راپۆرت

لەماوەی 150 رۆژدا، پەرلەمانی كوردستان یەك یاسای دەركردووە و سەرۆكایەتیی هەرێم رەتیكردووەتەوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


لەماوەی 150 رۆژدا، پەرلەمانی كوردستان یەك یاسای دەركردووە و سەرۆكایەتیی هەرێم رەتیكردووەتەوە
مەودا میدیا- هێمن سەعید

بەگوێرەی راپۆرتی رێكخراوی پەی، كە هەڵسەنگاندنی بۆ كارەكانی پەرلەمانی كوردستان كردووە لە هەردوو خولی بەهارە و پایزەدا، دامەزراوەی پەرلەمان لەبری ئەوەی دەزگایەكی باڵای شەرعی گەل بێت و كار بۆ هاوڵاتییان بكات، دەزگایەك بووە بۆ ململانێی سیاسی و حزبی و لەبری ئەوەی یەكڕیزی نیشتمانی دروستبكات زیاتر برینەكانی قوڵتر كردووەتەوە و مەیدانێك بووە بۆ یەكلاكردنەوەی ململانێ حزبییەكان، بەشێكیش لە پەرلەمانتاران ئەوەندەی خەریكی موزایەدە و لێدوانی میدایی بوون، نەیانتوانیوە كارە یاسایی و پێویستییەكانی خۆیان ئەنجامبدەن.

رۆڵی پەرلەمان، وەك دەزگایەكی شەرعی باڵای گەل
بەگوێرەی پێوەرە نێودەوڵەتییەكان دەبێـت پەرلەمان لەماوەی هەفتەیەكدا بەلایەنی كەمەوە 3 جار دانیشتن بكات. بەگوێرەی راپۆرتەكە، لە وەرزی بەهارەدا، كە ماوەكەی (5) مانگ بوو، تەنها (7) دانیشتنی پەرلەمان كراوە، لە خولی پایزەشدا، كە لە (1/9/2020) تا (31/12/2020) دەستپێدەكات و ماوەكەی 4 مانگە، دەبوو 40 دانیشتن ئەنجام بدرایە، بەڵام لەم خولی پایزەدا كە لە (6/11/2018 تا 29/2/2020) بەردەوام بوو كە دەكاتە (15) مانگ و (24) رۆژ، تەنها (37) دانیشتن كراوە، ئەوەش بەهۆی رێگری و باڵادەستی حزبی بەسەر كاری پەرلەمانەوە.

كۆی دانیشتنەكانی پەرلەمان لە (6/11/2018 تا 31/12/2020) واتە بە (دوو ساڵا و سێ‌ مانگ و بیست و چوار رۆژ)، تەنها (55) دانیشتن كراوە، كۆی كاتی كۆبوونەوەكانیش نزیكەی (149) كاتژێرە، كە بەگوێرەی پێوەرە نێودەوڵەتییەكان پەرلەمان كەمترین دانیشتنی ئەنجامداوە.

جگ لەوەش سەرەڕای ئەوەی بەگوێرەی مادەی (51) لە پەیڕەوی ناوخۆ هاتووە رۆژانی (سێشەممە، چوارشەممە)ی هەموو هەفتەیەك بۆ دانیشتنی پەرلەمان تەرخانكراوە، واتە دەكرێت پەرلەمان هەموو خولێكی گرێدان نزیكەی (40) دانیشتن ئەنجام بدات، بەڵام نە لە هیچ خولێكی بەهارە و نە لە هیچ خولێكی پایزە دانیشتنەكان نەگەیشتوونەتە ئەو ئاستە.

بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، دەبوو لیژنەكانی پەرلەمان لە ماوەی (21) رۆژدا، (7) راپۆرت بنووسن، بەڵام تەنها (1) راپۆرت نووسراوە. هەروەها یەكێك لە ئەركەكانی لیژنەكان بەداوداچوونە لەسەر ئاستی جێبەجێكردنی یاساكان، بەڵام لە خولی بەهارەدا لیژنەكان ئەو ئەركەیان جێبەجێ نەكردووە.

دۆخی لیژنە هەمیشەییەكان لەم خولەدا لە لە (6/11/2018 تا 29/2/2020) واتە بە (15) مانگ و (24) رۆژ، خوێندنەوەی یەكەم بۆ (26) پێشنیاز و پرۆژە یاسا و بڕیار كراوە و ئاراستەی لیژنە هەمیشەییەكان كراوە و دەبوو لە ماوەی (21) رۆژدا (57) راپۆرتی لەلایەن لیژنە هەمیشەییەكانەوە بنووسرایە، بەڵام تەنها (33) راپۆرت نووسراوە. لەم خولەدا، دەبوو لە ماوەی (21) رۆژدا (64) راپۆرتی لەلایەن لیژنە هەمیشەییەكانەوە بنووسرایە، بەڵام تەنها (35) راپۆرت نوسراوە.

ئەو ئەركانەی پەرلەمانی كوردستان لەماوەی (150) رۆژی خولی بەهارەی سالی 2020 دا كردوویانە
یەكەم: لە ماوەی (150) رۆژدا پەرلەمان تەنها (5) دانیشتنی ئەنجامداوە، لەكاتێكدا بەپێی مادەی (51)ی پەیڕەو دەبوایە (42) دانیشتنی ئاسایی ئەنجام بدات.
دووەم: لە ماوەی (150) رۆژدا پەرلەمان تەنها (10) كاتژمێر و (20) خولەك كۆبووەتەوە.
سێیەم: لە ماوەی (150) رۆژدا پەرلەمان تەنها یەك یاسای دەركردووە بەناوی (یاسای بەرەنگاربوونەوەی بەقاچاغبردنی نەوت)، ئەم یاسایەش لەلایەن سەرۆكایەتی هەرێمەوە رەتكراوەتەوە.
چوارەم: لە ماوەی (150) رۆژدا پەرلەمان تەنها (3) بڕیاری دەركردووە، ئەو سێ بڕیارەش بێ بەرهەم بوون كە بریتین لە:
-بڕیاری پێشكەشكردنی پێشنیازە یاسا و بڕیار لەلایەن ئەندامانی پەرلەمان، كە لەو ماوەیە هیچ پرۆژە یاسایەك پێشكەش نەكراوە.
-بڕیاری درێژكردنەوەی خولی بەهارەی پەرلەمان بۆ یەك مانگ، لەو ماوەی درێژكردنەوەیەدا هیچ كۆبوونەوەیەك ئەنجام نەدراوە.
-بڕیاری هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتار سۆران عومەر، سەرباری تێبینی زۆر لەسەر شێوازی دەركردنی بڕیارەكە بووە مایەی پەكخستنی زیاتری پەرلەمان.
پێنجەم: لە ماوەی (150) رۆژدا لە دانیشتنەكانی پەرلەماندا لە كۆی (111) ئەندام، تەنها (72) پەرلەمانتار قسەیان كردووە، لەكاتێكدا بەشێك لەو پەرلەمانتارانە كە لەپەرلەماندا هیچ بەشدارییەكیان نییە، كەچی لەو (150) رۆژەدا لە كەناڵەكانی راگەیاندندا دەیان كاتژمێر قسەیان كردووە و خەڵكی كوردستانیان بە موزایەدەكانیان هەراسان كردووە.
شەشەم: لە ماوەی (150) رۆژدا و تەنها لە پێنج دانیشتندا (70) حاڵەتی ئامادە نەبوونی ئەندامان تۆمار كراوە.
حەوتەم: لیژنە هەمیشەییەكانی پەرلەمان لەماوەی (150) رۆژدا، كەمترین كۆبوونەوەیان ئەنجامداوە، لەكاتێكدا بەپێی بڕگەی دووەمی ماددەی (30)ی پەیڕەو بەلای كەمەوە دەبوایە هەر لیژنەیەك مانگی دوو كۆبوونەوەی بكردایە كە لەو ماوەیەدا دەكاتە (190) كۆبوونەوە.
هەشتەم: لە ماوەی (150) رۆژدا لە كۆبوونەوەی لیژنەكاندا (101) حاڵەتی ئامادەنەبوونی ئەندامان تۆمار كراوە.
نۆیەم: لە ماوەی (150) رۆژدا پەرلەمان سەرباری ئەو هەموو قەیران و سەرپێچییەی دەسەڵاتی جێبەجێكردن هیچ ئەندامێكی ئەنجومەنی وەزیرانی بەمەبەستی لێپێچینەوە بانگهێشت نەكردووە.

سەرباری هەموو ئەمانە، دەیان جار لە پەرلەمان پێشێلی پەیڕەو و یاساكان كراوە، جا چ پەرلەمان خۆی كردبێتی، كە لە دیارترین و تازەترینیان بەكارهێنانی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی پەرلەمانە لەلایەن جێگرەكەیەوە بەئامادەبوون و بێدەنگی سەرۆك، یاخود بەرانبەری كراوە وەك بەیاننامەكەی وەزارەتی داد سەبارەت بە بڵاونەكردنەوەی بڕیاری سەرۆكی پەرلەمان لە وەقائیعی كوردستان، كە خەریكە ئەو پێشێلكارییانە دەبن بە نەریت لە پەرلەمانی كوردستاندا.

خەسڵەت و سیما نەشازەكانی ئەم خولەی پەرلەمان
یەكێك لە سیما نامۆكانی ئەم خولەی پەرلەمانی كوردستان، هەڵگرتنی پارێزبەندی بوو لە سۆران عومەری پەرلەمانتاری فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان كە هەنگاوێكی سیاسی بوو نەك یاسایی، چونكە ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی كرابوون پێویستی بە هەڵگرتنی پارێزبەندی نەبوو، ئەم پرسە پەرلەمانی كوردستانی بۆ ماوەی (52) رۆژ پەكخست، لەكاتێكدا دەكرا سەرۆكی پەرلەمان لە سەرەتاوە رێگە نەدات رێوشوێنەكانی ئەم پرسە دەستپێبكات و رێبگرێت لە نیەتی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ دروستكردنی قەیرانێكی نوێ لە ناو پەرلەمان و بە لاڕێدابردنی سەرنجی رای گشی.

كاتێكیش پاریزبەندی لەسەر سۆران عومەر هەڵگیرا، سەرۆكی پەرلەمان لە ژێر گوشاری حزبەكەی و بەشێك لە رای گشتیدا لە رۆژی (14/6/2020) بڕیاری ژمارە (4)ی هەڵگرتنی پاریزبەندییەكەی هەڵوەشاندەوە، بەڵام جێگەی سەرسوڕمان بوو كە بڕیارەكەی سەرۆكی پەرلەمان نە لە ماڵپەڕی فەرمی پەرلەمان بڵاوكرایەوە، نە لە رۆژنامەی وەقائیع، بەهۆی جێبەجێ‌ نەبوونی بڕیارەكەشەوە سۆران عومەر لە (15/7/2020) داوای دەستلەكاركێشانەوەی پێشكەشكرد و لە دانیشتنی ژمارە (6) لە (27/6/2020) بە دەنگی (55) پەرلەمانتار پەسەندكرا. كاتێكیش پەلاماری پەرلەمانتاران (شیرین ئەمین، سپیان ئامێدی، عوسمان كانی كوردەیی، كاوە عەبدولقادر) درا، سەرۆكایەتی پەرلەمان و لیژنە هەمیشەییەكان بێ هەڵوێست بوون.

پەرلەمانتاران لەنێوان كردار و گوفتاردا
بەپێی خاڵی (2)ی بڕگەی (یەكەم) لە مادەی (49)ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان، هەر ئەندامێك، مافی هەیە لە ماوەیەك كە لە (10) دە خولەك تێپەڕ نەكات، بیرۆكەیەك بخاتەڕوو، بەڵام هیچ ئەندام پەرلەمانێك لەم خولەدا هیچ بیرۆكەیەكی نەخستووەڕوو. ئەوەش دەیسەلمێنیت بە روونی دیارە بەشداریی چەندین ئەندام لە گفتوگۆكان تەنها لەپێناو قسەكردنە، نەك دەوڵەمەندكردنی گفتوگۆكان، یان خاڵێكی پەیڕەوی.

لەدوای پەسەندكردنی یاسای چاكسازی و دەرفەتدان بە ئەندامانی پەرلەمان بۆ گەڕانەوە بۆ سەر كاری پێشویان، بەپێی زانیارییەكانی دیوانی پەرلەمان، تەنها (8) پەرلەمانتاری خولی پێنج، فۆرمی رەتكردنەوەی خانەنشینیان پڕكردەوە، بەڵام دواتر دیوانی پەرلەمان راگەیاند: لە ئێستادا تەنها (7) پەرلەمانتار فۆرم و بەڵێننامەی بێ مەرجیان پڕكردووەتەوە. 

هەندێك لەئەندامانی پەرلەمان (نەوەی نوێ) داوای پرساندنی سەرۆكی حكومەتیان نەكرد (واژۆیان نەكرد)، بەڵام هاتنە سەر شەقام و هانی خۆپیشاندەرانیان دەدا، لە كاتێكدا عورف و ئەخلاقی سیاسی وابوو هەموو هەوڵێكی پەرلەمانی بدەن بۆ پرساندن لەم كابینەیە نەك بەشداریی هەوڵەكانیش نەكەن، تا ئێستا بە فەرمی روونیان نەكردووەتەوە بۆچی واژۆیان لەسەر پرساندنەكە نەكردووە، بەڵام بەهانەكە هەرچی بێت چ بۆ ئەوان و چ بۆ هێزەكانی تری ئۆپۆزسیۆن، بەڵگەیە لەسەر نەبوونی گوتار و كاری هاوبەش لای ئۆپۆزیسیۆن.

كاتێكیش پەرلەمانتار سیروان بابان بۆ ماوەی 5 رۆژ لەناو باڵەخانەی پەرلەمان لەسەر بەهەند وەرنەگرتنی خەمەكانی خەڵك و كۆنەبوونەوەی پەرلەمان كارێكی پەسند بوو، بەڵام ئەوی جێگەی سەرنجە نە كەس لە دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان بەدەم داواكانییەوە چوو، نە هیچ پەرلەمانتارێكیش پشتگیری لێكرد.  

لەماوەی (15) مانگ و (24) رۆژ، تەنها خوێندنەوەی یەكەم بۆ (26) پێشنیاز و پرۆژە یاسا و بڕیار كراوە، لەكاتێكدا دەبوو لە ماوەی (21) رۆژدا (57) راپۆرتی ئەو لیژنانەوە بنووسرایە، بەڵام تەنها (33) راپۆرت نووسراوە. لە وەرزی بەهارەی پەرلەماندا، (18) پەرلەمانتار هیچ قسەیەكیان  نەكردووە و تەنها (8) پەرلەمانتار لە هەشت جار زیاتر قسەیەكیان كردووە.

ئەم دامەزراوە گرنگە لەلایەن حزبە سیاسییەكانەوە نەك هەر پشتگوێخراوە، بەڵكو بە بارمتە گیراوە و كراوە بە ئامرازێك بۆ یەكاڵاكردنەوەی ململانێكانیان، لەسەر شاڕێی ئەركە یاسایی و نیشتمانییەكانی ترازێنراوە. خودی پەرلەمان و پەرلەمانتارانیش نەك هەر بە ئەركی خۆیان هەڵنەستاون، بەڵكو بوونەتە ئامرازی ماكیاژكردنی ئەو دەسەڵاتەی لە سەرجەم بەڵێنەكانی پاشگەز بووەتەوە كە بە هاوڵاتیانی دابوو و بە كارە نایاساییەكانی ئەزموونەكەیشی خستووەتە بەردەم مەترسییەوە. لە سایەی ئەم رەوشە ناهەموارەی دەگوزەرێت، دوو ئاراستەی چەواشەكارانە دەبینرێن، ئاراستەیەكیان داوای ئەوە دەكات پەرلەمان بەم شێوازە قۆرخكارییەی بەردەوام بێت و ئاراستەكەی تریش داوای هەڵپەساردن و راگرتنی دەكات، دەرەنجامەكان و تێكڕای كار و هەڵوێستەكانی پەرلەمان لەو (150) رۆژەی بە نموونەمان هێناوەتەوە كە خولێكی گرێدانە پێمان دەڵێن كە هیچ كام لەو ئاراستانە راستگۆنین لەگەڵ ئەو پەیامانەی هەڵیان گرتووە و لەگەڵ ئەو وادە و بەڵێنانەی بە هاوڵاتیانیان دابوو. لەنێوان ئەم دوو ئاراستەیەشدا ئاراستەی سێیەم هەیە كە پێكهاتووە لە حزبە ئۆپۆزیسیۆنە كۆن و تازەكان و ئەوانیش نەك بەشێك نەبوونە لە چارەسەر، بەڵكو هەمیشە پارسەنگێك بوون و هەر جارە و بەلایەكدا بۆ راگرتنی رەوشەكە بەو شێوازەی هەبووە و هەیە. ئەگەر وانییە بۆچی نەمانبینی هیچ كامیان (چ لەسەر ئاستی فراكسیۆن بێت یاخود وەك تاك) هەڵوێستێكی راشكاوانە بگرنەبەر و دەست لەكار بكێشنەوە؟

پەرلەمانێك نەتوانێت بە ئەركەكانی خۆی هەڵسێت، نەك هەر یاسای پێ پەسەند نەكرێت و بەدواداچوون بۆ پێشێلی یاساكانی خۆی نەكات، بەڵكو خۆی پێشێلی ئەو یاسایانە بكات كە دەری كردوون! پەرلەمانێك نەك چاودێری دەسەڵاتی جێبەجێكردنی پێ نەكرێت، بەڵكو حكومەت وەك چاودێرێك بێت بەسەریەوە! پەرلەمانێك ماوەی (8) ساڵە نەك هەر یاسای بودجەی پەسەند نەكردبێت، بەڵكو لە (9) ساڵی رابردوودا حكومەت ژمێرەی كۆتاییشی بۆ نەناردبێت كەچی دەنگی لێوە نەیەت! پەرلەمانێك نەك هەر نەیتوانیبێت یەكڕیزی دروستبكات و ناوماڵی كورد یەك بخات، بەڵكو هۆكاری پەرتەوازەیی زیاتر بێت! پەرلەمانێك لە پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەكاندا بێدەنگ و بێ هەڵوێست بێت! پەرلەمانێك هەر چوار دەستەی بەناو سەربەخۆی (چاودێری دارایی، مافی مرۆڤ، دەستپاكی، كۆمسیۆنی هەڵبژاردن) كە پەیوەستن بەخۆیەوە ساڵانێكە بە نایاسایی كارەكانیان رایی بكەن كەچی پێی چارەسەر نەكرێت! پەرلەمانێك سەرۆكایەتییەكەی لەبری راگرتنی هاوسەنگی و پرەنسیپی بێلایەنی و جێبەجێكردنی پەیڕەو سەرقاڵی تەنها مەكسەبە حزبییەكانیان بن، هەر وەك لە چەند مانگی رابردوودا دەركەوت یارییەكی قێزەونیان پیادە كردبێت! پەرلەمانێكی لەم شێوەیە دەبێ چاوەڕێی چی لێ بكرێت؟ ئاخۆ ئەو پەرلەمانە بەو شێوازە مانەوەی پێویستە؟

ئەی پەرلەمان لەكوێی هاوكێشەكاندایە لەكاتێكدا هەرێمی كوردستان نغرۆی كێشەو قەیران بووە!؟


Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا



News

خاک و هۆکارەکانی پیسبوونی

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

ئاماژەکانی ئەدای ژینگەیی

لەلایەن نەرمین عوسمان