کوردستانی

سەبارەت بە مەترسی هەژمارنەکردنی پرۆسەی خوێندنی ئەمساڵ روونکردنەوە دەدرێت

مەودا میدیا - سلێمانی |


سەبارەت بە مەترسی هەژمارنەکردنی پرۆسەی خوێندنی ئەمساڵ روونکردنەوە دەدرێت
مەودا میدیا – کاروان نوری

دوای ئەوەی بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی تەندروستیی، دەوامی قوتابخانەکان راگیرا، سەرۆکی لقی گەرمیانی یەکێتیی مامۆستایانیش ئاماژە بە مەترسییەکانی بەردەم پرۆسەی خوێندن دەکات و دەڵێت، راستە جارێک نەگەیشتووین بە مەترسی هەژمار نەکردنی ئەمساڵی پرۆسەی خوێندن، بەڵام دواخستنی پرۆسەی خوێندن و بەردەوامیدانیش بە بایکۆت، هیچ کاتێک لەبەرژەوەندی کەسدا نابێت و پێویستی بە چارەسەری بەپەلەیە.

ئازاد حەسەن، سەرۆکی لقی گەرمیانی یەکێتیی مامۆستایان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە مەودا میدیای راگەیاند "بەداخەوە ماوەیەکی زۆرە دەوامی خوێندنگەکان راگیراوە، حکومەتیش تا ئێستا هیچ رێگە چارەیەکی گونجاوی لەبەردەست نییە، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، راستە لە ئێستادا بەهۆی راپۆرتی وەزارەتی تەندروستیی دەوامی خوێندنگەکان راگیراوە، بەڵام پێش دەرچوونی ئەو بڕیارەش دەوامی خویندنگەکان لەلایەن مامۆستایانەوە بایکۆت کرابوو".

ناوبراو لەبەشێکی دیکەی قسەکانیشیدا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد "حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی پەروەردە، مامۆستایان وەک پێهێنەری سەرەکی بواری پەروەردە لەبەرچاو ناگرێت، چەندین جار سەبارەت بە مووچەی مامۆستایان داواکاریمان ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی پەروەردە کردووە تا ئێستاش وەڵامیان نەداوینەتەوە".

سەبارەت بە مەترسییەکانی بەردەم پرۆسەی خوێندن و ئایا مەترسی لەسەر ئەوە هەیە خوێندنی ئەمساڵ هەژمار نەکرێت، جەختیکردەوە "جارێ زووە بۆ ئەوەی بڕیار لەسەر ئەوە بدەین ئایا لەو مەترسییە نزیکبووینەتەوە یان نا، بەڵام ئەمەش پرسێکی تایبەتە بە وەزارەتی پەروەردە و دەبێت وەک لایەنی یەکەمی بەرپرس لەخەمی پەروەردە و خوێندکاراندا بێت و رێگە چارەیەک بدۆزێتەوە و خودی خوێندکار و مامۆستایانیش لەبارچاو بگرێت، دواخستنی پرۆسەی خوێندن و بەردەوامیدانیش بە بایکۆت، هیچ کاتێک لەبەرژەوەندی کەسدا نابێت و هیوادارین چارەسەری گونجاو و بەپەلە بدۆزرێتەوە".

ئەمە لە کاتێکدایە وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستپێکردنی پرۆسەی خوێندنی راگەیاند، بەڵام دواتر و بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی تەندروستیی، دەوامی سەرجەم بەش و قۆناغەکان راگیراو تا ئێستاش نازانرێت، چارەنوسی ئەمساڵی خوێندن بەکوێ دەگات.

ک.ن
Qaiwan
Qaiwan