کوردستانی

قوباد تاڵەبانی: ئامادەییمان نیشانداوە بۆ رێککەوتن لەگەڵ بەغدا

مەودا میدیا - سلێمانی |


قوباد تاڵەبانی:  ئامادەییمان نیشانداوە بۆ رێککەوتن لەگەڵ بەغدا
مەودا میدیا-

جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت ئامادەییان نیشانداوە بۆ رێککەوتن لەگەڵ بەغدا سەبارەت بە ئیدارەدانی نەوت و خاڵە سنووریەکان، ئاماژەی بەوەشکرد هەمەجۆرکردنی ئابووری لە پێشەنگی كارەكانی حکومەتی هەرێمە.

ئەمڕۆ 17/11/2020 قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە میانەی بەشداریکردنی لە (کۆڕبەندی ئابووری کوردستان لە‌ لە‌ندەن) کە ئەمساڵ بەهۆی پەتای کۆرۆناوە بەشێوەی ئۆنلاین بەڕێوەچوو رایگەیاند "حکومەتی هەرێم كاردە‌كات بۆ ئە‌وە‌ی سیاسەتی ئابووری خۆی لە پشتبەستن بە نەوتەوە بگۆڕێت بۆ گەشەپێدانی پیشەسازی، کشتوکاڵ و گەشتوگوزار".

ئاماژەی بەوەشکرد "هەندێ هەنگاوی جددیمان ناوە بۆئەوەی جوتیارانمان کەمتر پشت بە حکومەت ببەستن، ئەمەش لەڕێگەی هاندانی کەرتی تایبەت هەتا بتوانن رۆڵی گەورەتر بگێڕن لە گەشەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ لە هەرێمەکەما، لەبری پشت بەستن بە بەغدا هەتا گەنمی جوتیارانی کوردستان بکڕێت و دواتریش پارەکەیان نەدات، ئێمە بەم دواییانە هاوبەشیمان کردووە لەگەڵ کەرتی تایبەت بۆئەوەی ڕاستەوخۆ گەنمی خۆمان لەناوخۆدا بە بازاڕ بکرێت، هەروەها ئەم دەستپێشخەرییە نەک تەنها دەستەبەری دەدات بە جوتیاران، بەڵکو بە هەزاران هەلی کاریش دەڕەخسێنێت، هەروەها پێداویستی نەک هەر بازاڕی کوردستان بەڵکو بازاڕە گەورەکە کە عێراق و ناوچەکەیە پڕدەکاتەوە بە گەنمی کوردستان".

قوباد تاڵەبانی باسیشی لە تۆمارکردنی مووچەخۆران کرد لە سیستەمی بایۆمەتری و ئەوەی خستەڕوو داتاکانی سیستمەکە بەکاردەهێنین بۆ ڕێکخستنەوەی قەبارەی حکومەت و تا ئێستا ناوی  16 هەزار و 500 مووچەخۆر ئاشکرا کراوە کە بە شیوازێکی نایاسایی زیاتر لە مووچەیەکیان وەرگرتووە.

لە بەشێکی تری وتەكەیدا ئاماژەی بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا كرد وتی "چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانمان لەگەڵ بەغدا وەک یەکێک لە ئەركە لەپێشینەكانمان دەمێنێتەوە، ئامادەیی خۆمان نیشانداوە بۆ رێککەوتنێکی گشتگیر لەسەر بەڕێوەبردنی نەوت و گاز، رازی بووین بە هاوبەشیکردن و هەماهەنگی  لەسەر بەڕێوەبردنی خاڵە سنوورییەکان و ئامادەین بۆ قسەکردن لەسەر خەرجییەکان و وردبینی لە داهاتی شەش ساڵی ڕابردوو. هەموو داوایەکی دەستووری و بەجێ کە لێمان کرابێ قبوڵمان کردووە، بۆیە هیچ پاساوێکی تر نەماوەتەوە بۆ بەردەوامبوون لە راگرتنی مووچەی فەرمانبەران لەلایەن بەغداوە".

س.س
Qaiwan
Qaiwan