مەلا  بەختیار

مەلا بەختیار

كاكه‌ قادری حاجی عه‌لی خه‌بات ئاوا..


كۆرۆنا، سه‌ركرده‌یه‌كی كۆڵنده‌ری كوردستانی لێ سه‌ندین.
به‌نده ‌و قادری حاجی عه‌لی له ‌ساڵی (1983)ه‌وه‌، به‌هۆی رێبازی جیاوازی ئایدیۆلۆژییه‌وه‌، ناكۆكین، به‌ڵام هه‌تا دوای جیابوونه‌وه‌ی گۆڕانیش، قسه‌یه‌كی ساردیش نه‌كه‌وته‌ نێوانمان. بۆیه‌ به‌ ئه‌ركی ده‌زانم، له‌م دوا كۆچه‌یدا، پاداشتی ئه‌و مێژووه‌ بده‌مه‌وه‌. 
له‌دوای (1978)ه‌وه‌، ده‌مزانی قادری حاجی عه‌لی، هه‌روه‌كو كاكه‌ حه‌مه‌ جه‌زای ره‌حمه‌تی كاكی، ئه‌ندامی كۆمه‌ڵه‌یه‌، له‌و كاته‌ به‌رپرسی رێكخستنه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ بووم، خۆی ‌و كه‌سوكاریشی، هه‌م سه‌نگین‌ و هه‌م دڵسۆزبوون. 

گۆرانییه‌ سیاسییه‌كانی حه‌مه‌ جه‌زا، له‌ باشووردا، هه‌روه‌كو شوان په‌روه‌ری باكووری كوردستان، له‌ قۆناغی هه‌ڵسانه‌وه‌دا، ناخ هه‌ژێن بوون. كاكه‌ قادر، ئارام ئارام ئه‌ركه‌كانی راده‌په‌ڕاند. دوای ده‌رچوونی له‌ زانكۆ (1981)، به‌ بڕیاری رێكخستن، هاته‌ ریزه‌كانی شۆڕش. له‌ مه‌كته‌بی رێكخستن دانرا. كه‌ راپه‌ڕینی (1982) به‌رپابوو، پێكه‌وه‌ به‌ (هه‌رزنه‌، سه‌فره‌و زه‌رون، دۆڵی جافایه‌تی، دۆڵه‌ رووت، كارێز كڵاو، قوله‌ڕهی‌سی) هاتینه‌ سلێمانی ‌و كۆبوونه‌وه‌كانمان له‌ ماڵی شه‌هید خه‌سره‌وی خاڵ ده‌كرد. هه‌فته‌یه‌ك له‌ سلێمانی ماینه‌وه‌. پیاوێكی بوێر و ئاماده‌ی جێبه‌جێكردنی بڕیار بوو. له‌و ماوه‌یه‌دا نێوانمان خۆشتر بوو، به‌ڵام له‌گه‌ڵ شه‌هید ئازاد هه‌ورامیدا، نێوانی خۆشتر بوو. كاتێك له‌گه‌ڵ ئازاد پێكه‌وه‌ سه‌رپه‌رشتیی هه‌ڵبژاردنه‌كانی كۆمه‌ڵه‌شیان كرد، بۆ ئاماده‌كاریی سێیه‌مین كۆنفرانس، له‌ گه‌رمه‌ی ململانێكاندا بووین، یه‌ك كادریشی زویر نه‌كرد.

له‌ناو سێیه‌مین كۆنفرانسیشدا، هه‌ر ئارابم بوو.. گه‌رچی پێشی ناخۆشبوو، كێشه‌كانمان قوڵ ده‌بێ. كه‌ جیاش بووینه‌وه‌، دژه‌كه‌مانی هه‌ڵبژارد، به‌ڵام جوامێرانه‌، ئێسك شكێن نه‌بوو. كه‌ زانیشی له‌ كاتی زینداندا ئاراسته‌كان به‌ره‌و ئێسك شكاندن ده‌برێ، ئاماده‌نه‌بوو له‌ لێكۆڵینه‌وه‌دا به‌رده‌وام بێ.

له‌ كاتی جیابوونه‌وه‌ی گۆڕانیشدا.. خۆم پێم وایه‌، هه‌ندێك مه‌سه‌له‌ی تایبه‌تی له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات نه‌بووایه‌، له‌ مام‌ و یه‌كێتی دوورنه‌ده‌كه‌وته‌وه‌. كاكه‌ قادر پێش جیابوونه‌وه‌ی گۆڕان‌ و نه‌وشیروان هه‌ڵوێستی وه‌رگرت ‌و بایكۆتی كۆبوونه‌وه‌كانی كرد! كه‌ گۆڕان جودا كرایه‌وه‌ یه‌كێك بوو له‌ دامه‌زرێنه‌ره‌كانی. كاتێك زانی ناكۆكییه‌كان به‌ ئاراسته‌ی نه‌شیاودا دژی یه‌كێتی ده‌برێن، هه‌وڵیدا له‌گه‌ڵ یه‌كێتی ناكۆكییه‌كان خاوبێته‌وه‌، لێك تێگه‌یشتنی ده‌باشان، هه‌وڵێكی زۆری قادری حاجی عه‌لی تیادا بوو، له‌ناو گۆڕان.

كاتێك، گۆڕان، سیاسه‌تی گۆڕی، قادری حاجی عه‌لی‌ و هاوڕێكانی زوو دركیان به‌ جیاوازییه‌كان كرد و هه‌ڵوێستیان وه‌رگرت، به‌ڵام له‌مه‌شدا هه‌ڵوێستێكی ئارامی دوور له‌ موزایده‌ی سیاسی.

چه‌ند جوانن ئه‌و سه‌ركردانه‌ی بڕوایان به‌ خۆیانه ‌و له‌ دووڕیانی سیاسیدا له‌ بری پله‌ و پایه‌، هه‌ڵوێست هه‌ڵده‌بژێرن.
به‌ سه‌ربه‌رزی ژیا، به‌ هه‌ڵوێستی به‌رزی بردیه‌ سه‌ر، كێله‌كه‌شی به‌رز ده‌مێنێته‌وه‌. خه‌باتیشی ئاوا!

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan