کوردستانی

پۆلیسی سلێمانی دەستگیرکردنی تۆمەتبارێکی مەترسیداری راگەیاند

مەودا میدیا - سلێمانی |


پۆلیسی سلێمانی دەستگیرکردنی تۆمەتبارێکی مەترسیداری راگەیاند
مەودا میدیا-

پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایدەگەیەنێت لەسەر دۆسیەی رفاندنی كچێك و بێهۆشكردنی تۆمەتبارێك دەستگیركرا و باس لەوەش دەکات بە ئۆتۆمبێلێكی جۆری تۆیۆتا كامری كچەكەی هەڵگرتووە و دوای بێهۆشكردنی لە شوێنێك فڕێیداوە.

پۆلیسی پارێزگای سلێمانی -راگەیاندن و پەیوەندییەكان ئەمڕۆ سێشەممە بڵاویکردەوە "دوای ئەوەی هاوڵاتییەك سكاڵای تۆماركرد كە كچەكەی بەمەبەستی كڕینی پێداویستی لە ماڵ چۆتە دەرەوە و نەگەڕاوەتەوە، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سلێمانی سەرجەم بنكەكانی سنوری پۆلیسی سلێمانی راسپارد كە بەدواداچوونی خێرا بكەن بۆ دۆزیینەوە و دەستگیركردنی تۆمەتبارەکە"

ئاماژەی بەوەش کردووە "دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر، پۆلیس لێكۆڵینەوەكانی دەستپێكردوو گومان خرایە سەر تۆمەتبارێك و توانرا هەمان رۆژ و لەلایەن بنكەی پۆلیسی رزگارییەوە تۆمەتبار دەستگیر بكرێت كە بە ئۆتۆمبیلێكی جۆری تۆیۆتا كامری كچەكەی هەڵگرتووە و دوای بێهۆشكردنی لە شوێنێك فڕێیداوە".

 روونیشی دەکاتەوە "لەئێستادا تۆمەتبار ( ش، أ ، ع ) لەدایكبووی 1991 بەبڕیاری بەڕێز دادوەر و بەپێی مادەی 421 لە یاسای سزادانی  عیراقی راگیراوە و دەستیش گیراوە بەسەر ئۆتۆمبێلەكەیدا".

باسی لەوەش کردووە "پاش دۆزینەوەی  کچەکە لەلایەن مەفرەزەكانی پۆلیسەوە گەیەنراوەتە نەخۆشخانەوە و لەئێستادا لە ژێر چاودێریدایە و چارەسەری پزیشكی وەردەگرێت".
 

ک. ر
Qaiwan
Qaiwan