کوردستانی

ئیدارەی گەرمیان لەبارەی کوشتنی کچێک لەلایەن براکانییەوە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


ئیدارەی گەرمیان لەبارەی کوشتنی کچێک لەلایەن براکانییەوە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە
مەودا میدیا-

ئیدارەی گەرمیان بە تووندی ئیدانەی کوژرانی کچێکی دانیشتووی قەزای کەلار لەلایەن سێ برایەوە دەکات رایدەگەیەنێت ئیدارەی گەرمیان ھاوکار و ھەماھەنگە بۆ ئەوەی تاوانبارانی ئەم کەیسە سزای یاسایی خۆیان وەربگرن.

لە راگەیەندراوێکدا ئیدارەی گەرمیان رایگەیاند "بەداخەوە لە چەند رۆژی رابردوودا لە گەڕەکی (شارەوانی2)ی شاری کەلار لە روداوێکی نەخوازراودا، لەلایەن پۆلیسەوە تەرمی کچێکی 26 ساڵ لە ماڵەکەی خۆیدا دۆزرایەوە، دواتر چوار تۆمەتبار کە سیانیان برای کچەکەن بە تۆمەتی ھەڵواسین و کوشتنی دەستگیرکراون.".

باسلەوەشکراوە "ئێمە لە ئیدارەی گەرمیان بە توندی ئیدانەی ئەو تاوانە قێزەونە دەکەین و بەھەموو شێوەیەک دژی ئەوە دەوەستینەوە لەژێر ھەر پاساوێکدا کچان و ژنان بکوژرێن، لێرەشەوە دوپاتیدەکەینەوە کە ئیدارەی گەرمیان ھاوکار و ھەماھەنگە بۆ ئەوەی تاوانبارانی ئەم کەیسە سزای یاسایی خۆیان وەربگرن".

ئاماژە بەوەشکراوە "ھاوکات بە ھەموو لایەکی رادەگەیەنین بەڕێز (قوباد تاڵەبانی) جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێم لەسەر ئەم تاوانە قێزەونە لەسەر ھێڵە و بەدواداچوون بۆ ئەم کەیسە دەکات. ھەروەھا بەڕێز جێگری سەرۆکی حکومەت لە رێگەی ئیدرەی گەرمیانەوە دەزگا پەیوەندیدارەکانی راسپاردووە ھەموو ھەوڵێک بخەنەگەڕ بۆ رێگری لە ئەنجامدانی ھەر حاڵەتێکی ھاوشێوە و توندوتیژی بەرانبەر ژنان".

س.س
Qaiwan
Qaiwan