کوردستانی

قایمقامیەتی سلێمانی هۆشداری دەدات

مەودا میدیا - سلێمانی |


قایمقامیەتی سلێمانی هۆشداری دەدات
مەودا میدیا-

سەرۆکی لیژنەکانی قایمقامیەتی سلێمانی سەبارەت بە مەترسی بەکارهێنانی تەلی حاجەت بۆ سەر تەندروستیی مرۆڤ هۆشیاری دەدات، هەروەها لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەت و تەندروستی سلێمانی ڕێگری لە بەکارهێنانی تەلی حاجەت دەکەن لە شوێنە گشتییەکان.

لەشکر حەمید، سەرۆکی لیژنەکانی قایمقامیەتی سلێمانی سەبارەت بە مەترسییەکانی کەمتەرخەمی لە بەکارهێنانی تەلی حاجەت شۆردن دەدات و رایدەگەیەنێت "پێکهاتەی تەلی شۆردنی حاجەت (ئەو دەفرانەی خواردنیان تیادا ئامەدەکرێت) لەوردە ئاسن پێکهاتووە بۆیە پێویستە بەوریاییەکی زۆرەوە بەکاربهێنرێت چونکە هەندێک جار پارچەی لێ دەبێتەوە و تێکەڵی خواردن دەبێت ئەمەش لەشی مرۆڤ توشی ژەهراوی بون دەکات".

وتی "لەکاتی قوتدانی تەلەکە لەگەڵ خواردنەکان، ئەگەری زۆرە لە بۆرییەکانی هەناسە، ریخۆڵە یان دیواری گەدە بچەقێت، دەبێتە هۆی هەوکردن و دروست بوونی برین".

وتیشی "تەلی حاجەت لەکاتی چوونە ناو گەدەدا لەگەڵ ترشەکان کارلێک دەکات و بەدروستکردنی مادەی نوێ دەبێتە هۆی ژەهراوی بوون و بەرزبوونەوەی تۆکسین و رێژەی کانزا قورسەکان لە جەستەی مرۆڤدا".

روونیکردەوە "لەبەر ئەم کاریگەریانەی لەسەر تەندروستیی مرۆڤ، لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەت و تەندروستی سلێمانی رێگری لە بەکارهێنانی تەلی حاجەت دەکەن لە شوێنە گشتییەکان، هەروەها پێشیانوتراوە نابێت مەنجەڵی تیڤاڵی و سینی داخوراو بەکاربهێنن".

لەشکر حەمید، داوا لەخانمان دەکات بۆ سەلامەتی تەندروستی خۆتان و خێزانەکەتان، لەکاتی شۆردنی دەفرەکان و پێداویستییەکانی دیکەی ئامادەکردنی خواردەمەنی بەوریاییەکی زیاترەوە تەلی حاجەت بەکاریبهێنن تا لە مەترسی پارچەبون و تێکەڵ بونی بەخواردنەکان پارێزراوبن.

سەرۆکی لیژنەکان کە هاوکات ئەندازیاری خۆراکە، هۆشیاری بە دوکان و ئەو شوێنانە دەدات کە خواردن تیایدا ئامادە دەکرێت و دەڵێت "بۆ خاوێنکردنەوە و شۆردنی ئەو دەفر و پێداویستیانەی لە ئامادەکردنی خواردەمەنیدا بەکاردەهێنرێت، ئەو تەلی حاجەتە بەکارنەهێنن کە لەوردە ئاسن دروستکراوە، بەپێچەوانەوە رووبەڕووی رێکاری یاسایی دەکرێنەوە".

س.س
Qaiwan
Qaiwan