کوردستانی

دوو پەرلەمانتاری گۆڕان: پارێزبەندیمان ناوێت و دەچینە بەردەم دادگا

مەودا میدیا - سلێمانی |


دوو پەرلەمانتاری گۆڕان: پارێزبەندیمان ناوێت و دەچینە بەردەم دادگا
مەودا میدیا-

دوو پەرلەمانتاری بزووتنەوەی گۆران لە پەرلەمانی کوردستان داوایان لە سەرۆکی پەرلەمان کردووە پارێزبەندیان لەسەر هەڵبگرێت بۆ ئەوەی بچنە بەردەم دادگا.

لە نووسراوێکی رەسمیدا کە واژۆی هەردوو پەرلەمانتاری گۆڕان، عەلی حەمەساڵح و دابان محەمەدی لەسەرە و ئاراستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان کراوە، داوایانکردووە پارێزبەندییان لەسەر هەڵبگیرێت.

لە نووسراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە "داوا دەکەین دادگاش بە زووترین کات دانیشتنی خۆی لەسەر دۆسییەکەی ئێمە رێکبخات".

دوێنی دووشەمە بڵاوکرایەوە کە دادگای لێکۆڵینەوەی پێنجوێن، لەسەر سکاڵایەکی بەڕێوەبەرایەتی دەروازەی نێودەوڵەی باشماخ، داوای لە پەرلەمانی کوردستان کردووە پارێزبەندی لەسەر هەردوو پەرلەمانتاری گۆڕان، عەلی حەمەساڵح و دابان محەمەد لاببات بۆ ئەوەی لەبەردەم دادگادا ئامادەبن.

سکاڵاکەی بەڕێوەبەرایەتی دەروازەی نێودەوڵەی باشماخ پەیوەندی بە قسە و لێدوانەکانی ئەو دوو پەرلەمانتارەوە هەیە لەبارەی بوونی قاچاغچێتی و کاری نایاسایی لە دەروازە سنورییەکە.

لەسەر هەمان بابەت بەڕێوەبەرایەتی گومرگی باشماخ بێبەریبوونی خۆی لەو سکاڵایە راگەیاند و لە روونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە "بەڕێوەبەرایەتی گومرگی باشماخ، هیچ سكاڵایەكی تۆمار نەكردوە، ئەو سكاڵایە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخەوە تۆمار كراوە و هیچ پەیوەندیەكی بە ئێمەوە نیە".

ماوەیەکی زۆرە ژمارەیەک پەرلەمانتار و بەتایبەتی عەلی حەمەساڵح باس لەوە دەکەن کە لە دەروازە سنورییەکاندا قاچاخچێتی دەکرێت و کاڵاکان بە نایاسایی و بەبێ پشکنین دەهێنرێنە ناو هەرێمی کوردستان.


 ب.م
 


Qaiwan
Qaiwan