کوردستانی
کاتی ناردنی 320 ملیار دینارەکەی بەغدا بۆ هەرێمی کوردستان ئاشکرا دەکرێت
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا - کاروان نوری
رۆژی پێنجشەممە پەرلەمانی عیراق پرۆژەی قەرزکردن پەسند دەکات، بڕیاریشە، هەفتەی داهاتوو 320 ملیار دینارەکە بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت، بەپێی رێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا، حکومەتی عیراق پابەند دەبێت بە ناردنی 320 ملیار دینار بۆ سێ مانگی داهاتوو.
هەیسەم جبوری، سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق رایگەیاند "رۆژی پێنجشەممە 2020/11/12 پەرلەمانی عێراق پرۆژەی قەرزکردن پەسند دەکات، بڕیارە هەمان رۆژ بەغدا مووچە خەرج بکات و هەفتەی داهاتووش 320 ملیار دینارەکە بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت.
ئەوە لە کاتێکدایە ھێشتا لەسەر بڕی ئەو پارەیەی حکومەت قەرزی دەکات لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمان رێکنەکەوتوون سەرباری ئەوەی حکومەت بڕەکەی کەمکردەوە بۆ 30 تریلیۆن دینار، بەڵام پەرلەمانتاران دەڵێن حکومەت لەگەڵ داھاتەکانیدا تەنیا ھەشت تریلیۆن دیناری پێوستە تا بۆ ماوەی سێ مانگی داھاتوو لە دابەشکردنی مووچە بەردەوامبێت.
بەپێی رێکەوتنی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا، بۆ ماوەی سێ مانگ حکومەتی عیراق 320 ملیار دینار بۆ ھەرێمی کوردستان دەنێرێت، بەوەش لەگەڵ دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی عیراق، 320 ملیارەکەی ھەرێمی کوردستانیش خەرج دەکرێت، بەپێی وتەی ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیش هەرێم و بەغدا، بۆ سەرەتای ساڵی داهاتوو دەبێت رێککەوتنێکی نوێ واژۆ بکەن بۆ ناردنی ئەو بڕە پارەیەیی کە بۆ هەرێمی دەنێرێت.
ک.ن
ک.ن