا - سلێمانی |


ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی حكومەت بە كەمتەرخەم دەزانێت لە كەوتنەوەی ئاگر
مەودا میدیا- سەركۆ جەمال

ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئەمڕۆ كۆبووەوە و پاش كۆبوونەوەكەش رایگەیاند لیژنەیەكیان بۆ دۆسیەی سوتانی دارستان و سەوزاییەكان پێكهێناوە، سەرۆكی ئەنجومەنەكەش دەڵێت پێویستە حكومەت پێوەری ئاوی ماڵان رابگرێت.

ئازاد محەمەد ئەمین، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "بەشێكی زۆر لە شار و شارۆچكەكانی پارێزگای سلێمانی و پارێزگاكانی دیكە كێشەی پێوەری ئاوی ماڵان هەیە و پێویستە حكومەتی هەرێم ئەو بڕیارە رابگرێت و هاوڵاتیان ناتوانن 100 هەزار بدەن مانگانە".

وتیشی "هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكان ئاگادار دەكەینەوە كە كارەكان لەكاتی خۆیدا بكەن، لە پاش باران كەپنەك سوودی نیە، كەمتەرخەمی سەرەكی حكومەتە لە ئاگركەوتنەوەكان، پێش ئەوەی ژینگەی دارستان و شارەكانمان تێكبچێت پێویستە كارەكان ئەنجام بدەن، هەروەها دابینكردنی ئاو و خزمەتگوزاری بۆ دارستان و باخەكان ئەركی حكومەتە".

سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئەوەشی خستەڕوو "لیژنەیەكمان پێكهێناوە و سەرپشكمان كردوون كە لێكۆڵینەوە بكەن و چاوپۆشی لە هیچ كەسێك نەكەن، بەپێی یاسا و دەسەڵاتەكانی ئەنجومەن كاری خۆی دەكات، هەر ئەمڕۆ لێكۆڵینەوەكان دەستپێدەكەن".


Qaiwan
Qaiwan