کوردستانی
ئارێز عەبدوڵڵا: بڕیارەکەی بەغدا قەیرانەکانی هەرێمی کوردستان قوڵتر دەکاتەوە
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا – کاروان نوری
ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان ئاشکرای دەکات، بڕیارەکەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق برین و قەیرانەکانی هەرێمی کوردستان قوڵتر دەکاتەوە، بەڵام هێشتا بژاردەی دیکە هەیە و دەتوانرێت پێداچوونە بە بڕیارەکەدا بکرێتەوە.
ئارێز عەبدوڵڵا، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان بە مەودا میدیا راگەیاند "ئەم بڕیارەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق برین و قەیرانەکانی هەرێمی کوردستان قوڵتر دەکاتەوە لە کاتێکدا کۆمەڵێک گرفتی دیکە لە هەرێمی کوردستاندا بوونیان هەیە".
ناوبراو ئەوەشی خستەڕوو "راستە ئەنجومەنی نوێنەران دەنگی لەسەر بابەتەکە داوە بەڵام ئەمە مانای کۆتایهاتن نییە، کورد بژاردەی سەرۆک کۆماری ماوە و دەتوانێت بڕیارەکە دوابخات تا ئەو کاتەی لە رێگەی گفتوگۆوە حکومەتی ناوەند و هەرێم دەگەن بە رێککەوتن و لێکتێگەیشتن لەسەر بابەتەکە".
ئەمە لە کاتێکدایە، پەرلەمانی عیراق بەبێ رەزامەندی پەرلەمانتارانی کورد دەنگی لەسەر پرۆژەیاسای قەرزدا و پرۆژەیاساکەی پەسەندکرد، بەپێی ئەنجامی دانیشتنەکە حکومەتی عیراق بڕی ئەو نەوتە دیاری دەکات، کە ھەرێمی کوردستان دەبێت رادەستی بەغدای بکات، لە بەرانبەردا حکومەتی عیراقیش شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دەنێرێت.
ک.ن
ک.ن