کوردستانی
ئاماژەکانی رێکنەکەوتنی هەرێم و بەغدا زیاتر دەردەکەون
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-
وەفدێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدایە ژمارەیەک کۆبوونەوەی ئەنجامداوە و و بڕیارە چەند کۆبوونەوەیەکی تری باڵا ئەنجام بدات و گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لەبارەی بودجەی 2021 بکات.
لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکان و ئاراستەی گفتوگۆکان کەناڵی کوردستان24ی نزیک لە پارتی دیموکراتی کوردستان کە پێکهێنەری سەرەکی حکومەتی هەرێمە، بڵاویکردووەتەوە کە وەفدی حکومەتی هەرێم رەتیکردووەتەوە نەوت رادەستی بەغدا بکات.
هاوکات فازیل نەبی بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی حکومەتی عیراق و شارەزا لە کاروباری دارایی عیراق، ڕەشبینە بەوەی وا بە ئاسانی هەرێم و بەغدا بگەنە رێککەوتن.
ناوبراو قسەی بۆ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا کردووە و وتویەتی "کێشەکە لە پەرلەمانی عیراقە لایەنەکان رازی نین بەو شیوازە رێککەوتنەی کە هەرێم داوای دەکات".
ئاماژەی بەوەشکردووە "هەرێم دەیەوێت خۆی 250 هەزار بەرمیل نەوتەکە بفرۆشێت و داهاتەکەی رادەستی بەغدا بکات، بەڵام بەغدا داوای خودی نەوتەکە دەکات".
چەند رۆژێک پێش ئێستاش سەنتەری لێکۆڵینەوەی ئایندەیی توێژینەوەیەکی بڵاوکردەوە کە یەکێک لە ئامادەکارانی توێژینەوەکە د.یوسف گۆران بوو کە هاوکات ئەندامی وەفدی دانوستانکاری هەرێمە، لە توێژینەوەکەدا چەند ئەگەرێک خرابوونەڕوو، بەهێزترین ئەگەر کە دەستنیشانکرابوو بریتیبوو لە رێکنەکەوتنی هەرێم و بەغدا.
ب.م