کوردستانی

وەزارەتی دارایی سیستەمێكی نوێ بۆ تۆماركردنی زانیاری خانەنشینان پەیڕەو دەکات

مەودا میدیا - سلێمانی |


وەزارەتی دارایی سیستەمێكی نوێ بۆ تۆماركردنی زانیاری خانەنشینان پەیڕەو دەکات
مەودا میدیا-

وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان سیستەمێکی نوێ بۆ تۆمارکردنی زانیارییەکانی خانەنشینانی هەرێمی كوردستان پەیڕەو دەکات، لە پێناو نەهێشتنی خانەنشینی دووبارە، دیاریكردنی بڕی شایستەی خانەنشینی و پاراستنی دۆسییەكان.

لە راگەیەندراوێکدا دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند "وەزارەتی ئەمڕۆ دووشەممە رێكەوتی 9ی ئەیلولی 2020 بە ئاراستەی ئەنجامدانی چاكسازی لە دیوانی وەزارەتی دارایی و ئابوری بە ئامادەبوونی بریكاری وەزارەتی پلاندانان و هەردوو رێكخراوی (UNDP) و (USAID) لەگەڵ بەڕێوبەرایەتی گشتی خانەنشینی بە مەبەستی دروستكردنی سیستەمێكی تۆماركردنی سەرجەم زانیارییەكان بۆ خانەنشینانی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوە".

 ئاماژە بەوەشکراوە "لەسەرەتای كۆبوونەوەكەدا لە لایەن بەڕێز زاگرۆس فەتاح پوختەی سیستمەكە بۆ وەزیری دارایی و ئابوری خرایەڕوو كە چۆن دەستكراوە بە ئامادەكاری بە مەبەستی درووستكردنی سیستمێكی زانیاری پێشكەوتوو بۆ بەڕێوەبەرایەتیی گشتی خانەنشینی هەرێمی كوردستان".

باس لەوەشکراوە "نوێنەرانی هەردوو ڕێكخراوەكە ناوەڕۆكی سیستمەكەیان بۆ وەزیری دارایی و ئابوری شیكردەوە و تیشك خرایە سەر گرنگی ئەم سیستمە كە هەنگاوێكی گونجاوە بۆ ئاراستەكانی حكومەتی هەرێم بە ڕووی چاكسازیدا. لە كۆتایدا وەزیری دارایی و ئابوری ئاوات جەناب نوری ئامادەیی وەزارەتی پیشاندا كە بە پێی توانا هاوكاری تەواو بۆ پێشخستن و بەردەوامی ئەو سیستمە بدات". 

ئەوەش هاتووە "ئەم سیستمە چەند گرنگییەكی بەرچاوی هەیە لەوانەش (نەهێشتنی خانەنشینی دووبارە، دیاریكردنی بڕی شایستەی خانەنشینی و پاراستنی دۆسییەكان)، لە هەمان كاتدا رۆتین كەمدەبێتەوە و مامەڵەكانی خانەنشینی خێراتر دەبێت".

س.س
Qaiwan
Qaiwan