کوردستانی

بەرھەم ساڵح لەسەر بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان ھەڵوێستێکی تووندی راگەیاند

مەودا میدیا - سلێمانی |


بەرھەم ساڵح لەسەر بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان ھەڵوێستێکی تووندی راگەیاند
مەودا میدیا-

سەرۆكایەتیی كۆماری عیراق لەبارەی تێپەڕاندنی یاسای پڕكردنەوەی كورتێهانی دارایی رایدەگەیەنێت  تێپەڕاندنی یاساكە بەبێ كورد پێشینەیەكی مەترسیدارە، ئاماژە بەوەشدەکات دابینكردنی مووچەی فەرمانبەران لە عیراق  بەبێ چارەسەری مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم كارێكی ناتەواوە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە "هەرچەندە یاسای پڕكردنەوەی كورتهێنانی دارایی كارێكی پێویست بوو بۆ دابینكردنی مووچە‌ی فەرمانبەران بۆ سێ مانگی داهاتوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پەنابردن بۆ قەرز چارەسەرێكی بەردەوام نییە، بۆیە جەخت لەرێگەچارەیەكی بنەڕەتی دەكەینەوە كە رێگە لەدووباربوونەوەی قەیرانی مووچەی فەرمانبەران بگرێت، چونكە قەرزكردن بەتەنها بەس نییە بۆ روبەڕوبوونەوەی ئەم قەیرانە، بەڵكو پێویستە پشت بە چاكسازیەكی گشتگیر ببەسترێت بۆ چارەسەری ریشەیی قەیرانەكە و پارێزگاری لە مووچەی فەرمانبەران وەكو ئەولەویەتێكی بێچەندوچوون".

ئاماژە بەوەشکراوە "بەڵام بەداخەوە ئەم یاسایە بێ رەچاوكردنی سازانی نیشتمانی، بەدیاریكراویش بەبێ خواستی كورد  پەسەندكرا و تێپەڕێندرا. ئەمەش پێشینەیەكی مەترسیدارە‌‌ لە كاری سیاسی عیراقدا،  دابینكردنی مووچەی فەرمانبەران لە عیراق  بەبێ چارەسەری مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم كارێكی ناتەواوە، چونكە ئەوانیش هاووڵاتی عیراقن  و مافەكانیان لەدەستوردا جێگیركراوە، لەم چوارچێوەیەدا دوپاتی دەكەینەوە پێویستە فەرمانبەران و تەواوی هاووڵاتیان بەدووربن لەو ململانێی سیاسیەی كە وڵاتی بەم رۆژە گەیاندووە".

ئەوەش هاتووە "لێرەشەوە تەئكید لەچارەسەركردنی كێشە هەڵواسراوەكانی نێوان حكومەتی فیدراڵ و هەرێم دە‌كەینەوە، بەدیاریكراویش دۆسیەی نەوت و رێكخستنەوەی بەشێوەیەكی شەفاف و بە گوێرەی دەستوور كە دادپەروەری و مافی هاووڵاتیبوون بۆ هەموو عیراقیەكان دەستەبەر بكات".

هەر لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەدراوە "ئەو هەلومە‌رجە هەستیارەی ئێستا وڵاتەكەمان بەخۆیەوە دەبینێت،  لەهەموو لایەكمان دەخوازێت كە یەكریزو هەماهەنگ بین و دووربین لە ووروژاندنی تایفی‌و نەتەوەپەرستی‌، میللەتەكەمان دەیەها ساڵ نەهامەتی چەشت بەدەست ئەم جۆرە وتار و سیاسەتەوە‌ و  نەبوونی حوكمڕانیەكی دروست دوركەوتنەوە لەبنەمای هاوڵاتیی بوون".

س.س
Qaiwan
Qaiwan