کوردستانی

لەبارەی مووچەوە هەواڵێکی خۆش بۆ فەرمانبەرانی کوردستان

مەودا میدیا - سلێمانی |


لەبارەی مووچەوە هەواڵێکی خۆش بۆ فەرمانبەرانی کوردستان
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

ئەندامێکی لیژنەی دارایی و کاروباری ئابووری لە پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت دەبێت ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق پەلە بکات لە تێپەڕاندنی پرۆژە یاسای بودجەی 2021ی عیراق، ئاماژە بەوەشدەکات ئەگەر پشکی هەرێمی کوردستان وەک خۆی لە بودجەی عیراقدا پەسەند بکرێت، ئەوا مووچەی فەرمانبەران مانگانە بەبێ لێبڕین دابەش دەکرێت.

محەمەد سەعدەدین، ئەندامی لیژنەی دارایی و کاروباری ئابووری لە پەرلەمانی کوردستان بە مەودا میدیای راگەیاند "تێپەڕاندنی پرۆژە یاسای بودجەی 2021ی عیراق پەیوەندیی بەو گفتوگۆیانەوە هەیە کە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دەکرێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی پرۆژە یاساکە دواکەوتووە دەبێت ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق پەلە بکات لە تێپەڕاندنی پرۆژە یاساکە".

ئاماژەی بەوەشکرد "دوای ئەوەی دەنگ لەسەر پرۆژە یاسای بودجەی 2021ی عیراق درا ئەوکاتە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بەپێی ئەو پشکەی بۆی دیاریکراوە لە یاساکەدا پرۆژە یاسای بودجەی خۆی ئامادە دەکات و رەوانەی پەرلەمانی کوردستانی دەکات دەنگی لەسەر دەدرێت و دەبێتە یاسا".

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی ئەوەشی خستەڕوو "ئەگەر پشکی هەرێمی کوردستان بەپێی رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا لە یاسای بودجەدا جێگیرکرا کە بە رێژەی لە 12.67%ە، ئەوا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بەبێ هیچ لێبڕینێک دابەش دەکرێت، بەڵام ئەگەر پشکی هەرێمی کوردستان لە بەغدا جێگیر نەکرا و کێشەی تێکەوت و هەرێمی کوردستان بەپێی داهاتی خۆی خەرجییەکانی رێکخست ئەو کاتە رێژەیەک بۆ لێبڕینی مووچەی فەرمانبەران دیاری دەکرێت، واتە رێژەی لێبڕینی مووچە جێگیر دەکرێت بۆ هەموو مانگەکان".

س.س
Qaiwan
Qaiwan