د.نازەنین عوسمان

د.نازەنین عوسمان

تایوان و چین... 72 ساڵ ململانێ لەسەر خاك و شوناس

تایوان دوورگەیەکە دەکەوێتە باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا لەنێو ئۆقیانووسی هادی، لە باکووری رۆژئاوای چینە و تەنها 140کم لێیەوە دوورە، باکووری خۆرئاوای ژاپۆنە و باشووری فلیپینە، دانیشتوانەکەی نزیکەی 24 ملیۆن کەسن. تایوان پێکهاتووە لە دوورگەی تایوان 99٪  و 1٪ چەند دوورگەیەکی زۆر بچووک کە لەنێو دەریای چین هەن و زۆربەیان گرنگی سەربازی و ئاسایشی هەیە. پایتەختەکەی (تایپێ)یە. تایوان سیستمێکی تایبەتییە، هەم وڵاتە و هەم وڵاتیش نییە لەهەمانکاتدا.

چین، خاکی دوورگەی تایوان بە بەشێك لە جوگرافیای خۆی دەزانێ و داوا دەکات بگەڕێتەوە سەر چین و تایوانیش داوای سەربەخۆیی خۆی دەکات. لە مێژوودا، دوورگەی تایوان زۆربەی کات لەژێر دەستی ئیمپراتۆریەتی چیندا بووە و لە پاشدا ژاپۆن دگیریکردووە بۆ ماوەی 50 ساڵ تا دۆڕانی لە جەنگی جیهانیی دووەم و لە ساڵی 1945 بۆ چین گەڕێندرایەوە.

تايوان

کێشە سەرەکییەکەی نێوان چین (کە بە کۆماری چینی میللی دەناسرا) و تایوان (کە بە ناوی کۆماری چین دەناسرا)  دەگەڕێتەوە بۆ شەڕی ناوخۆی چین لەنێوان ساڵانی 1927 بۆ 1949 لەنێوان دوو پارتی سەرەکی ئەوکاتەی چیندا هەبوو، پارتی ناسیۆنالیستی چینی (کۆمینتانگ) کە لەسەر حوکم بوو، پارتی کۆمۆنیستی چینی بە رابەرایەتی ماوتسی تۆنگ. دوای شەڕێکی درێژخایەن کە هەموو چینی گرتەوە کۆمینتانگ دۆڕاو و حکومەتەکەی رایکردە تایوان لە ساڵی 1949 بە هەموو پارە و و سەرمایەی حکومەتەوە لەگەڵ 2 ملیۆن کەس. لە تایوان کۆمینتانگ حکومەتێکی لە دەرەوەی وڵات دامەزراند بە سەرۆکایەتی (شیانگ کای شیک) ناوی لێندرا کۆماری چین کە ئێستا زیاتر بە (تایوان دەناسرێت). لە خاکی چین کە پارتی کۆمۆنیست سەرکەوتوو بوو حکومەتی کۆماری چینی میللی دامەزرا لە ساڵی 1949 بە سەرۆکایەتی ماوتسی تۆنگ کە ئێستا زیاتر بە (چین دەناسرێت). لەو کاتەوە چین هەوڵدەدات تایوان بخاتەوە سەر چین.

دوای دامەزراندنی حکومەتی کۆمینتاگ لە تایوان، ئەم حکومەتە دانی پێداهاتبوو و پشتگیری دەکرا لەلایەن وڵاتانی ئەمەریکا و رۆژئاوا و زۆربەی وڵاتان کە دژ بە بلۆكی کۆمۆنیستی بوون. کۆمینتاگ هەوڵی دەدا لە تایواناوە هێرش بکات و چین بگرێتەوە و تا ساڵی 1975 لەسەر حوکم بوو و هەر نەیتوانی. کۆماری چین بە سەرۆکایەتی کۆمینتاگ ئەندامی یەکێک لەو پێنج وڵاتە سەرەکییە هەمیشەییە بوو لە وڵاتە یەکگرتووەکان لە ئەنجومەنی ئاسایش، تاکۆ 1971 لێیان وەرگیراوە بە بڕیارێکی وڵاتە یەکگرتووەکان و درا بە کۆماری چینی میللی کە وردە وردە بەهێز دەبوو و شوێنی لە سەر گۆڕەپانی دنیا گەورە دەبوو، تایوان لە وڵاتە یەکگرتووەکان دەرکرا و مافی وڵاتی لێسەندراوە. لە ئێستادا تەنیا 20 وڵاتی بچوک دانی بە تایوان ناوە هەتا ئەمەریکا و ئەوروپا دانیان پێدا نەناوە، وڵاتان نایانەوێ خۆیان تووشی کێشە بکەن لەگەڵ چین کە نەک هەر دژی سەربەخۆیی تایوانە، بەڵکو بە خاکی خۆی دەزانێت.

ئابووریی تایوان گەشە دەكات

ئابووریی تایوان هێندە بەهێز بووە بە تایبەتی لەو 30-40 ساڵەی دوایی، بە بچوکی خۆی کێبڕکێ لەگەڵ دەوڵەتە گەورەکان دەکات و یەکێکە لەو چوار وڵاتەی کە ناوی پڵنگەکانی ئاسیایان پێدەڵێن ئەوانیش: تایوان، سەنگافورە، هۆنگ کۆنگ و کۆریای باشوورن. گەشەکردنی لە هەمو روویەکەوە دیارە، لە رێگەی سیستمی تەندروستییان باشترین بەرەنگاربوونەوەیان هەبوو لە دنیا بەرانبەر بە کۆرۆنا.

لە ئێستادا دەسەڵاتی تایوان بەشێوەی دیموکراتی هەڵدەبژێردرێت و خاوەن دەستوور و دراوی خۆیەتی و کۆمەڵگەیەكی زۆر کراوەیە لەسەر شێوەی وڵاتە رۆژئاواییەکان، ئازادیی دەەربڕین ئاساییە، ئەم دیموکراسیەتە لە ساڵی 1996 لی تۆنگ هوەی سیستمی هەڵبژاردن و دیموکراتیەتی چەسپاند. لە ساڵی 2008 تا 2014 تایوان پەیوندیی بازرگانی باشی لەگەڵ چین هەبوو. لە ساڵی 2014 بزووتنەوی خوێندکاران لە تایوان دژی ئەو پەیوەندییە بەهێزەی وڵاتەكەیان و چین وەستانەوە.

لە هەڵبژاردنی ساڵی 2016 سەرۆکی پارتی دیموکراتی پێشکەوتنخواز، خاتوو تسای ئینگ وین، بوو بە سەرۆک و ناسنامەی تایوانی وەک سەربەخۆ دیاریکرد.
سیستمی بەڕێوەبردن لە تایوان تایبەتییە  "نیوە سەرۆکایەتی و نیوە پەرلەمانییە" کە هەردووکیان دەسەڵاتی تایبەتیان هەیە و لایەنی دووەم ناتوانێت رێگر بێت. پەیوەندیی دیپلۆماسی بەشێوە کلاسیکییەکە نییە لەگەڵ وڵاتان، بەڵکو كۆنسوڵخانەكان لە ژێر ناوی (نوێنەرایەتی ئابووری و رۆشنبیری تایپێ)یە.

هەرچەندە تاکو ئێستا شەڕ لەنێوان ئەو دوو هێزە هەڵنەگیرساوە، بەڵام ئامادەباشی بۆ دەکرێ. چین هەوڵی داوە شەڕی دەروونی لەگەڵ دەسەڵاتی تایوان بکات بەتایبەتی بە هەڵسانی فڕۆكەی شەڕكەر کە بە دەوری تایوان دەخولێتەوە و زوو زوو شەڕی ئەلیکترۆنی بە تایوان دەفرۆشی و کێشە دەخاتە ئینتەرنێتی، بەهۆی سیستمی دیموکراتی لە تایوان چین بە ئاسانی دەتوانێت پڕوپاگەندە لەنێویان بڵاوبکاتەوە. چین ژمارەیەکی زۆر لە پاپۆڕی راوكردن لەو ناوچانە بەکاردەهێنێت کە لە راستیدا بۆ ئاسایشی چینی کاردەکەن، بەڵام بە جلوبەرگ و شوناسنامەی راوچی.

مەترسی ئەوە هەیە چین بەشێک لەو دوورگە بچووکانە داگیربکات کە سەر بە تایوانە و تایوان بهێنێتە نێو شەڕ، مەترسیی گەورەتر لەوەدایە کە هێرش بکاتە سەر تایوان خۆی، هەرچەندە چین زۆر پێشکەوتووە لە داگیرکردنی بازاڕەکانی دنیا، بەڵام لەگەڵ ئەوەش پشێویی پێوە دیارە لە چاو دە ساڵ بەر لە ئێستا و بەتایبەتی دوای پەتای کۆرۆنا. لە نێو پارتی کۆمۆنیستی چین دەنگی دژە شەڕ لەگەڵ تایوان خەریکی بەرزبوونەوەیە، چین کەوتووەتە شەڕی سارد لەگەڵ ئەمەریکا.

تایوان هێزێکی گەورەی ئابووری هەیە، بەڵام لە رووی سەربازییەوە هێزەکەی گەورە نییە بەرانبەر بە چین. دانیشتوانەکەی ئارەزوومەند نییە تێکەڵ بە چین ببنەوە بەتایبەتی نەوەی نوێ کە فێری ئازادی بووە وەک نەوە کۆنەکە نین کە بەشێکیان لە چینەوە هاتوون و خۆیان هەر بە چینی دەزانن. جگە لەوەی نایانەوێ تووشی هەمان حاڵەتی دانیشتوانی هۆنگ کۆنگ بن کە چین یاسایەکی دەرکرد دژ بە ئازادی لە هۆنگ کۆنگ.

ئەمەریكا، هاوكاریی تایوان دەكات

پشتگیریی سیاسەتی ئەمەریکا بەرانبەر بە تایوان زۆر بە ئاشکرا نییە، هەرچەند پشتگیریی تایوان دەکات و چەکی دەداتێ‌ و راهێنان بە سوپاکەی دەكات. لە کۆنگرێس یاسایەکیان داناوە کە دژی هەموو هێرشێک بن دژ بە تایوان و ئەگەر چین هێرش بکاتە سەر تایوان، بڕگەیەک لەو یاسایا دایە کە ئەمەریکا هێزی سوپایی بەکاربهێنێت. پەیوەندیی دیپلۆماسی نییە لەنێو تایوان و ئەمەریکا، بەڵام یاسایەکی تایبەتیان داناوە کە رێگە دەدات بەرپرسیارانی هەردوولا میوانداریی یەکتر بکەن. هەروەها یاسایەکی تریشیان داناوە تا پاپۆڕەکانی هەردوولا بتوانن بچنە رۆخە دەریاییەكانی یەکتر.

سەرۆکی چین بە ئاشکرا وتی ئەگەر پێویست بکات هێز بەکاردەهێنن تا تایوان بێتەوە سەر خاکی چین. ئەگەر تایوان گەڕاوە دەکرێت وەک یەک وڵات و دوو سیستمی جیا بەڕێوەببرێت، بەڵام ئەمە لەلایەن تایوانەوە بەرپەرچ درایەوە و بڕوایان بە چین نییە بەتایبەتی دوای گۆڕانی یاسای چین بەرانبەر بە هۆنگ کۆنگ.

گرنگی جیۆگرافی تایوان لەوەیە گەر چین بیگرێتەوە، لە تایوانەوە دەتوانێت کۆنترۆڵی رێگەی دەریایی بکات بۆ ژاپۆن و کۆریا و فلیپین، خۆ ئەگەر هەردەوڵەتێکی تر کۆنترۆڵی تایوان بکات، ئەوا بە ئاسانی دەستی دەگات بە چین لە کاتی هەڵگیرسانی شەڕ، هەر بۆیە تایوان زۆر گرنگە بۆ چین و حکومەتی چینی یاسایەکی دەرکرد بۆ گەڕاندنەوەی تایوان و هەموو ئەو زەوییانەی لەژێر دەستی نییە. گرنگییەکی تری تایوان دەوڵەمەندی ئابوورییەكەیەتی. تایوان زۆر بەهێزە لە رووی تەکنەلۆژیاوە بەتایبەتی لە دروستکردنی ئامێری ئەلیکترۆنی لە کۆمپیوتەر و تەلەفۆنی زیرەک، ئەو تەلەفۆن و کۆمپیوتەرەی بەردەستت بەلانی کەم چەند پارچەیەکی لە کۆمپانیاکانی تایوان دروستکراون جا جۆرەكەی هەرچییەک بێت، هەروەها دروستکردنی ئەو چیپسانەی بەکاردێت لە دروستکردنی چەکی زیرەک لە کۆمپانیاکانی تایوان دەردەچن.


سیناریۆ زۆرن كە چۆن چین تایوان بگرێتەوە، هەرچەند ئەمانە هەر سیناریۆن، بەڵام ئەگەرەکانی زۆرن و لە ساڵی 1949وە چین هەوڵی بۆ دەدات. ‌هێزی سوپایی گەورەی چین دەتوانێت تایوان بگرێتەوە بەڵام تایوانیش خۆی ئامادەکردووە بۆ ئەو ئەگەرانە و ستراتیژیی بەرگریی داڕشتووە و سوپاکەی راهێنانی باشی پێکراوە و ئەمە دەبێتە هۆی زیانی زۆر بە ئابووریی و لەشکری چین. لەنێوان تایوان و چین لە دەربەندی تایوان هەردوو وڵات هێزی سوپاییان بەرانبەر بەیەک داناوە هەرچەند هێزەکانیان بەراورد ناکرێت، بەڵام پێکدادان هەر دەبێت. لە کاتێک ئەو پێکدادانە روویدا هەڵوێستی ئەمەریکا لەوکاتە چی دەبێت؟ ئەمەش مەتەڵێکی قورسە.

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan