کوردستانی

"ناکرێت بەناوی شەرەف و نەریت و بنەماڵە و پاساوی بێ بنەما سوكایەتی بە ژنان بكرێت"

مەودا میدیا - سلێمانی |


"ناکرێت بەناوی شەرەف و نەریت و بنەماڵە و پاساوی بێ بنەما سوكایەتی بە ژنان بكرێت"
مەودا میدیا - کاروان نوری

ئەمڕۆ  چوارشەممە، لەلایەن نەتەوەیەكگرتووەكانەوە وەك رۆژی نیشتمانی بۆ رووبەڕووبونەوەی توندوتیژی دژ بەژنان دیاریكراوە، لەهەرێمی كوردستانیش ساڵانە بۆ ماوەی 16 رۆژ هەڵمەتێكی نیشتمانی رادەگەیەندرێت بۆ رووبەڕووبونەوەی توندوتیژی دژ بەژنان.

محەمەد گۆمەشینی، وتەبێژی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی هەرێمی كوردستان بە مەودا میدیای راگەیاند "ئەمڕۆ چوارشەممە (25-11-2020) لەلایەن نەتەوەیەكگرتووەكانەوە وەك رۆژی نیشتمانی بۆ رووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی دژ بەژنان دیاریكراوە، لەهەرێمی كوردستانیش ساڵانە بۆ ماوەی 16 رۆژ هەڵمەتێكی نیشتمانی رادەگەیەندرێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان".

ئەوەشی خستەڕوو "ساڵانە و لەم رۆژەدا لەسەرجەم شار و شارۆچكەكان چالاكی جۆراوجۆر ئەنجام دەدرێت بۆ هۆشیاركردنەوەی ژنان لەمافە یاساییەكانیان، ژنان هەمیشە هاوبەشی سەختیەكان بوون، بەڵام ئازارەكانیان نەبینراون، بۆیە دەبێت ئێستا ژنان هاوبەش بن لەپرۆسەكانی بەرێوەبردنی كۆمەڵگا لە خێزانەوە تاوەكو باڵاترین پێگەی دەسەڵاتی حوكمڕانی تاوەكو بكەونە دۆخێكەوە، كەس نەتوانێ بەناوی شەرەف و نەریت و بنەماڵە و پاساوی بێ بنەمای تر سوكایەتی بە ژنان بكرێ یان بكوژرێن".

روونیشیکردووەتەوە "هەنگاوی جدی لەگشت ئاستێكدا دەبنە هۆی بەدیهێنانی ئەو ئامانجە و دورخستنەوەی مۆتەكەی توندوتیژی، كە بەداخەوە بەحوكمی كۆمەڵێك فاكتەر توندوتیژی نەوەك كەمی نەكردووە، بەڵكو شێوازی نوێشی بەدوای خۆیدا هێناوە، زۆر گرنگە ژنانی كوردستان چاوپۆشی لەتوندوتیژی نەكەن، ئێمە هانی راگەیاندنمان داوە كە چاوپۆشی لەتوندوتیژی نەكەن و رووداوەكان بخەنەڕوو".

نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بەوەدەکات, لە سەردەمی کۆرۆنادا تووندوتیژی دژ بە ژنان زیادیکردووە، بەڵام دەڵێت، ئاماری ئەو تووندوتیژییانە پێش کۆرۆناش مەترسیداربوون، ساڵی رابردوو 18%ی ژن و کچان رووبەڕووی دەستدرێژیی سێکسی یاخود تووندوتیژیی جەستەیی بوونەتەوە.

بەپێی ئامارەكانی ئەنجومەنی باڵای كاروباری ژنان، لەساڵی 2014 كەمترین و  82 حاڵەت و لە 2016 زۆرترین حاڵەت و 125 حاڵەتی كوشتن و خۆكوشتنی ژنان تۆماركراون".

ئەوەش دوای ئەوە دێت، کە له‌ 17ی كانوونی یه‌كه‌می ساڵی 1999 رێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان، به‌ گوێره‌ی بڕیاری (134-54) 25ی تشرینی دووه‌می وه‌ك رۆژی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی دژی ژنان دیارییكرد.
Qaiwan
Qaiwan