کوردستانی

حکومەتی هەرێم: هەموو هەوڵێکی خۆمان دەخەینەگەڕ بۆ ئەوەی ستەم لە خەڵکی کوردستان نەکرێت

مەودا میدیا - سلێمانی |


حکومەتی هەرێم: هەموو هەوڵێکی خۆمان دەخەینەگەڕ بۆ ئەوەی ستەم لە خەڵکی کوردستان نەکرێت
مەودا میدیا-

حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی سەبارەت بە تێپەراندنی یاسای پڕکردنەوەی کورتهێنانی دارایی بڵاوکردەوە و رایدەگەیەنێت حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام و هەمیشە ئامادەیی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە سەر بنەمای دەستوور دەربڕیوە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە "حکومەتی هەرێمی کوردستان وێڕای دەستخۆشی كردن لە نوێنەرانی هەرێمی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ، کە هەڵوێستێکی یەکگرتوویان لە بەرانبەر تێپەڕاندنی یاسای پڕکردنەوەی کورتهێنانی دارایی دەربڕی کە ئەمڕۆ پێنجشەممە 2020/11/12 لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە زۆرینە و بێ گوێدانە پرنسیپی سازان و لە بەرچاوگرتنی نیگەرانییەکانی گەلی کوردستان، دەنگی لە سەر درا، لە هەمانکاتدا نیگەرانیی و ناڕەزایی خۆی بەرامبەر تێپەڕاندنی ئەم یاسایە دەردەبڕێت".

ئاماژە بەوەشکراوە "حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام و هەمیشە، ئامادەیی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە سەر بنەمای دەستوور دەربڕیوە. لە دوای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمیش، چەندین جار نیازپاکی خۆی نیشان داوە و سەردانی بەغدای کردووە و چەندین لەیەکگەیشتن و ڕێککەوتن لە نێوان حکومەتی هەرێم  و حکومەتی فیدڕاڵی پێشوو و ئێستا هاتە ئاراوە و حکومەتی هەرێم هەمیشە پابەندییە دەستوورییەکانی خۆی جێبەجێکردووە لە بەرامبەر  دابینکردنی ماف و شایستە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان".

ئەوەش هاتووە "بۆیە ئێمە لە کاتێکدا داکۆکی لە مافی رەوای خەڵکی کوردستان دەکەین، لە هەمانکاتدا هەموو هەوڵێکی خۆمان دەخەینەگەڕ بۆ ئەوەی ستەم لە خەڵکی کوردستان نەکرێت، بڕیارە بەم نزیکانە کۆبوونەوەی هەر سێ سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و نوێنەرانی هەرێمی کوردستانیش لە حکومەتی فیدراڵی ئەنجام بدرێت و هەڵوێستی فەرمی و یەکگرتووی هەرێمی کوردستان رابگەیەندرێت". 

س.س
Qaiwan
Qaiwan