گشتی

چۆن منداڵان بپارێزین لە دەستدرێژیی سێکسی لە کۆمەڵگەدا؟

مەودا میدیا - سلێمانی |


چۆن منداڵان بپارێزین لە دەستدرێژیی سێکسی لە کۆمەڵگەدا؟
مەودا میدیا-

دکتۆرە دیلمان ئازاد حەسەن، پسپۆڕی پزیشکی دادوەری لە بابەتێکدا باس لەو رێگایانە دەکات کە دەتوانین منداڵی لێ بپارێزین لە دەسترێژی سێکسی لە کۆمەڵگەدا.

دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر منداڵ گرفتێکی دیاری کۆمەڵگەی ئێمەیە و ئێمە وەکو پزیشکانی دادوەری لە کوردستان زۆر بە روونی تێبینی حاڵەتەکان و زیادبوونی ژمارەیان دەکەین، ئەوە لە کاتێکدایە بەشی زۆری حاڵەتەکان ناگەنە لای ئێمە  چونکە دەشاردرێنەوە یان گرنگیان پێنادریت، بەهۆی ناهۆشیاریی تاک و خێزان و کۆمەڵگەوە.

ناکرێت چیتر ئەم گرفتە گەورەیە بەهۆی شەرمێکی ناهۆشیارانەوە بشاردرێتەوە و لە بری چارەسەرکردن، پەردەپۆشبکرێت و فەرامۆش بکرێت، بۆ بنەبڕکردنی گرفتی دەستدرێژیی شێکسی بۆ سەر منداڵ، یان هیچ نەبێت کەمکردنەوەی، دەبێت کۆمەڵگە هۆشیاربکەینەوە و مەبەستی ئێمەش لەم زنجیرە نووسینانە ئەوەیە، بەڵام گرنگترین هەنگاو ئەوەیە، لە سیستمی پەروەردە و فێرکردنەوە دەستپێبکەین و بۆ ئەمەش نموونەی سیستمی پەروەردەی بەریتانیاتان بە کورتی پێدەڵێم بۆ ئەم بابەتە، کە لە ڕاوێژکارێکی پەروەردە لەو وڵاتەوە وەرمگرتووە و بۆی باسکردووم.

ئەو وتی ئێمە خولێکمان هەیە بەناوی منداڵپارێزی بۆ ماوەی شەش مانگ کە ئەو خولە کارمەند و مامۆستای قوتابخانەکان زۆرەملێیە بیبینن، ئەگەر نا ناتوانن لە قوتابخانە کار بکەن، وەکو ئەو باسیکرد لەو خولە فێرت دەکەن کە چۆن ئاگاداری منداڵ بیت و ڕۆژانە تەماشایان بکەین ئایا هیچ شتێکی نامۆ دەبینین لە مامەڵە و هەڵسوکەوتی منداڵەکە یان جێگای زەبر و برینێک دەبینین لەسەر جەستەی منداڵەکە.

 ئەگەر هەر شتێکی وا بینرا خێرا منداڵەکە دەدرێتە لیژنەی چارەسەرکردن و بەزووترین کات چارەسەر وەردەگرێت و بەدوای تاوانبار دەگەڕێین و هەر کەسێک تاوانی دەستدرێژی کردبێت بۆ سەر منداڵ، تا هاتایە لە هیچ دام و دەزگایەکدا کارکردنی فەرمی وەرناگرێت لەو وڵاتە، ئەگەر تەماشای ئەو دەوڵەتانە بکەن چۆن منداڵ دەپارێزن، چونکە دەزانن کە منداڵ کۆمەڵگا پێکدێنێ و منداڵی نا تەندروست و دەروون ڕووخاو کۆمەڵگایەکی شکستخواردوو پێکدێنێت.

خێزان یان قوتابخانە؟

زۆر گرنگە لە سیستمی پەروەردەوە گرنگی بدرێت بە بابەتی هۆشیاریی سێکسی و ریگرێکردن لە دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر منداڵ و ئەوەی کە منداڵ چۆن پارێزگاری لەخۆی دەکات لە حالەتی گوماناوی و مەترسیداردا، بەلای منەوە خێزان زۆر گرنگە بۆ ئەم بابەتە، بەڵام گرنگی قوتابخانەش لە خێزانی کەمتر نییە، چونکە لەوانەیە ئەو منداڵە دایک و باوکی نەبێت یان دایک و باوکی لە بنەڕەتەوە ئەو هۆشیارییانەیان نەبێت و جگە لەوەش منداڵ کاتێکی زۆری لە قوتابخانە بەسەردەبات.

لە ئەزموونی خۆمەوە زۆر بینیومە دەستدرێژیی سێکسی بۆ چەند ساڵ بەردەوام بووە بۆ سەر منداڵ، کەچی نە منداڵ زانیویەتی ئاشکرای بکات، نە قوتابخانە دەرکیان پێکردووە، نە دایک و باوک زانیویانە مامەلە لەگەڵ حاڵەتەکە بکەن، هەمووشی دەگەرێنمەوە بۆ نەبوونی هۆشیاری، لێرەوە دووبارە دەکەمەوە کە دانانی پلانێکی تایبەت بۆ بابەتی پارێزگارێکردنی منداڵ بۆ ئێستای کۆمەڵگەی ئێمە زۆر پێویستە.

س،س
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا



News

خانزاد خاتوون؛ تەوارێکی حوکمڕان

لەلایەن زوڵفان غەریب



News

غاز وەکو مۆرانەی عیراق

لەلایەن سۆزان حەمەتاتە