کوردستانی

بۆ کردنەوەی هەژماری بانکی 100 هەزار دینار لە فەرمانبەران وەردەگیرێت؟

مەودا میدیا - سلێمانی |


بۆ کردنەوەی هەژماری بانکی 100 هەزار دینار لە فەرمانبەران وەردەگیرێت؟
مەودا میدیا - کاروان نوری

دوای ئەوەی واژۆ لەسەر جێبەجێكردنی بڕیاری لیژنەی باڵای جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی کرا، كە تایبەتە بە كردنەوەی هەژماری بانكی بۆ مووچەخۆران، بەڕێوەبەری بانکە بازرگانییەکانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەو زانیاریانەی باس لەوەرگرتنی 100 هەزار دەکەن لە فەرمانبەران دوورە لە راستییەوە.

مەولود سابیر، بەڕێوەبەری بانکە بازرگانییەکانی هەرێمی کوردستان بە مەودا میدیای راگەیاند "دوای ئەوەی لە وەزارەتەوە بڕیاری کردنەوەی هەژماری بانکی بۆ فەرمانبەرانمان بە دەست گەیشت راستەوخۆ ئێمەش ئاراستەی بانکەکانی هەرێمی کوردستانمان کردووە بۆ ئەوەی دەست بە کارەکان بکەن".

ناوبراو سەبارەت بە ئەو زانیارییانەی کە باس لەوە دەکات بڕی 100 هەزار دینار لە هەر فەرمانبەرێک وەردەگیرێت روونیکردەوە "ئەو زانیارییانە دوورن لە راستییەوە و ئەوەی کە وەردەگیرێت تەنها عمولەی بانکییەوە و بۆ 25 لاپەڕە تەنها 12 هەزاری لێوەردەگیرێت و ئەگەریش 50 لاپەڕە بێت 17 هەزاری لێوەردەگیرێت".

ئەمە لە کاتێکدایە، لە درێژەی پرۆسەی جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی، وەزیری دارایی و ئابووریی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە رێكەوتی 17-6-2020 واژۆی كرد لەسەر جێبەجێكردنی بڕیاری لیژنەی باڵای جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی كە تایبەتە بە كردنەوەی هەژماری بانكی بۆ مووچەخۆران و سوودمەندان لە بودجەی گشتی كە تاكو ئێستا هەژماری بانكییان نییە.
Qaiwan
Qaiwan