د.نازەنین عوسمان

د.نازەنین عوسمان

کشمیر، چەخماخەی جەنگێکی ئەتۆمی

کشمیر، هەرێمێكی كێشەلەسەری نێوان هیندستان و پاکستانە. دەکەوێتە باکووری رۆژئاوای هیندستان و نێوان هیند و پاکستان و چین. کێشەی کشمیر، ترسناکترین کێشەیە لە دنیادا، بەهۆی ئەوەی کێشەکە لەنێوان دوو وڵاتی خاوەن چەکی ئەتۆمیدایە.

زۆربەی کات بە هەموو ناوچەكە دەوترێت کشمیر، بەڵام پێکهاتووە لە ناوچەکانی: (جەمۆ، دۆڵی کشمیر، لاداخ) لە بەشی هیندستان، (ئازاد کشمیر، گلگیت، بالتیستان) لە بەشی پاکستان، هەروەها (ئاکسای تشین، دۆڵی شاکسکم) لە بەشی چین.

دیمەنێك لە كشمیر

کێشەی کشمیر، دەگەڕێتەوە بۆ دوای جەنگی جیهانیی دووەم و بەدیاریکراوی بۆ ساڵی 1947. بەریتانیا لە شەڕ هاتبووە دەر، راستە سەرکەوتووبوو، بەڵام کێشەی زۆری هەبوو، زۆر قەرزار بوو و خاکی وڵاتانی زۆر داگیر کردبوو و نەدەپرژایە سەر هەمووی. هیندستانی فیدراڵ، لەژێر ئینتیدابی بەریتانیادا بوو بۆ زیاتر لە 200 ساڵ. بزووتنەوەی ئازادیخوازی هیندی (کۆنگرێسی نیشتمانیی هیند) داوای سەربەخۆیی خۆی دەکرد بە سەرکردایەتیی گاندی و جەواهیر لال نەهرۆ. سەرەتا وا دانرابوو کە هیندستان یەک پارچە بێت، بەڵام پارتی کۆمەڵەی ئیسلامی، ترسی هەبوو لە هیندۆسەکان کە بیانچەوسێننەوە و مافی تەواویان نەبێت، هەر بۆیە بە سەرکردایەتیی محەمەد عەلی جەناح، داوای وڵاتێکی سەربەخۆیان دەکرد بۆ ئیسلامەکان.

بەریتانیا بڕیاری دا هیندستان جێبهێڵێ، نزیکەی پێنج ساڵیان دانابوو تا دەسەڵات بگوازرێتەوە بۆ سەرخۆیی، بەڵام دەسەڵاتی ئینگلیز، لێپرسراوێکی دانا بەناوی (سێر رۆدفیڵد) و ماوەکەی کەمکردەوە بۆ چوار مانگ و زۆر بەخێرایی بڕیارەکان دران. لەو كاتەدا تێبینیی ئەوە دەکرا كە ئیسلامییەكان لەو ناوچەیەدا لە ئایینەكانی دیكە زۆرترن، ئەو سنوورەی دانا و ناکۆکیی خستە نێوان گەلان و ئایینەکان کە چەندین ساڵ بوو پێکەوە دەژیان. ئەم دابەشبوونە، لەژێر ناوی یاسای ئازادیی هیندیی (ماونتباتن 1947) روویدا.

پێش ساڵی 1947، هیندستان بە دوو شێوە بەڕێوەدەچوو؛ هەندێك شوێن راستەوخۆ لەژێر کۆنترۆڵی ئینگلیزدا بوون و هەندێك شوێنیش لەژێر دەسەڵاتی ئەمیرەکاندا بوون (مەهراجا) كەوا لە (565) ویلایەت پێکهاتبوو، کە ئەمانەش هەر لەژێر دەسەڵاتی ئینگلیزدا بوون. ئەو شوێنانەی ئینگلیز بەڕێوەی دەبردن، راستەوخۆ چوونەوە ژێر دەسەڵاتی هیند. بە دەیان گەل و ئایینی جیاوازیان هەبوو، لە هەموو ئایینەکان زیاتر؛ هیندۆس و ئیسلام و سیغ و بوزی بوون. بەریتانییەکان دوو وڵاتیان لێ دروستکردن، یەکێكیان بۆ هیندۆس و بوزی و سیغ و ئایین و میللەتە جیاجیاکان و یەکێک بۆ ئیسلامەکان. وڵاتەکەی ئیسلامەکان، لە دوو بەش پێکهاتبوو، پاکستانی رۆژهەڵات کە لە دواییدا بوو بە بەنگلادیش، هەروەها پاکستانی رۆژئاوا، کە پاکستانی ئێستایە.

ساڵی 1947 زۆر تایبەتە لە مێژووی ئەو ناوچەیەدا، سەربەخۆیی هیندستان، دروستکردنی پاکستان. ئەم دابەشبوونە، هەر بە قسە خۆشە، لە ماوەی تەنیا حەوت رۆژدا (600) هەزار کەسی تیادا کوژرا. دانیشتوانی ویلایەتەکانی مەهراجاکان، ئازاد بوون کام وڵات هەڵبژێرن و ببنە دانیشتوانی کام وڵات، بەمەرجێ دەبووایە پەیمانی پێکەوەبەستران پڕبکەنەوە، راگوێزان و گواستنەوەی زۆرێک لە دانیشتوان روویدا. 14 ملیۆن کەس جێگۆڕکێیان کرد، ئەوە گەورەترین راگوێزانە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا روویداوە. ئەم راگوێزانە، رۆحی ئایینیی لا گەورەکردن و بە سەدان کوشتن و ماڵوێرانیی لێکەوتەوە.

لەم دابەشبوون و هەڵبژاردنەدا، تەنیا سێ ویلایەت دیارییان نەکرد دەچنە پاڵ کام وڵات، ئەوانیش: حەیدەر ئاباد، جۆناگاد، کشمیر، بوون. دوو ویلایەتەکەی یەکەم، لە ساڵی 1948، لە رێگەی ریفراندۆمەوە لکێنران بە هیندستانەوە. تاکە ویلایەت کە هەڵینەبژارد بە کام وڵاتەوە بلکێندرێ، ویلایەتی کشمیر بوو. ئەم ناوچەیە، زۆربەی دانیشتوانەکەی موسوڵمان بوون، کە لەدوای هاتنی مەغۆلەکان، ئەم ناوچەیە ئیسلام تیایدا گەشەی کردبوو. ئیسلامەکان میللەتێکی زۆر هەژار و بێدەرامەت و نەخوێندەوار بوون، بەڵام خەڵکی مەهراجاکەی کشمیر، هیندۆس بوون و کاتی خۆی ئەو ناوچەیەیان لە ئینگلیز کڕی بوو. بەگشتی، هیندۆسەکان خاوەن زەوی و دەوڵەمەندەکانی ئەو ناوچەیە بوون. مەهراجا، حەزی کرد سەربەخۆ بمێنێتەوە و کیانێکی خۆی هەبێت، خۆ ئەگەر بخرابایەتە بەر هەڵبژاردن، زۆربەی دانیشتوانەکەی پاکستانی هەڵدەبژارد.

کاتی ئینتیدابی ئینگلیز، کشمیر وەک شوێنی حەوانەوەیان وابوو، کەشوهەوای زۆر خۆش و ئاوی سازگار و سروشتی زۆر جوانە، بۆ ئەوەی لە گەرما و شێی هیند رزگاریان بێت، دەچوونە کشمیر. ئەو هەڵوێستەی مەهراجای کشمیر گرتیەبەر، لە بەرژەوەندیی ئینگلیزەكان بوو و حەزیان دەکرد بمێننەوە.
کشمیر، وەک هەموو ناوچەکانی ئەو بەشەی ئاسیا، کەوتووەتە ژێر کۆنترۆڵی زۆرێک لە میللەت و دەسەڵاتی جیاجیا لە سیغ و هیندۆس و ئینگلیز و مەغۆل و تورک، بەو هۆیەشەوە زۆرینەی ئایینەکانی تێدایە بەپێی ئەو دەسەڵاتەی کەوا کشمیر کەوتووەتە ژێر دەستیان. کشمیر، بە درێژایی مێژوو، لە ناکۆکیی ئایینەکاندا بووە و کام ئایین لەسەر دەسەڵات بووبن، ئایینەکانی تری چەوساندووەتەوە و ئەوەی ئێستا روودەدات، درێژکراوەی مێژووی چەندین سەدەیە.
ئینگلیز، رۆڵێکی زۆر خراپی بینیوە لە تێکدانی نێوان دانیشتوانی ئەو ناوچانە، تا ئاسانتر کۆنترۆڵیان بکات و ئاگرە سوورە لە من دوورە، پەرتکە و زاڵبەی بەکاردەهێنا.

تاکوو ساڵی 1906، ئەو پارتانەی دروست دەبوون، سەر بە سەرانسەری هیندستان بوون، لە رۆشنبیرە نوێخوازەكان پێکدەهاتن و خەڵکی ئیسلامییش هەر دەچوونە نێو ئەو پارتانە. لە ساڵی 1906، بە یارمەتی ئینگلیز، عوسبەی ئیسلامیی دروست کرا و ئیسلامەکانی سەرتاسەری هیند پەیوەندییان پێوە کرد. لە ساڵی 1930، لە کشمیر بزووتنەوەیەک دروستبوو دژ بە مەهراجا بە رابەرایەتی پارتی کۆنفرانسی جەمۆ و کشمیر، بە سەرکردایەتی شێخ عەبدوڵڵا کە پەیوەندیی زۆر باشی هەبوو لەگەڵ جەواهیر لال نەهرۆ کە سەرۆکی پارتی کۆنگرێسی نیشتمانیی هیندی بوو و هەمان بیروباوەڕیان هەبوو بۆ مافی میللەتان.

لە کشمیر لەدوای هەڵبژاردنی ساڵی 1930، کۆنگرێسی نیشتمانیی هیندی، هەشت ناوچەی بردەوە لە کۆی 11 ناوچە، کە ئیسلامی تێدا زۆر بوو. هەر لەو کاتەوە فکرەی پێکهێنانی پاکستان دروستبوو. سەرکردەی عوسبەی ئیسلام، محەمەد عەلی نەجاح، هەوڵی دا جەمۆ کشمیر بە فکرەی پاکستان ببەسترێتەوە، بەڵام شێخ عەبدوڵڵا حەزی دەکرد لەگەڵ نەهرۆ بن لە کۆنگرێسی هیندی، ئەمە زۆر بەدڵی خەڵکی جەمۆ و کشمیر نەبوو.
لە کەلکوتا، شەڕێکی خوێناوی روویدا لەنێوان کۆمەڵەی ئیسلامی بە سەرۆکایەتی جەناح، دژ بە کۆنگرەی نیشتمانی بە سەرۆکایەتی نەهرۆ.
لە ساڵی 1947، هەڵبژاردن لە کشمیر کرا و عوسبەی ئیسلامی، 16 کورسی لە كۆی 21 بەدەستهێنا.

محەمەد عەلی جەناح، دامەزرێنەری پاكستان

لە 14ی ئابی 1947، پاکستان جیابووە و محەمەد عەلی جەناح، سەرۆکی عوسبەی ئیسلامی، بوو بە سەرۆک وەزیرانی پاکستان. لە 15ی ئابی 1947، ئینتیدابی بەریتانی، دەسەڵاتی گواستەوە بۆ هیند و جەواهیر لال نەهرۆ، سەرۆکی کۆنگرێسی نەتەوەیی هیندستان، بوو بە سەرۆک وەزیرانی هیندستان.

دوو مانگ دوای دامەزراندنی پاکستان، عەشیرەتەکانی ناوچەی رۆژئاوای کشمیر، بزووتنەوەی ئازادییان دەست پێ کرد دژ بە مەهراجا بە پشتیوانیی پاکستان، کە هەوڵی دەدا جەمو - کشمیر بخرێتە سەر پاکستان. بەشێک لەو ناوچەیە کەوتە ژێر دەستیان و شاری (موزەفەر ئاباد)یان کردە پایتەختیان. ئەو هێزە بەرەو جێنشینی مەهراجا رۆیشتن. مەهراجا لە ترسی ژیانی و لەدەستدانی دەسەڵات، داوای یارمەتیی لە هیندستان کرد و هیندستانیش بەرەو داواکەی رۆیشت. دوای ئەوە، مەهراجا پەیمانی پێکەوەبەسترانی لەگەڵ هیندستان پڕکردەوە کە دەبێتە بەشێک لە هیندستان.

شەڕ، ساڵێکی خایاند و نزیکەی 100 هەزار کەسی تیادا کوژرا. لە ئەنجامی ئەو شەڕە، هیندستان دەستی بەسەر دوو لەسەر سێی کشمیردا گرت و ناونرا جەمۆ – کشمیر. جەمۆ (66٪ هیندۆس، 30٪ ئیسلام)ن، کشمیریش (96٪) ئیسلامن. پاکستانیش دەستی بەسەر یەک لەسەر سێیدا گرت و ناونرا ئازاد کشمیر کە (99٪)یان ئیسلامن. لەنێوان هەردوو بەشی کشمیر، هێڵی کۆنترۆڵی پێ دەڵێن، لە ساڵی 1972 ئەو هێڵە بوو بە فەرمی، کە لەو کاتەوە ئەو هێڵە گۆڕانکاریی بەسەردا نەهاتووە.

ئەو شەڕە، لەژێر چاودێریی بەریتانیا و نەتەوە یەکگرتووەکان وەستا، کە ریفراندۆمێک بکرێت و دانیشتوانی کشمیر خۆیان لایەک هەڵبژێرن، هیندستان رازی بوو ریفراندۆم بکرێت بەو مەرجەی هەرچی هێزی چەکداریی هەیە لەو ناوچەیە نەمینێت. پاکستان رازی نەبوو ریفراندۆم بکرێت و دەیوت زۆربەی خەڵکەکە ئیسلامن و دەبێت بە پاکستانەوە ببەسترێتەوە، بەڵام ئەو ریفراندۆمە تاکوو ئێستاش نەکراوە و ئەمە بووە هۆی شەڕی ساڵانی 1965، 1971، 1999 و رۆژانە كوشتوبڕ بەردەوامە و كێشەكە ئاڵۆزتر دەبێت.

لە دەستووری هیندستاندا، بەپێی مادەی 370، شێوەی بەڕێوەبردنی کشمیر دیاری کراوە. ئەو مادەیە، بریتییە لەوەی ناوچەی جەمۆ و کشمیر، ئۆتۆنۆمی و دەستوور و ئاڵای تایبەتی خۆی هەبێت و تەنیا لە کاروباری دەرەوە و بەرگری و پەیوەندیی نەبێت، کە لەسەر شانی حکومەتی ناوەندییە. هەندێ خاڵی گرنگی تری ئەو مادەیە؛ ئەوەیە کە فەرمانبەری و مافی موڵکیەت، تەنیا مافی خەڵکی ئەو ناوچەیەیە.

سنووری تەلبەندكراو لەنێوان پاكستان و هندستان

سنووری نێوان هیندستان و پاکستان، 3000کم زیاترە، کە بە تەلبەند و سوپا لێک جیاکراونەتەوە. ئەو دیوارە تەلبەندە، لە ئاسمانەوە دیارە. ئەو سنوورە کە دانرا؛ خێزان و گوند و دارستان و رووباری کرد بە دوو بەشەوە. ئەم سنوورە، یەکێکە لە ناشیرینترین تراژیدیاکانی سەدەی بیستەم.

کشمیر، لە پێنج ناوچە پێکهاتووە، دوویان زۆرینەی هیندۆس و سیغن، سێیان زۆرینەی ئیسلامن. یەکێک لە پێشنیازەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی 1948، ئەوەبوو بەپێی زۆرینە بەو وڵاتانەوە ببەسترێنەوە، بەڵام پاکستان رازی نەبوو.

لە ساڵی 1950 شۆڕشی چین هەڵگیرسا، تبت و سینگیان، کە خاکی هیندستان بوو، داگیری کرد، بەڵام بەهۆی ئەوەی هیندستان بە كێشەی ناوخۆوە گیرۆدەبوو، هیچ هەڵوێستێکی نەبوو بەرانبەر بە چین و لە ساڵی 1954 بە رێکكەوتن لەنێوان هیند و چین، سنوور دانرا. لە ساڵی 1964، چین هەندێ شوێنی تری داگیر کرد و پاکستان بەشێک لە خاکی خۆی دا بە چین بێ بەرانبەر و بێ شەڕ، تا دۆستایەتی لەگەڵ چین زیاد بکات.

پەیوەندیی چین و پاکستان بەرەو پێشەوە دەچێت، ئەمەش هیند نیگەران دەکات. هێڵی بۆریی نەوت و شەمەندەفەر کە لە ئۆقیانووسی هیندییەوە بەناو پاکستاندا بۆ چین دەڕوات، خەتی ئاوریشمی جاران تازە دەبێتەوە، ئەمەش چین راستەوخۆ دەبەستێتەوە بەو ئۆقیانووسەوە و گرنگیی هیند کەم دەکاتەوە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە ئەو رێگەیانە بە تەنیشت جەمو - کشمیردا تێدەپەڕێت.

ساڵی 1965، پاکستان هێرشێکی بەناوی هێزی جەبەل تارق کردە سەر كشمیر و دەیویست مێژوو دووبارە ببێتەوە، هێزەکە لە موجاهیدین و سوپا پێکهاتبوون، بەڵام لەم شەڕە دۆڕا و سنوور گەڕایەوە بۆ سنووری ساڵی 1949.

لە ساڵی 1971 تازە عوسبەی عەوامی میللی لە پاکستان، بە سەرۆکایەتی شێخ مەجبور رەحمان، هەڵبژاردنی بردبوویەوە لە رۆژهەڵاتی پاکستان، سەرۆک وەزیرانی پاکستانی رۆژئاوا، یەحیا خان، رێگەی پێ نەدا، ئەمە بووە ناڕەزایەتییەکی زۆر دژ بە یەحیا خان. یەحیا خان کەوتە دامرکاندنەوەی ئەو بزووتنەوەیە بە دەستێکی پۆڵایینەوە و بە فڕۆكە بۆمبارانی کردن. پەنابەری پاکستانی رۆژهەڵاتی، روویان کردە هیندستان. هیندستان یارمەتی نارد بۆ ئازادیخوازانی پاکستانی رۆژهەڵات و شەڕی ساڵی 1971 لەنێوان هیند و پاکستان هەڵگیرسا. شەڕێکی کورت بوو، زۆری نەخایاند، جەنراڵی پاکستان، تەسلیمی هیند بوو لەگەڵ بەدیلگرتنی (900) هەزار كەس، بەو شێوەیە بەنگلادیش لەدایکبوو و لە پاکستانی رۆژئاوا جیابووەوە. لە هەمان کات، هیند توانیی هەندێ شوێن لە کشمیر لەژێر دەستی پاکستان دەربهێنێ.

ئەندێرا گاندی، سەرۆک وەزیرانی هیندستان

رێککەوتنی ساڵی 1972ی نێوان زولفەقار عەلی بۆتۆ، سەرۆک وەزیرانی پاکستان، لەگەڵ ئەندێرا گاندی، سەرۆک وەزیرانی هیندستان، لە شملا واژوو کرا، بەڵام هیچ گۆڕانکارییەک لە کشمیر رووی نەدا، هیندستان (900) هەزار دیلەكەی بۆ پاكستان گەڕاندەوە.

لە کشمیر، بزووتنەوەی چەکداریی ناڕازیی ئەلفەتح دروستبوو
لە رێککەوتنی ساڵی 1975 لەنێوان ئەندێرا گاندی و شێخ عەبدوڵڵای سەرۆک وەزیرانی کشمیر، جەختیان کردەوە لەسەر مادەی 370، بەڵام بە زیادکردنی خاڵێك کە مافی دا بە پەرلەمانی هیند، ڤیتۆ بەکاربهێنێت ئەگەر هەر بڕیارێک درا کە کاریگەریی لەسەر یەکێتیی خاکی هیندستان هەبێت.
بزووتنەوەی فەتحی ئیسلامی، لە کشمیر پەرەیسەند و شێخ عەبدوڵڵا لە کۆنگرە جیابووەوە و وەک ئیسلامییەک خۆی دەناساند. شێخ عەبدوڵڵا، لە ساڵی 1982 مرد و کوڕەکەی (د.فاروق عەبدوڵڵا) چووە جێی وەک سەرۆک وەزیران، کە لە كێبڕكێدا بوون لەگەڵ مێردی خوشکەکەی (ج م شا) لە کشمیر. لە هەڵبژاردنەکانی دواییدا، د.فاروق و کۆنگرێس بردیانەوە لە کشمیر، بەڵام توندوتیژیی زۆری لێکەوتەوە.

دیمەنێك لە زنجیرە چیای هیمالایا

سنووری هیمالایا، لەبەر سەختی ژیان، پشتگوێ خرابوو لەلایەن هیندستان و پاکستان و لە گفتوگۆکاندا باسی لێ نەدەکرا، بەڵام سەرچاوەی ئاوی سازگار زۆربەی لەو ناوچەیە هەڵدەقوڵێ.  لە ساڵی 1984، پاکستان 70کم لە شاخە بەفرینەکانی سایشنی گرت. هەر لەو ماوەیەدا سێ ئەندامی فەتح گیران بە پارەوە کە لەلایەن پاکستانەوە نێردرابوون بۆ جیهاد لە کشمیر. ئەم رووداوانە و چەند رووداوێکی تر، وای لە ئەندێرا گاندی کرد کە (د.فاروق) بگۆڕی بە (ج م شا). ساڵی 1984 ئەندێرا گاندی کوژرا لەسەر دەستی سیغێك و کشمیر کەوتەوە ناو کێشمەکێشمەکان.

راجیف گاندی، کوڕی ئەندێرا گاندی، گفتوگۆی دەست پێ کردەوە لەگەڵ فاروق عەبدوڵڵا كە لە ساڵی 1986 لەگەڵ کۆنگرەی پارتی حوکمی جەماعەیان دامەزراند بوو. لە ساڵی 1987، لە کاتی زیائولحەق، پاکستان ئۆپەراسیۆنی تۆپاک ئەماروی دەست پێ کرد. ئۆپەراسیۆنی تۆپاک؛ سەر بە دەزگای هەواڵگریی پاکستانی بوو بۆ تێکشکاندنی دامودەزگای حکومەتی هیندستان و دروستکردنی سیخوڕ لەناو سوپای هیندستان و مەشقی بە گرووپە جیهادییەکان دەکرد لە ئازاد کشمیر و دەیناردن بۆ جەمۆ کشمیر، یارمەتیی هەموو گرووپەکانی دەدا بەتایبەتی گرووپی لەشکری تیبەی چەکدار. 
لە پاکستان بە دەیان گرووپی چەکدار تیایدا گەشەی کرد، نەک هەر بۆ دژی هیندستان، بەڵکوو بۆ زۆر شوێنی دنیا. نزیک 30 تا 40 هەزار لەو جیهادییانە لە پاکستان خۆیان حەشار داوە.
لە سرینگار (کشمیری پەندت)، کە زۆرینەی هیندۆس بوون، بەردەوام کوشتار تیایدا روودەدات، زۆر لە سەرکردە و بەڕێوەبەرەکانی حکوم کە هیندۆس بوون، لەسەر دەستی ئیسلامییەکان لەناودەبران، لە ترسان زۆر لە خەڵکی کشمیری پەندت هەڵاتن و بوون بە پەناهەندە لە کەمپەکانی ئاوارە لە کشمیر.
ژیان لە بەشەکانی تری هیندستان بە هەمان شێوەی کشمیر دەڕۆی، لە توندوتیژی و کوشتن و لەناوبردن. لە ساڵی 1991 راجیف گاندی لەسەر دەستی لایەنگرانی تامیلی سیریلانکا کوژرا.

هەواڵگریی پاکستانی، ئەو کێشانەی هیندی قۆستەوە و خەڵکی بە جلی سیڤیلەوە دەناردە هیندستان، ئەوکات سنوورەکان بەو شێوەیەی ئێستا توند نەبوون. ئۆپەراسیۆنی تۆپاج جێگەی خۆی دەگرت لە کشمیر.

لە ساڵی 1993 بەرەی یەکێتیی ئیسلامیی لە کشمیر، ناوەکەی گۆڕی بۆ پارتی حوڕیەت، کۆنفرانس داوای مافی چارەنووس و ئازادیی دەکرد. ئەو بەرەیە پێکهاتبوو لە: جەماعەتی ئیسلام، کۆنفرانسی ئیسلام، ئیتیحادی موسلمین. ئەم بزووتنەوەیە، لەگەڵ رادیکاڵیزمی ئیسلام بەسترابووەوە و پەیڕەوی شەریعەتی ئیسلامی دەکرد و هەتا دەهات ژمارەی مزگەوتەکان زیادی دەکرد و بوون بە چوار ئەوەندە، پارەکان لە دەرەوەی وڵات دەهات و بەردەوام خەڵکی کۆدەکردەوە بە ناوی ئەهلی حەدیسی ئیسلام. 

لە ساڵی 1994 هەواڵگریی پاکستانیی هێزی موستەشاری یەکگرتووی جیهادی بۆ دامەزراندن، کە هەردوولا حزبی ئیسلامی و حزبی موجاهیدی هێزی چەکداری حوڕیەت بوون بە سەرکردایەتی سەید سەلاحەدین.

لەنێوان 1993- 1994 بە هەزاران کەس کوژران لە رێگەی تەقینەوە و لەناوبردن لە جەمۆ – کشمیر و بەشەکانی تری هیندستان.
لە ساڵی 1999، پەیمانی شیمالا بەسترا لەنێوان هەردوو سەرۆک وەزیران، نەواز شەریف پاکستان و ئەتال بەهاری هیندستان، تا ئاشتیی لەو ناوچەیە بەرقەرابێ. هێشتا پەیمانەکە واژوو نەکرابوو کە پەروێز موشەرەف، سەرۆکی هێزی چەکداری پاکستان، هێرشی کردە سەر کارگل کە پایتەختی هەرێمی لاداخی جەمو کشمیرە، لەسەر سنووری ئازاد کشمیر و بە درێژایی 50کم هەردوو سنوور، بوو بە شەڕ و دوو مانگی خایاند، ئەو سنوورە بوو بە گۆڕستانی سوپای هەردوولا و پاکستان پاشەکشەی کرد.

لە ساڵی 2001، دیدارێکی تر کرا لەنێوان هەردوو سەرۆک وەزیران، پەروێز موشەرەفی پاکستان و ڤاجپێی هیند. پێنج مانگ دوای ئەوە، هێرش کرایە سەر پەرلەمانی هیندستان لەلایەن لەشکری تۆیبە و جەیشی محەمەد بە سەرۆکایەتی مەولانا مەسعود ئەزهەر. هێرشکردنە سەر سونبولی دیموکراسی، بۆ ماوەیەکی زۆر گفتوگۆی نێوان ئەو دوو وڵاتەی دواخست، هیندستان داوای لە پاکستان کرد کە ئەو سەرکردانە بگرێ و یارمەتی مادییان لێ ببڕێ، ‌هەروەها هێزێکی گەورە لەلایەن هیندستانەوە نێردرایە سەر سنوور.

لە دوای هێرشی سێپتێمبەری 2001 و بە هاندانی ئەمریکا، نزیکبوونەوەی نێوان هیندستان و پاکستان دەستی پێ کردەوە و کشمیر بوژایەوە و هاتوچۆی نێوان هەردوو بەش دەستی پێ کرد. 

لە کشمیر، پارتێکی تری تازە سەرکەوتووبوو لە هەڵبژاردن، بەناوی پارتی دیموکراتی گەل، حکومەتی ناوەند بە سەرۆکایەتی ڤاجپێی و موفتی محەمەد سەیدی کشمیر، لە ساڵی 2002 رێککەوتن، یەکەم جار بوو دانیشتوانی کشمیر هەست بە ئەمانەت بکەن و خەڵک تۆزێ لە ئارامیدا بن.

لە ساڵی 2007 لە کۆتایی حوکمی جۆرج بوش لە ئەمریکا، ئاشتیی نێوان ئەو دوو وڵاتە خەریک بوو جێگیر بێت، بەڵام زۆر بەخێرایی تێکچووەوە دوای ئەوەی پەروێز موشەرەف لە سەرۆکایەتیی سوپا لادرا و یەکسەر ئۆپەراسیۆنی تۆپاک سەریهەڵدایەوە و کەوتەوە جموجووڵ، هەمدیسان جەمو- کشمیر کەوتەوە نێو ئاگری شەڕی ناوخۆ و کێشەکان سەریهەڵدایەوە و ژێرخان و سەرخان تێکچووەوە. لە هەڵبژاردنی ساڵی 2008، عومەر عەبدوڵڵا لە هەڵبژاردن بردیەوە و تۆزێ شەڕی ناوخۆ دامرکایەوە.

چین (4000کم) سنووری لەگەڵ هیند هەیە و لەو 70 ساڵەی دواییدا زۆربەی کات ناکۆکییان هەبووە لەسەر سنوور، لە هەندێ شوێن چین خاکی هیندی بۆ خۆی داگیر کردووە. پاکستان لەگەڵ چین رێککەوتووە و پەیوەندیی ستراتیژییان پێکەوە بەستووە. لە ساڵی 2013 پاکستان و چین هێڵێكی بۆریی نەوتیان پێکەوە بەستەوە کە لە هەندێ شوێن نزیک سنووری هیندستانە، ئەمە دەبێتە هۆی بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووریی پاکستان.

جەمۆ- کشمیر گرنگییەکی تری پەیدا کردووە بۆ چین و پاکستان، ئەویش ئاوە، سێ لق لە پێنج لە لقی رووباری سەند لە پاکستان کە سەرچاوەی بژێویی ژیانی جوتیارانە، سەرچاوەکەی لە جەمۆ – کشمیرە. گرنگییەکی تری جەمۆ - کشمیر بۆ پاکستان، بوونی خەتی شەمەندەفەرە کە بەدرێژایی پاکستانە و دەیبەستێتەوە بە دەرەوە، ئەمیش لە زۆربەی شوێنەکان بە رۆخی جەمو – کشمیردا دەڕوات.

هەرچی گرنگیی کشمیرە بۆ هیندستان، لەوەدایە کە دەکەوێتە قووڵایی ئاسایشی ستراتیژیی لەگەڵ پاکستان و چین و درێژبوونەوەی جوگرافیای وڵاتەکەیەتی. زۆرینەی دانیشتوانی ئەو ناوچەیە کە دەکاتە نزیکەی لە سەدا شەست، لە ئایینی ئیسلامن و ئەمانە بوون بە بەربەندێک لەنێوان هیندۆسی هیندستان و ئیسلامی پاکستان. هیندستان نایەوێت ئازادیی بە جەمۆ- کشمیر بدات، نەوەک ئەم دەرگایە بکرێتەوە بۆ میللەتەکانی تر کە لە هیندستان دەژین و دواتر بۆی دانەخرێت.

لە ساڵی 2016، بەهۆی هێرش بۆ سەر فڕۆکەخانەی پاتانکۆت لەلایەن موجاهیدەکان و کوشتنی سەرکردەی حزبوڵڵای موجاهیدین (بورهان ڤەنی) بەدەستی ئاسایشی هیندی و ورووژاندنی شەقام و هێرشکردنە سەر هێزی ئاسایش لە ئوری هیندی، شەڕی بەردەوامی شەقام بە بەرد دژ بە گوللە روویدا.

لە ساڵی 2014 و 2019، پارتی بەهاراتیا جاناتا کە پارتێکی هیندۆسیی میللیی راستڕەوە، بە سەرۆکایەتی نارێندرا مۆدی، لە هەڵبژاردنەکانی هیندستان سەرکەوتن، دەرچوونی ئەم پارتە، رێگەی ئاشتیی لە جەمۆ-کشمیر سەختتر کرد، لە 5ی ئابی 2019، مادەی 370ی دەستووری هیندستانی هەڵوەشاندەوە کە ئۆتۆنۆمی دەدا بە جەمۆ- کشمیر، ئێستا جەمۆ - کشمیر راستەوخۆ لەژێر ئیدارەی ناوەند بەڕێوەدەچێت، هەروەها مافی کڕین و فرۆشتنی زەوی لە جەمۆ- کشمیر کردەوە بۆ خەڵکی دەرەوەی ئەو ناوچەیە، رێگە بە بەڵێندەر و دەوڵەمەندەکان دەدا بچن لەو ناوچەیە دەستبەکاربن لەسەر حسابی خەڵکی ئەو ناوچەیە. ئەمە مەترسیی ئەوەی هەیە کە دیمۆگرافیی ئەو ناوچەیە بگۆڕێت. حکومەتی ناوەند، کشمیری کرد بە دوو بەشەوە. پێش ئەو کاتە نیو ملیۆن سەربازی لێبوو، دوای ئەوە زۆر زیاتری هێنا.

گەشەکردنی پارتی ناسیۆنالیست لە هەردوولا، کێشەکان بەرەو ئاڵۆزیی زیاتر دەبات.
ئەگەر هیندستان ئاو لە پاکستان ببڕێت، ئایا دەبێتە هۆی گفتوگۆكردن یان شەڕ؟
راستییەک هەیە ئەویش ئەوەیە؛ ناگەن بە چارەسەر ئەگەر هەموویان کەیفیان لێ نەبێت.

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan