کوردستانی

روونکردنەوەیەک لە زانکۆی سلێمانییەوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


روونکردنەوەیەک لە زانکۆی سلێمانییەوە
مەودا میدیا-

زانکۆی سلێمانی لە روونکردنەوەیەکدا رایدەگەیەنێت چەند کەسێک نابەرپرسانە دوور لە پێوەرە یاسایی و ئەکادیمیەکان بۆ بەلاڕێدابردنی ڕای گشتی لەپێناو بەرژەوەندی کەسی و تایبەتی خۆیان، دەستیان کردووە بە ھەڵمەتێکی چەواشکارانە سەبارەت بە فرۆشتنی کەمپی کۆنی زانکۆی سلێمانی، ئاماژە بەوەشکراوە سەرجەم ئەو دەنگۆیانە رەتدەکەنەوە.

لە روونکردنەوەکەدا هاتووە "‎ئاشکرایە لەرۆژانی رابردوو چەند کەسێک نابەرپرسانە دوور لە پێوەرە یاسایی و ئەکادیمیەکان بۆ بەلاڕێدابردنی ڕای گشتی لەپێناو بەرژەوەندی کەسی وتایبەتی خۆیان، دەستیان کردووە بە ھەڵمەتێکی چەواشکارانە سەبارەت بە فرۆشتنی کەمپی کۆنی زانکۆی سلێمانی (کەمپی ناوشار)".

ئەوەشخراوەتەڕوو "‎ئێمە وەک زانکۆی سلێمانی تەواوی ھەموو ئەو دەنگۆیانە رەتدەکەینەوە و دڵنیایی دەدەینە دڵسۆزان وخەمخۆرانی شارەکەمان وزانکۆکەمان کە کەمپی کۆنی زانکۆ یەکێکە لە ڕەمزە دیار ومێژووییە پارێزراوەکانی پایتەختی رۆشنبیری، کەمپی ناوبراو ھەنوکە لە چوارچێوەی ھەشت کۆلێجدا نزیکەی 10 ھەزار خوێندکاری زانکۆی سلێمانی لەخۆگرتووە، وە بەپێچەوانەوە زانکۆی سلێمانی لە ھەوڵی کرنەوەی کلینیک و تاقیگەیەکی پزیشیکی نوێیە لەناو ئەو کەمپەدا بۆ توێژینەوەی پزیشکی،کە ھەموو ئەمانەش ھەرخۆیان لە رووی لۆجکیەوە ئەو ھەواڵانە بەدرۆدەخەنەوە".

باس لەوەشکراوە "ھەر بۆیە وەک زانکۆی سلێمانی سەرەرای سەرزەنشتکردنی ئەو پڕوپاگەندانە، داواکارین لە بەرێز داواکاری گشتی لە پارێزگای  سلێمانی رێکاریی یاسایی بگرنەبەر بە پێکھێنانی لیژنەی لێکۆڵێنەوە بۆ ھەموو ئەو کەسانەی لە ئەکاونتی کەسی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە تۆمەتی بێ بنەما بڵاودەکەنەوە بۆ لکەدارکردنی زانکۆی دایک و شاری سلێمانی وە ئەنجامەکەی بۆ رای گشتی بڵاوبکەنەوە، وە ئێمەش وەک زانکۆی سلێمانی لە رۆژانی داھاتوو دەستکراوە دەبین بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی یاسایی بەرانبەر ھەموو ئەو کەسانە".

س.س
Qaiwan
Qaiwan