کوردستانی

عەلی حەمە ساڵح: پەرلەمان بەهۆی سەرۆکایەتییەکەیەوە زەلیل بووە

مەودا میدیا - سلێمانی |


عەلی حەمە ساڵح: پەرلەمان بەهۆی سەرۆکایەتییەکەیەوە زەلیل بووە
مەودا میدیا - کاروان نوری
 
دوای ئەوەی ژمارەیەک پەرلەمانتاری کوردستان داوایان کرد بڕگەیەکی دیکە بۆ دانیشتنی دوێنێی پەرلەمانی کوردستان زیاد بکرێت، بۆ گفتوگۆکردن لەبارەى دواکەوتنی مووچەی مووچەخۆران، ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان، دەڵێت، سەرۆکایەتی پەرلەمان گوێیان لێناگرێت.
 
راهی رەهبەر، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان بە مەودا میدیای راگەیاند "ئێمە وەک 21 پەرلەمانتاری كوردستان داوامان کرد، لە دانیشتنی دوێنێی پەرلەماندا تەوەرێکی دیکە زیاد بکرێت، بۆ ئەوەی گفتوگۆ بکەین دەربارەى دواکەوتنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و چوونی وەفدی هەرێم بۆ بەغدا لەبارەی مووچەوە، بەڵام سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان هیچ وەڵامێکی نەداینەوە".

لەلایەکی دیکەوە عەلی حەمە ساڵح، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان دەسەڵاتەکانی بەکاردەهێنێت بۆ دەسەڵات و ئەو بابەتانەی کە گرنگن پشتگوێ دەخرێت و ئەو کەسانەشی بانگهێشتی پەرلەمان دەکرێت، هیچ پەیوەندییەکیان بەبابەتەکەوە نییە".

ئەمە لە کاتێکدایە، دوێنێ په‌رله‌مانی كوردستان کۆبووەوە و چەند جارێک ئەندامان لە ناو کۆبوونەوەکەدا ئاماژەیان بە نووسراوەکەیان کرد کە ئاراستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانیان کردووە و وتییان، مووچە و گوزەرانی ژیانی خەڵکی لەو بابەتانە گرنگترە کە خراوەتە بەرنامەی کاری دانیشتنەکەوە.
Qaiwan
Qaiwan