کوردستانی

یەبەشە لەبارەی تەقینەوەكەی شنگال لێدوانێكی جیاواز دەدات

مەودا میدیا - سلێمانی |


یەبەشە لەبارەی تەقینەوەكەی شنگال لێدوانێكی جیاواز دەدات
مەودا میدیا- سەركۆ جەمال

لەسەر تەقینەوەكەی شەوی رابردووی شەرەفەدین، ئەمڕۆ ناوەندی راگەیاندنی یەكینەكانی بەرخۆدانی شنگال- یەبەشە، راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە، لە راگەیەندراوەكەدا رووداوەكە بە تەقینەوە ناودەبات.

یەبەشە رایگەیاند "شەوی رابردوو كاتژمێر ٠8:45 خولەك، لە نزیك مەزارگەی شەرەفەدین كە شوێنێكی پیرۆزی ئێزدیانە ئۆتۆمبێلێك تەقییەوە و هێشتا ئاشكرا نەبووە بە چ شێوەیەك و لەلایەن چ كەسانێكەوە تەقێندراوەتەوە".

هەر لە راگەیەندراوەكەی یەبەشدا هاتووە "سەرنجڕاكێش ئەوەیە كە هەندێك میدیا، ئەو رووداوەیان وەك هێرشی ئاسمانی راگەیاندووە، لە كاتێكدا ئەو ئۆتۆمبێلە تەقیوەتەوە، كە نە فڕۆكەی سیخوڕی و نەش فڕۆكەی شەڕ بەسەر ئاسمانی ناوچەكەوە نەبوون، شوێنی تەقینەوەكەش لە ناوچەی ژێر كۆنترۆڵی هێزەكانی پەدەكە بووە".

یەبەشە ئاماژەی بەوەداوە "ئەو پڕوپاگەندانەی لەسەر ئەم رووداوە دەكرێت، بۆ ئاستەنگكردنی گەڕانەوەی هاوڵاتیانە بۆ سەر خاكی خۆیان، بەمشێوەیە دەیانەوێت وا پێشانیبدەن كە دۆخی ئاسایشی شەنگال ئارام نییە، بەڵام راستی ئەوەیە كە دوای شەش ساڵ تێكۆشان، ئەو ئارامییەی لە شنگال دروست بووە، لە ناوچەكانی دیكەی عیراق و باشوری كوردستان نییە، ئەو كەسانەی دەیانەوێت بەم قسە و گەمانە ئارامیی شنگال تێكبدەن ناگەنە ئامانجی خۆیان".

Qaiwan
Qaiwan