چاوپێكەوتن

د. کاروان حەمەساڵح: داهاتی ناوخۆی كوردستان بەسەر حزبەکاندا بەش بەش کراوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


د. کاروان حەمەساڵح: داهاتی ناوخۆی كوردستان بەسەر حزبەکاندا بەش بەش کراوە
مەودا میدیا – کاروان نوری

پسپۆڕ و شارەزایەكی ئابووری بەوردی دۆخی ئێستای كوردستان و كێشە داراییەكانی هەڵدەسەنگێنێت و ئاماژە بەوە دەكات، مەترسی زۆر گەورە هەیە ئەگەر حكومەتی هەرێمی كوردستان پلانێكی ستراتیژیی نیشتمانی بۆ دانەنێت.

د. کاروان حەمەساڵح، پسپۆڕ و شارەزای ئابووری وەڵامی كۆمەڵێك پرسیاری مەودا میدیای دایەوە. لەڕووی زانستیشەوە دۆخی سیاسی و ئابووریی ئێستای هەرێمی كوردستان هەڵدەسەنگێنێت.

سەرنجی ئێوە لەسەر پرۆژە یاسای قەرز و تێپەڕاندنی لە پەرلەمانی عیراق بەبێ ئامادەبوونی کورد چییە دوای ئەوەی کە بڕیاردرا 320 ملیارەکەی هەرێم رابگیرێت؟

د. کاروان حەمەساڵح: ئەو یاسایە هەندێک گۆڕانکاریی تێدایە بە بەراورد بە داواکارییەکانی پێشووی حکومەت، لە بڕینی مووچەش لەسەردەمی عادل عەبدولمەهدی لە کۆتایی کابینەکەی ئەوەوە دەستیپێکرد، ئەمەی کە روویدا لە پەرلەمانی عیراق بە یاسای زۆرینە و کەمینە بووە، بەڵام دۆخی پێکهاتەکانی عیراق لەبەرچاو نەگیراوە کە بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی متمانە لەنێوان کورد و سوننە و شیعە، کاتێک کورد و سوننە دەگەنە دۆخێک کە پێویستیان بەیەک بێت بەرانبەر کورد یەکدەگرن، بۆیە دەبێت هەرێمی کوردستان جارێکیتر بیر لەوە بکاتەوە کە هیچ شتێک گەرەنتی نییە، پێشتر رێککەوتن کراوە لەگەڵ بەغدا، بۆ رادەستکردنی 250 هەزار بەرمیل، کاتێک پاپەند نابن ئەوانیش یەکێک لە بەهانەکانیان ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان پاپەند نابێت بە رێککەوتنەکان، ئەوەی کە روویدا وەڵامێک بوو ئەو بێ متمانەیەی لەنێوان کورد و سوننە و شیعەدا هەیە، کورد و سوننە بە جیا، کورد و شیعە سوننە، شیعە و کورد بەجیا، ئێمە دەبێت دەرسێک لەوە وەربگرین کە دەبێت ناو ماڵی خۆمان یەکبخەین، دەبێت ئامانجی سەرەکیمان مووچە و قوتی هاوڵاتییان بێت، نەک بەجۆرێک بێت رێککەوتنەکان لە قازانجی حزبی یان لە قازانجی دەستە و تاقمێک بێت، نابێت بێ متمانەییەک دروست بکەین لە کۆتاییدا هاوڵاتییان باجەکەی بدەن، نابێت ئەوەش لە یاد بکەین دەرفەتی دانوستان ماوە لەبەرئەوەی کۆمپانیای سۆما یەکێکە لە لایەنەکانی دانوستانکار بەپێی پرۆژە یاساکە و بەپێی ئەو بڕگەیە لەگەڵ كۆمپانیای سۆمۆ و حکومەتدا قسە بکرێت بۆ دیاریکردنی ئەو بڕە نەوتەی کە هەرێمی کوودستان دەبێت رادەستی بەغدای بکات، چونکە لە بڕگەکەدا دیاری نەکراوە، بۆیە باشترین چارەسەر ئەوەیە کە دانوسانێک بکرێت لەسەر بنەمای  متمانە و راستگۆیی، بۆ ئەوەی لە بودجەی 2021 تووشی کێشە نەبین، چونکە ئەمە تەنها یەکێکە لە کارتێک بۆ ئەوەی بەکاربهێنرێت بۆ دووبارە دروستکردنەوەی متمانە تاوەکو لە بودجەی 2021 هەرێمی کوردستان پشکەکانی بەجۆرێک بێت لە خزمەتی دۆخی ئابووری و دارایی هەرێمی کوردستاندا بێت.

باشترین بژاردەی ئێستای بەردەم کورد چییە؟ پێویستە چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخەی ئێستادا بکات؟  

د. کاروان حەمەساڵح: لەم هەلومەرجەی ئێستادا شتێکی چاوەڕوان نەکراو بوو، لە رووی بەکارهێنانی ئەو کارتەوە نا، بەڵکو لە رووی گۆڕانکاری لە کارتی دارایی فشاری دارایی لە بەغداوە بۆ سەر هەرێمی کوردستان، کورد تەنها رێگە لە بەردەمیدا ئەوەیە رێکبکەوێت، چونکە لەئێستادا لەوانەیە فریای ئەوە نەکەوێت بەم پەلە پەلە دۆخی ناوخۆی خۆی رێکبخاتەوە لە رووی دارایی و ئابوورییەوە کە کەڵەکەبووی سی ساڵە، بۆیە باشترین فرسەت لەبەردەمیدا رێککەوتنە، رێککەوتنێک کە لە قەزانجی مووچەخۆران و هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستاندا بێت، هیوادارین حکومەتی هەرێمی کوردستان بە زووترین کات تیمێکی پڕۆفیشناڵ بچنە بەغدا بەجۆرێک کە رێکبکەون، ئامانجش بێت بۆ باشترکردنی دۆخی هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان، نەک ئامانجیان سوود و قازانجی حزب یان شەخس بێت.

لە ئەگەری رێکنەکەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا لەسەر بابەتی مووچە و پشکی هەرێم لەو قەرزەی کە دەکرێت، پێتوایە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەتوانێت بە داهاتی ناوخۆ و رێکخستنەوەی مووچەی فەرمانبەرانی دابین بکات؟

د. کاروان حەمەساڵح: سەبارەت بە ئەگەری رێکنەکەوتنی حکومەتی هەرێم و بەغدا، دۆخێکی خراپ چاوەڕوانی ئێمە دەکات، ئاسەوارەکانی زۆرتر لە پەسەندکردنی بودجەی 2021 دەردەکەوێت لە پەرلەمانی بەغدا، کە پێموایە خراپتر لەگەڵ کوردا، بۆیە دەبێت بەربگرین بەوە هیچ رێگایەک نەهێڵینەوە بۆ رێکنەکەوتن، چونکە دۆخێکی خراپ دەهێنێتە ئاراوە لە رووی دارایی و ئابوورییەوە، تەنانەت لە رووی سیاسییەوە پاشان لە مامەڵەی وڵاتانی ئیقلیم و وڵاتانی تریش تاڕادەیەک پشتیوانی ناوەند دەکەن بەرانبەر هەرێمی کوردستان، بۆیە دەبێت جارێکی تر پیشانی وڵاتانی دەرەوەی بدەین کە ئێمە ئەو لایەنەین کە بتوانین رێکبکەون، گرنگی دەدەین بە رێککەوتنەکان و خەمی قوت و ژیانی هاوڵاتییانی خۆمان، ئەگەر رێکنەکەوتن ئەو دۆخی هەرێمی کوردستان کە 30 ساڵە قەیرانەکان کەڵەکەبوون و ناشەفەفیەت هەیە لە داراییدا لە داهاتی سنوورەکاندا لە داهاتی گومرگ، لە داهاتی باج و رسومات، داهاتی نەوت، پێموانییە بەم ئاسانیە رێکبخرێتەوە، لەبەرئەوەی بەداخەوە گەندەڵی لە هەرێمی کوردستان بەش بەشکراوە بەسەر حزبەکاندا، بۆیە پێویستی بە زەمینەسازییەک پێش زەمینەسازییەکی ئیداریی و لایەنە پێکهێنەرەکانی حکومەت هەیە، ئەوانەی کە ئامادەن قوربانی بدەن بە حزب و بە شەخس و بە دارایی شەخسەکان، دەتوانن داهاتی ناوخۆ رێکبخرێتەوە،  ئەگەر ئیرادەیەکی چاکسازیی هەبێت بەدڵنیایەوە تەنها رێکخستنەوەی داهاتی سنوورەکان بەشی مووچەی هەموو هاوڵاتییانی کوردستان دەکات، بەڵام بەداخەوە دەبینین هەموو داهاتەکان بە حزبی و شەخسی کراوە، بەڵام ئەمە کاتی دەوێت لە کابینەکەی پێشووشەوە لە 2016 بڕیاری چاکسازیی دراوە، بەڵام دەبینین ئەوە چوار ساڵ تێپەڕیووە چاکسازییەکی وا نەکراوه کە بتوانین بەرگەی کارتێکی فشار بگرین، بۆیە بە هیچ جۆرێک رێکنەکەوتن لە قازانجی هەرێمی کوردستان نییە، لە ئەگەری رێکنەکەوتندا دۆخی دارایی و ئابووری، دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتیش بەرەو عاقارێکی خراپ دەڕوات.

حکومەتی هەرێمی کوردستان چی رێگەیەک بگرێتەبەر بۆ ئەوەی جارێکی دیکە رووبەڕووی هەڕەشەی بڕینی بەشە بودجەی لە داهاتی عیراق نەبێتەوە، لە رێکەوتنی داهاتووی بۆ ساڵی ئاییندە کە بڕیارە بنێردرێتە پەرلەمان؟

د. کاروان حەمەساڵح: هەرێمی  کوردستان بەداخەوە بەشێوەیەکی دوورمەودا بیری نەکردووەتەوە، سیاسەتی خۆی دانەڕشتووە، ئەمەش وایکردووە کاتێک تووشی قەیرانەکان دەبێت ئینجا بیر لە چارەسەر دەکاتەوە، ئەمە هەڵەیەکی ستراتیژی گەورەیە و هیچ حکومەتێکی پێشکەوتوو و حکومەتێک لە خەمی میللەتەکەیدا بێت کاری لەمشێوەیە ناکات، دەبێت لەئێستاوە بەشێوەیەکی دوورمەودا بە عەقڵیەتێکی ستراتیژی مامەڵە بکات لەگەڵ پرسە سیاسییەکان لەگەڵ رێککەوتنەکان مامەڵە بکات تا بزانێت لە  دوورمەودا پێویستمان بە چییە؟ هەرێمی کوردستان پێویستی بە بەغدایە پێویستی بە رێککەوتنێکی 5 ساڵ بۆ 10 ساڵەی هەیە بۆ ئەوەی بێتەوە سەرخۆی بۆ ئەوەی گەندەڵی و ناشەفەفیەت وەکو دەردێک داویەتی لە هەموو دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەرێمی کوردستانیشی تووشی نەزیفی دارایی کردووە. بۆ ئەوەی ئەمە دووبارە نەبێتەوە من لەماوەی رابردوودا کە چەندین ئاماژەمان بەوەکردووە تەنانەت لە مانگی شەشیشدا پێش ئەوەی ئەم شتانە رووبدات، ئێمه وتمان لە سەردەمی کۆرۆنا  ئەو وڵاتانەی کە زەرەرمەند دەبن بەم ڤایرۆسە ئەو وڵاتانەن کە ئابوورییەکەیان شڵۆقە و پشتی بەستووە بە نەوت عیراقیش نموونەیەکی زیندووە لەبەردەستمان، لەبەرئەوەی کە ئێمە هیچ ئامادەسازییەکمان نەکردبوو بۆ ئەگەرە خراپەکە، بۆیە ئێستا بە جۆرێکین ناچارین بە رێککەوتن.

دەبێت لەئێستادا وابیر بکرێتەوە ئەگەر رێککەوتنیش بکرێت و لە بودجەی 2021 بەشی هەرێمی کوردستان دابنرێت، دەبێت هەرێمی کوردستان خۆی ئامادە بکات بۆ ئەوەی خۆی بەهێز بکاتەوە لە رووی ئابووری و دارایی و سیاسییەوە، وێنەی حکومەت و خواستە نیشتیمانییەکان زاڵ بێت بەسەر خواستە حزبی و شەخسییەکاندا.

ئایا رێککەوتن و تەسلیمکردنی داهاتی ناوخۆ و خاڵە سنوورییەکان و ئەو داهاتانەی حکومەتی عیراق داوای دەکات، یان پێدانی ئەو بڕە نەوتە بە کۆمپانیای سۆمۆ لە بەرانبەردا عیراق مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دابین بکات؟ کام لەم دوو بژاردە لە بەرژەوەندیی کوردە؟

د. کاروان حەمەساڵح: ئەوەی لە یاسادا داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکرێت لەسەر ئەو بڕە نەوتەی کە داوای دەکات، تا ئێستا بڕەکەی دیاری نەکراوە، ئاراستەی دانوستانەکان لەگەڵ سۆمۆ دیاری دەکرێت ئەگەر حکومەت نیازی رێککەوتنی هەبێت، سەبارەت بەوەی حکومەتی ناوەند داوای داهاتی ناوخۆ دەکات، دەبێت هەنگاوی یەکەم حکومەتی هەرێم دەبێت ئامانجی دانوستان بێت، بەڵام بەداخەوە داهاتی ناوخۆ بەش بەش کراوە بەسەر حزبەکاندا و ئەو داهاتەی کە دەستدەخرێت ون دەکرێت لەنێوان چەند شەخسێکدا، ئەمەش وا دەکات حکومەت لایەنی یەکلاکەرەوە نەبێت لەو بابەتانەدا، ئایا چی تەسلیمی بەغدا بکات؟ یان چی تەسلیم نەکات؟ ئەگەر هەرێمی کوردستان نیوەی داهاتی ناوخۆ و 250 هەزار بەرمیل نەوتیش بدات بە بەغدا ئەوە لە بەرژەوەندییەتی لەبەرئەوەی لە ئێستادا نەوت زۆر بە هەرزان دەفرۆشرێت، ئەگەر حکومەت لەگەڵ بەغدا نەگاتە رێککەوتن ئەوە زەرەرمەندی یەکەم هاوڵاتییانن، بەڵام ئەگەر رێکبکەون و نیوەی داهات و ئەو بڕە نەوتەی لەگەڵ سۆمۆ دیاری دەکرێت هەرێم بینێرێت، ئەوە حزبەکان زەرەرمەند دەبن، بە هەر بژاردەیەک بێت پێویستە حکومەت بەرژەوەندی و لایەنی هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان لە بەرچاو بگرێت نەک بەرژەوەندی تاکی حزبی.

چارەنووسی کورد بەشێوەیەکی گشتی بە تایبەت لە رووی ئابوورییەوە چۆن دەبینی؟ بۆچی قەیرانی دارایی و ئابووری بەشێکی دانەبڕاوی هەمیشەیی بووە بۆ کوردستان لە سەردەمی کابینە یەک لە دوا یەکەکاندا؟

د. کاروان حەمەساڵح: بەداخەوە لە هەرێمی کوردستاندا لە رووی زانستییەوە، ئێستا خاوەنی سیستەمێکی ئابووری نین، چونکە سیستەمی ئابووری رێوشوێنی خۆی هەیە بـەداخەوە لە هەرێمی کوردستاندا سی ساڵە حوکمڕانی دەکەین، بەڵام نەتوانراوە پایەکانی سیستمی ئابووریی جێگیر دروستبکەین و ژێرخانێکی ئابووری دروست بکەین.

فشارە داراییەکان لە بەغداوە بێت لە وڵاتانی ترەوە بێت ئێمە نەمان توانیوە ئەو بناغە ئابوورییەمان هەبێت، دەبینین کۆرۆنایەک کە تووشی جیهان بووە، بەڵام زۆرێک لە وڵاتەکان بە ئاسایی دارایی خۆیان بە جۆرێک لە جۆرەکان بەو ژێرخانە ئابوورییە بەهێزەیان بێت تاڕادەیەک بەرگە بگرن، توانیویانە ئیفلاس نەکەن هاوڵاتییانیان زیان نەکەن، بەڵام بەداخەوە لە هەرێمی کوردستاندا بۆ هەر قەیرانێک زەرەرمەندی یەکەم هاوڵاتییانە، دەبێت ئەم هاوکێشەیە پێچەوانە بکرێتەوە کە هەموو شتێک بکرێت لەپێناوی ئەوەی هاوڵاتییان زیان نەکات، هاوڵاتییان دڵخۆشبن، هاوڵاتییان ژیانێکی شەرەفمەندانەیان هەبێت، ئێمە پێویستمان بە عەقڵەتێکی ستراتیژیی نیشتیمانی هەیە کە بتوانێت جارێکی تر سیستمیکی ئابووری رێکبخاتەوە لەهەرێمی کوردستان، لەسەر بنەمایەکی نیشتیمانی بەجۆرێک بێت داهاتی نیشتیمانیی ناوخۆمان بە جۆرێک بێت کە لەسەر بنەمای بەرهەمە ناوخۆییەکانمان بێت نەک تەنها پشت بە یەک جۆر سەرچاوەی وەک نەوت ببەستێت.

لەماوەی رابردووشدا هەمیشە  وتومە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەڵەیەکی ستراتیژی گەورە دەکات لە دۆخی ئێستادا ئەگەر گرەو لەسەر شکستی حوکمڕانی لە بەغدا بکات لەپێناوی ئەوەی بەهێز بێتەوە، یان گرە و لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بکات یان بەجۆرێک لە جۆرێک بیرکردنەوەیەکیش هەیە کە هەرێمی کوردستان بەرهەمی غازی زیادیکردووە، هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان سوودیان لە نەوت نەبینی ئەگەر غازەکەش بەمشێوە ناشەفافیەتە بەڕێوە ببرێت، لەبری خێر نەگبەتی دەهێنێت بۆ هاوڵاتییان.

بۆیە دەبێت هەرێمی کوردستان جارێکی تر شێوازی حوکمڕانی و تێڕوانینی خۆی بۆ پرسی نەوت، بۆ پرسی ئابووری، بۆ پرسی ژێرخانی ئابووری، بۆ پرسی دارایی، بۆ پرسی هەماهەنگی سیاسەت و ئابووریی دابڕێژرێتەوە. دەبێت ئێمە سەقامگیرییەكی سیاسی دروستبکەین و لەوەشەوە سەقامگیرییەكی ئابووری دروست دەبێت، لەوەشەوە ئێمە دەتوانین لەسەر بنەمای پێشخستنی بەرهەمە ناوخۆی و کەرتەکانی تری ئابووری، بتوانین نەوت ببێتە سەرچاوەی پێشخستنی کەرتەکانی تر نەک ببێتە هۆی لەدەستدانی توانای مرۆییمان و شکستپێهێنانی کەرتەکانی تر و ئێستا دەیبینین و روویداوە.

ک.ن
Qaiwan
Qaiwan