کوردستانی

لە دەروازەی سمێلكاوە رۆژانە (30) هەزار بەرمیل نەوت بە قاچاغ دەهێنرێتە هەرێمی کوردستان

مەودا میدیا - سلێمانی |


لە دەروازەی سمێلكاوە رۆژانە (30) هەزار بەرمیل نەوت بە قاچاغ دەهێنرێتە هەرێمی کوردستان
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

ئەندامێکی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت نەوتی قاچاغ لە دەروازەی سمێلکا داخڵ دەکرێت، ئاماژە بەوەشدەکات ئەم قاچاغی و بە تاڵانبردنی وڵاتە لەکاتێکدایە تائێستا پاڵاوتگەکانی هەرێمی کوردستان یەک لیتر نەوتی سپی بۆ هاوڵاتییان ناپاڵێون.

کاروان گەزنەیی، ئەندامی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان بە مەودا میدیای راگەیاند "بەپێی راپۆرتێکی فۆڕن پۆڵەسی، بڕێکی زۆر نەوت کە بڕەکەی (30) هەزار بەرمیلە لە رۆژێکدا بە قاچاغ داخڵ دەکرێت بۆ ناو هەرێمی کوردستان و لێرە بازرگانی پێوە دەکرێت، ئەم دیاردەیە لە هەموو دیاردەکانی دیکەی قاچاغیکردن مەترسیدارترە، چونکە هەرێمی کوردستان بە هیچ شێوەیەک سوود لەمە نابینێت ئەم بازرگانیکردنە لەکاتێکدایە کە هەرێمی کوردستان زۆرترین کێشەی لە فرۆش و پرۆسەی نەوتدا هەیە".

ئاماژەی بەوەشکرد "بەگوێرەی راپۆرتەکە بێت ئەم نەوتە قاچاغە لە دەروازەی سمێلکا داخڵ دەکرێت، ئەگەری زۆر هەیە کە لێرە لە پاڵاوتگەی لاناز بپاڵێورێت و بکرێتەوە بە بەرهەم، بەڵام دیسان دیار نییە بەرهەمەکەی بۆ کێیە و چەندە و چۆنە".

گەزنەیی وتی "ئەم نەوتە لە باکووری سوریاوە داخڵی هەرێمی کوردستان دەکرێت، بەو پێیەش رۆژانە چەند کەس و گرووپێک ملیۆنان دۆلار سوودی لێدەبینن و خێر دەکەن، بەبێ ئەوەی یەک دینار بۆ خەزێنەی دەوڵەت بگەڕێتەوە".

"ئەم قاچاغی و بە تاڵانبردنی وڵاتە لەکاتێکدایە تائێستا پاڵاوتگەکانی هەرێمی کوردستان یەک لیتر نەوتی سپی بۆ هاوڵاتییان ناپاڵێون و تائێستاش کێشەی نەوتی سپی و بەنزین لە کوردستان دوو کێشەی سەرەکیین لە پاڵ کێشەی مووچە و کێشەی خزمەتگوزارییە گشتییەکان"، کاروان گەزنەیی وا دەڵێت.

س.س
Qaiwan
Qaiwan