کوردستانی
پێشمەرگەی رۆژ ناکۆکی نێوان پارتی و پەیەدە قوڵتر دەکاتەوە
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-
بەرپرسێکی باڵای پەیەدە پێشمەرگەی رۆژ بە "بەکرێگیراوی تورکیا" ناو دەبات و سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانیش وەڵامی دەداتەوە و دەڵێت پێشمەرگەی رۆژ "قارەمانێتییان نواندووە".
وتەبێژێک بەناوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، روونکردنەوەیەکی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا وەڵامی قسەکانی ئاڵدار خەلیل، ئەندامی کۆنسەی هاوسەرۆکایەتيی پارتی یەکێتیی دیموکراتی داوەتەوە و ئاماژەی بەوەکردووە "ناوبراو باش دەزانێت و ئاگادارە کە قارەمانانی پێشمەرگەی رۆژ لە سەرەتای دروستبوونیانەوە تاوەکو ئەمڕۆ لە سەنگەری پێشەوەی پاراستنی خاکی کوردستاندا بوونە".
ئاڵدار خەلیل لە چاوپێکەوتنێکدا کە لە میدیاکانی نزیک لە پەکەکە بڵاوکرابوویەوە رەخنەی لە کارەکانی پارتی و پێشمەرگەی رۆژ گرتووە و وتویەتی "پێشمەرگەی رۆژ کار بۆ جێبەجێکردنی ئەجێندای تورکیا دەکات و بەکرێگیراوی تورکیایە".
لە وەڵامی ئەو تۆمەتەدا، وتەبێژەکەی سەرۆکایەتیی هەرێم رایگەیاندووە "ئاشکرایە هەرکات باس لە بەکرێگیراوی دەکرێت، خەڵک يهكسهر کێی بەبیردێتەوە، کردەوە و مێژوو و رووداوەکان گەواهیی ئەوەن ئاخۆ کێ بەکرێگیراوی ئەم و ئەو بوو".
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان پێکدێت لە؛ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، جەعفەر شێخ مستەفا و مستەفا سەید قادر، جێگرەکانی، لە رابردوودا ئەو رەخنەیە ئاراستەی سەرۆکایەتییەکە کراوە کە لەژێر هەژموونی پارتیدایە و ڕەنگدانەوەی فرەیی سیاسیی لە کوردستان، لە سەرۆکایەتییەکەدا بەدیناکرێت.
هێزی پێشمەرگەی رۆژ، ساڵی ٢٠١١ دامەزراوە و لەو کاتەوە لە هەولێر و دهۆک جێگیر بوون و لەلایەن هێزی زێرەڤانی و سوپای تورکیاوە مەشق و راهێنانیان پێدەکرێت.
ب.م