کوردستانی

مەحمود سەنگاوی بۆ مەودا میدیا: هیچم نەکردووە تا دادگایی بکرێم

مەودا میدیا - سلێمانی |


مەحمود سەنگاوی بۆ مەودا میدیا: هیچم نەکردووە تا دادگایی بکرێم
مەودا میدیا- کاروان رەسوڵ

هۆزی کروییەکان لە سنووری پارێزگای دیالە سکاڵای یاسایی لەسەر کۆمەڵێک بەرپرسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان تۆمار دەکەن و بەرپرسی میحوەری گەرمەسێری هێزی پێشمەرگەش یەکێکە لەوانەی سکاڵای لەسەر تۆمارکراوە و باس لەوە دەکات ئەگەر دادگایی کردنەکەی لە شاری سلێمانی بێت ئامادە دەبێت.

مەحمود سەنگاوی، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بەرپرسی میحوەری گەرمەسێری هێزی پێشمەرگە كە هاوكات یەکێکە لەو كەسانەی سکاڵای یاسایی لەسەر تۆمارکراوە بە مەودا میدیای وت "هیچ شتێکم بە فەرمی پێنەگەیشتووە"، ئەوەش دەڵێت "هیچم نەکردووە تا دادگایی بکرێم".

سەنگاوی ئاماژەی بەوەشكرد "ئەگەر دادگایی کردنەکە لە شاری سلێمانی بێت دەچمە بەردەم دادگاو لێیان بێمنەتم".

تۆمارکردنی سکاڵای هۆزی کروییەکانی پارێزگای دیالە بە تۆمەتی رووخاندنی خانووەکانیان لە کاتی شەڕی داعشدایە، لەسەر ئەو بابەتەش ساكاڵای یاساییان لەسەر حەوت بەرپرس و فەرماندەی هێزی پێشمەرگە تۆماركردووە كە بریتین لە "مەحمود سەنگاوی، بەرپرسی میحوەری گەرمەسێر. مەردان چاوشین، بەرپرسی میحوەری قەرەتەپە. شێرکۆ میروەیس، ئەندامی پەرلەمانی عیراق. فەرهاد رەفعەت، بەرپرسی دەزگای نەهێشتنی تاوان و یەعقوب یوسف، بەڕێوەبەری ناحیەی گوڵاڵە".

Qaiwan
Qaiwan