کوردستانی

وادەی بانگهێشتکردنی سەرۆکی حکومەتی هەرێم بۆ پەرلەمان دیاری دەکرێت

مەودا میدیا - سلێمانی |


وادەی بانگهێشتکردنی سەرۆکی حکومەتی هەرێم بۆ پەرلەمان دیاری دەکرێت
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

ئەمڕۆ عەلی حەمە ساڵح، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان واژۆی لەسەر یاداشتی پرساندنی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و جێگرەکەی و وەزیری دارایی کرد، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی کوردستانیش دەڵێت "رۆژی یەکشەممەی داهاتوو یاداشتەکە و سەرجەم بەڵگەنامە پێویستییەکان دەدرێتە سەرۆکی پەرلەمان".

عەبدولستار مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی کوردستان بە مەودا میدیای راگەیاند "ئەمڕۆ عەلی حەمە ساڵح واژۆی لەسەر یاداشتی پرساندنی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و جێگرەکەی و وەزیری دارایی کرد، بەمەش یاسای پرساندنی سەرۆکی حکومەت رێژەی یاسایی تەواو کرد".

سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی ئەوەشی خستەڕوو "رۆژی یەکشەممەی داهاتوو 27ی ئەیلولی 2020 یاداشتەکە و سەرجەم بەڵگەنامە پێویستییەکان دەدرێتە سەرۆکی پەرلەمان".

عەبدولستار مەجید ئاماژەی بەوەشکرد "دوای ئەوەی سەرۆکی پەرلەمان نامە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان دەنێرێت، دەبێت لە ماوەی یەک هەفتەدا حکومەتی هەرێم وەڵام بداتەوە کە چ کات ئامادەی کۆبوونەوەی پەرلەمان دەبێت، ئەگەر پاساوی یاساییان هەبێت دەتوانرێت دەرفەتی مانگێک بە حکومەت بدرێت".

س.س
Qaiwan
Qaiwan