کوردستانی

مەسعود بارزانی: جارێكی تر لایەنە سیاسییەكانی عیراق خەنجەریان لە پشتی گەلی كوردستان دا

مەودا میدیا - سلێمانی |


مەسعود بارزانی:  جارێكی تر لایەنە سیاسییەكانی عیراق خەنجەریان لە پشتی گەلی كوردستان دا
مەودا میدیا-

سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان رایدەگەیەنێت زۆر بەداخەوە جارێكی تر لایەنە سیاسییەكانی عیراق بە شیعە و سوننەوە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق خەنجەریان لە پشتی گەلی كوردستان دا، ئاماژەی بەوەشکرد داواش لە سەرۆكایەتیی هەرێم و پەرلەمان و حكومەت دەكات كە لەگەڵ نوێنەرانی كوردستان لە بەغدا و لایەنە سیاسییەكانی هەرێم، پێكەوە لەسەر ئەم بابەتە كۆببنەوە.

مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی دەنگدان بە پرۆژە یاسای قەرز لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بەبێ نوێنەرانی کورد پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند "زۆر بەداخەوە جارێكی تر لایەنە سیاسییەكانی عیراق بە شیعە و سوننەوە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق خەنجەریان لە پشتی گەلی كوردستان دا و بودجە و ڕزقی خەڵكی كوردستانیان وەك كارتێك بۆ گوشارهێنان بۆ هەرێمی كوردستان بەكار هێنایەوە".

ئاماژەی بەوەشکرد "ئەوە لە حاڵێكدایە كە لە ماوەی رابردوو چەندین جار رێككەوتن لە نێوان حكومەتی هەرێم و حكوومەتی عیراقی فیدڕاڵ ئیمزا كراوە، بەڵام ڕێككەوتنەكان جێبەجێ نەكراون. ئێمە ئەو یاسایەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق كە بە بێ رەچاوكردنی بنەماكانی شەراكەت و رێككەوتنەكان دەری کردووە، بە بابەتێكی سیاسی و بۆ گوشارهێنان لەسەر هەرێم و سزادانی خەڵكی كوردستانی دەبینین كە پێچەوانەی بنەماكانی شەراكەت و تەوافوق و هاوسەنگیی نێوان پێكهاتەكانی عێراقە و جۆرێكە لە تەنگپێهەڵچنین و شەڕفرۆشی، دەریشكەوت كە ئەوان پێشوەختە بڕیاری خۆیان لەسەر دژایەتیكردنی هەرێم داوە و هەمیشە بەو لۆژیكە مامەڵە لەگەڵ دەستوور و رێككەوتنەكان و ماف و داواكارییەكانی گەلی كوردستان دەكەن".

لە پەیامەکەشدا هاتووە "لێرەدا پێزانینم هەیە بۆ یەكدەنگیی نوێنەرانی كوردستان لە بەغدا كە بە هەڵوێستێكی هاوبەش دژی ئەو یاسایەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق وەستانەوە و ئەو هەڵوێستەیان جێگەی سوپاس و دەستخۆشییە، داواش لە سەرۆكایەتیی هەرێم و پەرلەمان و حكوومەت دەكەم كە لەگەڵ نوێنەرانی كوردستان لە بەغدا و لایەنە سیاسییەكانی هەرێم، پێكەوە لەسەر ئەم بابەتە كۆببنەوە و بگەنە بڕیارێكی هاوبەش بڕیارێك بدەن كە لە ئاست بەرپرسیارێتی بێت بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و لە هەمانكاتیشدا كەرامەتی میللەتەكەمان بپارێزرێت و سنوورێك بۆ ئەو رەفتارانە دابنێت كە مەبەست لێی سزادانی گەلی كوردستانە".

س.س
Qaiwan
Qaiwan