مەلا  بەختیار

مەلا بەختیار

شیهاب و هاوڕێكانی.. لە لوتكەدا ماون

21/11/1976  رۆژی لەسێدارەدانی شەهیدان شیهاب و جەعفەر و ئەنوەرە، ئەو رۆژە لای فاشییەكان بۆ تۆقاندنی گەلەكەمان بوو، بەڵام كورد؛ كوردانە وەڵامی فاشییەكانیان دایەوە، ناشتنەكەی شیهاب و جەعفەر لە سلێمانی و كۆیە، لە فاشییەكانی گەیاند كە هەموو كورد بەم تاوانە بریندارە، بەداخەوە ئەوكاتە لە كەركوك هەوڵیشماندا كارێك بۆ ئەنوەریش بكرێت و نەكرا، ئەم چیرۆكەش هەڵدەگرم بۆ كاتی گونجاو.

سێ‌ هەواڵ، لە مێژووی خەباتی نهێنی و پێشمەرگایەتیمدا، جەرگبڕترینیان بوون، یەکەم، شەهیدكردنی شیهاب و هاوڕێكانی، دووەم، شەهیدكردنی ئارام، سێیەم كارەساتی هەكاری و شەهیدكردنی عەلی عەسكەری و د.خالید و شێخ حسێن و رەئوف بەگ و هاوڕێكانیان.

لەكاتی هاتنەوەی تەرمەكەی شیهاب دا، شەو هاوڕێیانی كۆمەڵە بە دیارییەوە بووین، شەهید یاسینە رەش و مەفرەزە نهێنییەكەی ناو سلێمانی، ئەركی ئەشك گرتنەكەیان بە سێ‌ دەمانچە و نارنجۆكێكەوە گرتە ئەستۆ، شەوێكی شووم بوو، هەر ئەو شەوە شۆڕشگێڕ و هەلپەرست دەركەوتن، شۆڕشگێڕەكان بەڵێنیاندا تۆڵەی شیهاب و هاوڕێكانی بكەنەوە، هەلپەرستەكانیش لەسەر تەرمی شەهید شیهاب، لافیان لێدەدا و دەریشكەوت چەند درۆزنن.

ناشتنەكەی شیهاب و جەعفەر، بۆ خەڵكی سلێمانی و كۆیە دوو نموونەن، مەگەر لە مێژوودا بۆ شێخ مەحمودی نەمر كرابێت، دلێری سەید مەجید، لەتیفی شێخ عومەر، شەهید ساجید، قادر سەرچناری و تاهیر و مارفی برازای عەلی بچكۆل نموونەی قارەمان بوون، لە مەراسیمەكەدا لە ماڵی شیهاب، زۆرتر شێخ جەناب و رووناكی كچی هاوكارییان دەكردین.

بەڵێنی شۆڕشگێڕانەش برایە سەر و لە 21/12/1976، لێدانی پارێزگاری سلێمانی، لە تۆڵەی سەركردەكانمان بوو، دوای ئەوە بە بڕیاری شەهید ئارام، چوومە ناوچەكانی هەولێر، یەكەمین یادی شیهاب و هاوڕێكانی لە گوندی سێگردكان سازمان كرد، مزگەوتەكەی گەورە بوو، خەڵكێكی زۆر هاتبوون و بەندە قسەم كرد، شەهید سەعدی و شەهید سەید كەریم و سەید كاكە و قادر عەزیز، شەهیدان: فاروق، یاسین، ملازم جەمال، فەریق (كەركوك) شەهێن (پردێ‌)، عەلی ساڵح، ئەحمەد قەمبەر، ئەحمەد سماقە و كاوە مەخموری، نامیق تەقتەقی، شەهید عەلی ئاو ماڵا و ئاسۆی برای، نەبەز، هێزێكی (70) پێشمەرگەیی لـێ‌ بوو، تیایدا باسی كاریگەریی شەهیدبوونی ئەم پۆلەم بۆ كردن لە شۆڕشی نوێ‌ دا، دوای ئەم یادە هەر لە گوندەكە چەندین كەس هاتنە ریزی كۆمەڵە.

دووەم یاد لە مزگەوتەكەی شێنێ (پێش هاتنە دەرەوەی هاوڕێكانی زیندان) سازمان دا. مام و رەسوڵ مامەند و د. مەحمود و نەوشیروان مستەفا ئامادەبوون، سەركردایەتی كۆمەڵە بووین بە دوو بەش. بەشێكمان سوور بووین لەسەر یادەكە و دوو كەسیشمان پێیان خۆش نەبوو.

یادەكە، دلێری سەید مەجید بەڕێوەی برد، بەندە وتاری كۆمەڵە و بابەتەكان و میوانەكانم پێشكەش كرد، ناو بەناو باسی چۆنیەتی دوا چركەساتی لە سێدارەدانی هاوڕێیانی شەهیدم دەكرد كە كاتێك چوون بەرەو پیری سێدارە چییان وتووە، ئامادەبووان سەرسام بوون، تەنانەت مام فەرمووی ئەم راستییانەم لەسەر شەهیدەكان نەدەزانی!

سێیەم یادی شەهیدان لە زەڵێ‌ كرا، فەرەیدون عەبدولقادر بەیاننامەیەكی جوانی لەسەر نووسین مام وتاری یەكێتی و من هی كۆمەڵەم خوێندەوە. فەتاحی كاویانی، وتاری حزبی دیموكراتی پێشكەش كرد.

چوارەم یادیان، لە هۆڵی شەهید شیهاب سازدرا، فەرەیدون وتاری خوێندەوە، رووناكی شێخ جەناب بەناوی بنەماڵەكەیان وتارێكی كۆمەڵایەتی – سیاسی خوێندەوە.

ئیدی ساڵانە، ئەم یادە زۆرتر لە ئیزگە ساز دەدرا هەتا دوای راپەڕین یادەكە شۆكمەندتر لای باخی گشتی سازدرا، مام جەلال وتارێكی گرنگی خوێندەوە وتاری بنەماڵەكەیان سۆزانی شێخ شیهاب خوێندیەوە، بەندە بۆم نووسی.

ناوەندی مێژوو كتێبێكیان لەسەر دەكرد، ئەمەیان باشترین سەرچاوە بوو لەسەرئەم شەهیدانە، ناونیشان و پێشەكی كتێبەكە من نووسیم، كاتێك هاتینە سەر ئەوەی رۆژی شەهیدی یەكێتی دیاری بكرێت، لەبەر هەستیاریی رۆژەكە و زۆری سەركردەكانی یەكێتی مشتومڕ زۆر كرا، بڕیارەكەش دوا دەخرا، دۆخی ناو یەكێتی ئەوكاتە وای لێهاتبوو، بە ئاسانی رۆژی 21/11 نەتوانرا بكرێتە رۆژی شەهیدی یەكێتی.

ئەمە لەكاتێكدا، لەدوای لەسێدارەدانی فەهد و هاوڕێكانی حزبی شیوعی مێژووی شەهیدانی عیراق و كوردستان، لە عیراقدا رۆژی مێژوویی وای بەخۆیەوە نەدیبوو لە كوردستانیشدا، مەگەر رۆژی شەهیدكردنی پێشەوای سەرۆك كۆمار و هاوڕێكانی هاوتای ئەم رۆژە بن.

شیهاب و هاوڕێكانی، شایستەی رۆژی شەهیدی یەكێتین، چونكە تائێستاش سەرەڕای ناڕەزایی و رەخنەیەكی زۆر لەناو خەڵكدا، لە بەرانبەر دەسەڵات و یەكێتیش، ئەم شەهیدانە لە ناخی خەڵكدا رێزیان زیادی كردووە، چونكە ئامانجەكانیان هێشتا شایەنی درێژەپێدانی خەباتن.

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan