مەلا  بەختیار

مەلا بەختیار

دۆخی جیهان ‌و جەنگی ئۆكراینا و دانوستانی ئێران

كاریگەرییەكانی بەرەنگاریی ئۆكراینا
جەنگی بەرەنگاریی ئۆكراینا، خەریكە لە سێ‌ مانگ نزیك دەكەوێتەوە. بەرەبەرە لە جەنگێكی نیشتمانی ئۆكرایناوە، ئاراستەكەی بۆ جەنگی رۆژئاوا دژی روسیا گۆڕدراوە. چینی زلهێزیش، وەكو سیاسەتی نیو سەدە لەمەوبەر، تەنها سوود لە هەلەكە وەردەگرێ‌.

رۆژئاوا، هەر لە سەرەتاوە دەیانزانی سەركەوتنی رووسیا، تەواوی رۆژهەڵاتی ئەوروپا لە بەرانبەر ناتۆدا، دەخاتە مەترسییەوە. بۆیە، پێش هەڵایسانی جەنگەكە، مەشقیان بە سوپای ئۆكراینا دەكرد. دوای جەنگەكەش، هەر ئەوەیە سوپا دانابەزێنن، ئەگینا پشتیوانیان بۆ ئۆكراینا، لەدوای جەنگی دووەمی جیهانەوە، بێوێنەیە.

رووسیا لەو باوەڕەدا بوو، بەئاسانی ئۆكراینای دراوسێی، دەبەزێنێ‌. رووسیا زلهێزەو زۆریش بە ئەزموونە، كەچی لە سێ‌ گرنگترین بنچینەی جەنگدا، بەهەڵە چوو:
یەكەمیان: زانیارییەكانی هەڵە دەرچوون، كە ئۆكراینا زیاتر لە هەفتەیەك ناتوانێ‌ بەرەنگاری بكات. ئەمە نەناسینی هێزی بەرانبەر دەگەیەنێ‌.
دووەمیان: پێشبینی یەكگرتوویی رۆژئاوای لەم جەنگەدا دژی رووسیا نەدەكرد. ئەمەش بێئاگایی لە پشتیوانی هێزی بەرانبەرە.
سێهەمیشیان: هەڵەیەكی كوشندەی عەسكەری كرد، كە حسابی چەكە بڕندەكانی رۆژئاوا، بەتایبەتی ئەمەریكا، بۆ رووبەڕووبوونەوەی فڕۆكە و تانك ‌و پاپۆڕە جەنگییەكانی نەدەكرد. لەمەیاندا، دەزگای هەواڵگری ‌و زانیاریی رووسیا، كوشندەترین هەڵەیان كردووە، كە نەیانزانیووە رۆژئاوا، چەكەكانی چەند كاریگەرن.

دەركەوت، رۆژئاوا حساباتی ستراتیژییان دژی رووسیا، ورد بووە. وردیش بڕیار دەدەن. رووسیاش تەنها بە زلهێزی خۆیەوە نازیووە!!

دەریشكەوت، چەكە نوێچەشنەكانی تەكتیكی رۆژئاوا، گەلێ كاریگەرترن، لە چەكە ستراتیژییەكانی رووسیا. هەتا ئەو رادەیە، كەتەترین پاپۆڕی جەنگی رووسیایان سەرنگون كرد. باشترین فڕۆكەكانی رووسیا، بەوریاییەوە مەرگ دەبارێنن. تانكە پێشكەوتووەكانیشی، دژە تانكە سوتێنەرەكانی رۆژئاوا، كڵپەیان لێهەڵدەسێنن.

رەوتی جەنگەكە پێماندەڵێ‌: گریمان رووسیا هەتا كۆتایی ساڵ بتوانێ‌، پەلاماری داگیركاری بەردەوامبێت‌، مادام (7) وڵاتە گەورەكانی پیشەسازی جیهان، رۆژانی (12-13/5/2022) دوا بڕیاریان دا. هەتا سەركەوتنی ئۆكراینا بەردەوامدەبن ‌و رووسیاش دەبێ‌ پاشەكشە بكات. كەوابێ‌.. ئۆكراینایان دڵنیاكردووە، كە پشتیوانییە تەكنیكییەكان ‌و لۆجستییەكانیان درێژەی دەبێ‌. جەنگیش، بە ورەی بەرز و پشتیوانیی بەردەوام ‌و چەكی كاریگەر، لەم سەردەمەشدا، سەركەوتن بەدەستدێنێ‌.

ئێران و رۆژئاوا
(7)  زلهێزە پیشەسازییەكان، جگە لە جەنگی ئۆكراینا، بڕیاریان لەسەر دانوستانی ئەمەریكا و ئێرانیش دا. جەخت دەكەنەوە كەوا:
-  مەحاڵە بهێڵن ئێران چەكی ئەتۆمی بەرهەمبهێنێ‌.
-  ئێران دەبێ‌ كۆمەكی دۆستەكانی ببڕێ‌.
-  لە مووشەكی بالیستی، دەست بەربدات.

دوای ئەم بڕیارانە، نوێنەری دانوستانی ئەتۆمی، لە تاران گەڕایەوە و ئاخاوت كەوا، گفتوگۆكانی ڤییەنا دەستپێدەكاتەوە. لەم دوو هەفتەیەدا تێبینی دەكرێ‌، ئەمەریكا، نەرمیەكەی جارانی لە دانوستانەكەدا نەماوە و فشاری بۆ سەر ئێران زیادیكردووە. لە بەرانبەریشدا، ئێران هێشتا یەك بست لە ستراتیژی خۆی پاشەكشەی نەكردووە. لەوەدەچێ‌ هەتا كۆتایی مانگی ئاییندە، ئاكامی دانوستاندنی رۆژئاوا و ئێران بەلایەكدا بكەوێ‌. دوورنییە، ئێران لە جەنگی ئۆكراینا دەرسی وەرگرتبێ‌. چۆن؟

رووسیا زلهێزە و چەكی ستراتیژیی كوشندەی جەنگینی هەیە. جگە لە چەكی ئەتۆمی، هەموو چەكێكی تری لە ئۆكراینا تاقیكردووەتەوە. باشە، ئەگەر رووسیا بەم هەموو تەكنەلۆژیای جەنگین ‌و بەزلهێزیی خۆیەوە، لەبەر پشتیوانی رۆژئاوا بەسەر ئۆكراینادا سەرنەكەوێ‌، ئایا ئێران بەو توانا دیاریكراوەی، كە بەراورد ناكرێ‌ بە رووسیا، ئەگەر لەگەڵ رۆژئاوا رێكنەكەوێ‌، دەتوانێ‌ پاشەكشە بە ئەمەریكا و رۆژئاوا بكات؟

بەدڵنیاییەوە، تەنها پشتبەستن بە حزبوڵڵا و حوسییەكان ‌و سوریا، لە ململانێی ستراتیژی ئیقلیمی- جیهانیدا، دەستەبەری سەركەوتنی عەسكەری تیادا نییە. ئەوە نییە، ئیسرائیل دژی بنكەكانی ئێران لە سوریا و جارجارەش دژی بنكەكانی حزبوڵڵا لە سوریا- لوبنان، گورز دەوەشێنێ‌. كەچی نە سوریا و نە حزبوڵڵا، وەڵامێكی توندیان بۆ ئیسرائیل نییە. بۆچی؟ لەبەرئەوەی ئیسرائیلیش خاوەن هێزی تەكنەلۆژی جەنگینی كوشندەیە! كەوابێ‌:
تەكنەلۆژیای جەنگ‌ و جەنگین، ئێستا، كاریگەرترین ئامرازی یەكلاكەرەوەی كێشەكانە. نەك ئایدیۆلۆژیا و عەقیدە و بە تاقی تەنها رۆحیەتی جەنگین‌ و سوپای پیادە!
تەكنەلۆژیای نوێچەشن، تەواوی هاوكێشە عەسكەری‌ و جەنگینەكانی گۆڕیووە. سەرجەم پێوەرە عەسكەرییەكانی رابردووش گۆڕاون. لەبەر رۆشنایی ئەو راستیانەدا، پێمانوایە، ئەگەر رووسیا لە ئۆكراینادا پاشەكشە بكات، بەدڵنیاییەوە، ئێرانیش قوڵتر تێدەگات، دەبێ‌ لە دانوستانی ئەتۆمیدا، بڕیاری رێكەوتن بدات. بە چارەسەركردنی كێشەكانی یەمەن‌ و لوبنان ‌و سوریا، تەنانەت عیراقیشەوە!

لە هەلومەرجێكی واشدا رووسیا بكشێتەوە و رێكبكەوێ‌، بێگومان ستراتیژی رۆژئاوا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ‌و ئەوروپای رۆژهەڵاتیش سەردەكەوێ‌. هەر ئەم هەفتەیە، بڕیارە فینلەندا و سوید، بڕیاری ئەندامێتی لە ناتۆ دا، پەسند بكەن. ئەگەر واش بێ‌:
رووسیا بە جەنگ ئۆكراینای لە ناتۆ دوورخستەوە، بەڵام دەچنە ناو یەكێتیی ئەوروپا. لە بەرانبەریشدا، دوو وڵاتی گرنگ (سوید و فینلەندا)ی پاڵپێوەنا بۆ ناو ناتۆ. فینلەندا بە تەنها (1300كم) سنووری لەگەڵ رووسیادا هەیە. یەكەمین وڵاتیشە دوای شۆڕشی ئۆكتۆبەر، رێگەی دیموكراسی چارەی خۆنووسینی گرتەبەر. بینیمان فینلەندا لە دیموكراسیدا چۆن سەركەوت ‌و رووسیاش لە سەپاندنی سۆسیالیستدا چۆن شكستی خوارد!!

دۆخێكی لەمجۆرەش، هاوكێشە سیاسیەكان تێكڕا دەگۆڕێ‌. ئێرانیش، لە دۆخی جەنگەوە، بۆ دۆخی ئاشتەوایی كەمەندكێش دەكات!

خ.غ

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan