کوردستانی

ئەنجومەنی باڵای فەتوا لە هەرێم کارێکی دیوانی وەقفی سوننی و شیعی عیراق رەتدەکاتەوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


ئەنجومەنی باڵای فەتوا لە هەرێم کارێکی دیوانی وەقفی سوننی و شیعی عیراق رەتدەکاتەوە
مەودا میدیا-
 
ئەنجومەنی باڵای فەتوا لە هەرێمی کوردستان ئەو رێککەوتنەی نێوان هەردوو دیوانی وەقفی سوننی و شیعی عیراق سەبارەت بە دابەشکردنی موڵکەکانی وەقف بەسەر هەردوولا لەسەر بنەمای تائیفی رەتدەکاتەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە 24ی تشرینی دووەمی 2020 ئەنجومەنی باڵای فەتوا لە بەیاننامەیەکدا ئەو کار و هەنگاوەی دابەشکردنی موڵکە وەقفکراوەکان بەسەر یەکتری (دیوانی وەقفی سوننە- دیوانی وەقفی شیعە) بە تەواوەتی رەت دەکاتەوەو بە پێچەوانەی بنەماکانی شەریعەتی دادەنێت.

ئەنجومەنی باڵای فەتوا ئاماژەی بەوە کردووە "کە ئەو موڵکانە موڵکی وەقفن و پێشتر لە وەزارەتی ئەوقافی عیراقی تۆمار کراون و دەستکاری کردنیان وابەستەیە بە خودی وەقفکارەکە، ناکرێ بەو شێوەیە مامەڵەیان پێ بکرێت و بە بڕیارو رێکەوتنی ئیداری، وەک ئەوەی ئێستا ئەو دوو دامەزراوەیە بێ گەڕانەوە بۆ مەرجە پەیوەستەکان، بەسەر هەردوو دیوانی وەقفی سووننەو شیعە دابەشی بکەن، چونکە ئەو کارە لەگەڵ ئەحکامی شەرعی و فیقهی ئیسلامی یەک ناگرێتەوە".

هەر لە بەیاننامەکە هاتووە "دابەشکردنی زەوی و موڵکی وەقف لە سنووری پارێزگای کەرکوک لەسەر بنەمای تائیفی، کە بە ناوچەی کێشە لەسەرەکان ناوزەند کراوە، دزیێکی ئاشکراو رێگایەکە بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکە لەژێر پەردەی ئایینی, هەروەها لەگەڵ ئەوەش ئەرکی ئەوقاف سەرپەرشتی کردنی موڵکە وەقفکراوەکانە بەپێی مەرجی وەقفکەرەکە و چاودێری و پاراستنی ئەو موڵکانەیە لەچوارچێوەی بەرژەوەندی شەرعی و دروست نیە بۆ کارو ئامانجی تایبەتی بەکاریان بێنێت و زیانیان لێبدات".

ئەوەشخراوەتەڕوو "ئەو جۆرە هەنگاوانە وێڕای ئەوەی پێچەوانەی بنەماکانی شەریعەتن، لەهەمان کات سەردەکێشێ بۆ پەرتەوازەیی نیشتمانی و ناسەقامگیری کۆمەڵایەتی".

س.س
Qaiwan
Qaiwan