دۆزی ژن

به‌شێك له‌ ژنان ده‌یانه‌وێت ته‌ڵاق له‌ ده‌ستی خۆیاندا بێت

مەودا میدیا - سلێمانی |


به‌شێك له‌ ژنان ده‌یانه‌وێت ته‌ڵاق له‌ ده‌ستی خۆیاندا بێت
مەودا میدیا-

شروق محه‌مه‌د به‌ مه‌رجی ئه‌وه‌ی بڕیاری ته‌ڵاقدان لای خۆی بێت، جارێكیتر بۆ ماڵ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی هێنده‌ له‌كاتی شه‌ڕ و ئاژه‌وه‌ی نێوانیاندا به‌كارنه‌هێنرێت، به‌ڵام له‌ كۆتاییدا خۆیشی ته‌ڵاق دژ به‌هاوسه‌ره‌كه‌ی به‌كارده‌هێنێت.

هاوسه‌رگیری ئه‌و ژنه‌ له‌ چه‌ند ساڵێكدا به‌ چه‌ندین كێشه‌دا تێده‌په‌ڕێت و هه‌رجارێكیشیان به‌ ته‌ڵاق كۆتاییدێت.

"دوای 10 ساڵ له‌ هاوسه‌رگیری منداڵم نه‌بوو، له‌به‌ر چه‌ند هۆكارێكی تر كێشه‌كانم له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كه‌مدا زیاتر بون و هه‌موجارێك ته‌ڵاقی لێده‌كه‌وته‌وه".

شروق محه‌مه‌د (41 ساڵ) ده‌ڵێت دوای هه‌ر ته‌ڵاقێك هاوسه‌ره‌كه‌ی به‌ڵێنی چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی داوه‌ و گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ لای یه‌كتری به‌ڵام جارێكیتر هه‌مان ئه‌و كێشانه‌ رویانداوه‌ته‌وه‌.

"دوایینجار كێشه‌ و شه‌ڕی گه‌وره‌ له‌نێوانماندا رویدا، به‌ره‌سمی له‌یه‌كتری جیابوینه‌وه‌، داوایكرد بگه‌ڕێته‌وه، به‌ڵێن و گره‌نتیشی دا، به‌ڵام من ده‌مزانی هیچ سودێكی نییه‌ بۆیه‌ داوامكرد ته‌ڵاق له‌ده‌ستی مندابێت، ئه‌ویش وه‌ك نیشاندانی نیه‌تباشی به‌و داوایه‌ قایل بوو".

ده‌ڵێت ئه‌و بڕیاره‌ی به‌ راوێژ له‌گه‌ڵ هاوڕێیه‌كیدا داوه‌، كه‌ بیرۆكه‌كه‌ی له‌ فیلمێكی میسریدا بینیووه‌.

"ئه‌و (هاوسه‌ره‌كه‌ی) له‌ به‌ڵێنه‌كانی پاشگه‌زبۆوه‌ و منیش ناچاربوم (مافی ته‌ڵاقكردنم به‌كارهێنا) خۆمی لێجیابكه‌مه‌وه‌" شروق وای وت.

ئه‌و چیرۆكه‌ی شروق محه‌مه‌د له‌ راپۆرتێكی ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ری عیراقدا هاتووه‌‌، كه‌ ئاداری 2021 بڵاویكردۆته‌وه‌ و تیایدا ئاماژه‌ به‌وه‌كراوه‌، پێدانی مافی ته‌ڵاقدان به‌ ژنان له‌ زیادبوندایه‌ به‌ تایبه‌ت له‌ به‌غدای پایته‌خت.

عه‌بدوڵا حه‌سه‌ن، دادوه‌ری دادگای باری كه‌سێتی له‌ سه‌ڵاحه‌دین ده‌ڵێت له‌ یاسای عیراقیدا ته‌ڵاق له‌ده‌ستی پیاواندایه، له‌ حاڵه‌تی ده‌گمه‌ندا ته‌ڵاق به‌ده‌ستی ژنانه‌، ئه‌ویش ئه‌گه‌ر هاوسه‌ره‌كه‌ی بریكارنامه‌ی بۆ بكاته‌وه‌ یان رێپێدانی بۆ بكات له‌رێی دادوه‌ره‌وه‌.

"ئه‌و رێپێدانه‌ مافی پیاو له‌ ته‌ڵاقدان ناخات، چونكه‌ رێپێدان به‌مانای ده‌ستبه‌رداربون نایه‌ت" به‌وته‌ی دادوه‌ر عه‌بدوڵا.

ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری هیچ ئامارێكی نوێی ته‌ڵاقی بڵاونه‌كردۆته‌وه‌، به‌ڵام له‌ مانگی تشرینی دوه‌می 2020دا له‌ پارێزگاكانی عیراقدا گه‌یشتۆته‌ هه‌شت هه‌زار و 245 حاڵه‌ت، له‌به‌رانبه‌ردا 37 هه‌زار و 676 هاوسه‌رگیری تۆماركراون.

پارێزه‌ر سه‌فا لامی  ده‌ڵێت ئه‌و حاڵه‌ته‌ له‌ كۆنه‌وه‌ هه‌یه‌ "به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی ده‌گمه‌ن بووه‌، چونكه‌ پیاوان قایل نین ته‌ڵاق له‌ده‌ستی ژناندا بێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی پیاوان ده‌سه‌ڵاتدارن به‌سه‌ر هاوسه‌ره‌كانیان و كاروباریان و چاودێریكردنیانه‌وه‌، له‌ روانگه‌ی كۆمه‌ڵگه‌شه‌وه‌ به‌هۆی پیاوه‌تی و دابونه‌ریته‌وه‌ قبوڵی ناكه‌ن".

هه‌روه‌ها رونیكرده‌وه‌ ده‌قێكی یاسایی نییه‌ ته‌ڵاق ته‌نیا له‌ده‌ستی پیاواندا بێت، هیچ رێگرییه‌كیش نییه‌ ئه‌گه‌ر له‌ده‌ستی ژندا بێت، به‌ڵام بۆته‌ نه‌ریتێكی باو كه‌ ته‌ڵاق لای پیاوه‌، بۆیه‌ سه‌یر نییه‌ ئه‌گه‌ر ژنان ئه‌و داوایه‌ بكه‌ن به‌هۆی زۆری كێشه‌ و لێكتێنه‌گه‌یشتنی نێوان هاوسه‌ره‌كانه‌وه‌.

لامی ئاماژه‌ی به‌وه‌دا قسه‌ی كۆتایی لای دادگای ته‌میزه‌ ده‌رباره‌ی مافه‌كانی ئافره‌ت دوای ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كه‌یدا ته‌لاق ده‌كه‌وێته‌ نێوانیانه‌وه‌، ئه‌گه‌ر ته‌ڵاقه‌كه‌ له‌ده‌ستی ژنه‌كه‌دا بێت یان هاوسه‌ره‌كه‌ی.

به‌پێی یاسای باری كه‌سێتی ژماره‌ 188ی ساڵی 1959، ده‌سته‌واژه‌ی ته‌ڵاق بۆ لابردنی كۆت و به‌ندی ماره‌بڕین و هاوسه‌رێتییه‌، كه‌ له‌لایه‌ن پیاو یان ئافرەتەكەوه‌ ئه‌و ده‌سته‌واژه‌یه‌ به‌كارده‌هێنرێت ئەگەر ئافرەتەكە بریكارنامه‌ی هه‌بێت یان رێپێدانی هه‌بێت یاخود له‌لایه‌ن دادوه‌ره‌وه‌ ئه‌و مافه‌ی پێدرابێت.

ئه‌حمه‌د جاسب، دادوه‌ری دادگای باری كه‌سێتی له‌ به‌غداد جه‌دیده‌ ده‌ڵێت "ته‌ڵاق له‌ده‌ستی ژناندا زیاتر ده‌ربڕینێكی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ نه‌ك یاسایی و شه‌رعی، پێناسه‌ی یاسایی بۆ هه‌بونی ته‌ڵاق له‌ده‌ستی ژناندا به‌دوو رێگایه‌؛ یان بریكارنامه‌ی هه‌یه‌ یاخود رێپێدان".

باسی له‌وه‌شكرد له‌ دادگاكانی باری كه‌سێتی به‌غداد جه‌دیده‌ حاڵه‌تی وا زۆر ده‌گمه‌نه‌ ئافره‌ت له‌رێی بریكارنامه‌ یان رێپێدانه‌وه‌ خۆی ته‌ڵاق بدات.

ده‌رباره‌ی مافه‌كانی ئافره‌ت دوای كه‌وتنه‌وه‌ی ته‌ڵاق به‌و رێگه‌یه‌؛ دادوه‌ر ئه‌حمه‌د رونیكرده‌وه‌ ره‌نگه‌ كاریگه‌ری له‌سه‌ر هه‌ندێك مافی هه‌بێت، وه‌ك قه‌ره‌بوی كاتی ته‌ڵاقدانی زۆره‌ملێ یاخود بێبه‌شكردنی له‌ مافی مانه‌وه‌ له‌ ماڵی هاوسه‌ره‌كه‌یدا كه‌ یاسا دوای جیابونه‌وه‌ بۆی ده‌سته‌به‌ركردووه‌.

ئەم راپۆرتە لە ماڵپەڕی کەرکوک ناو وەرگیراوە

Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا



News

خاک و هۆکارەکانی پیسبوونی

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

ئاماژەکانی ئەدای ژینگەیی

لەلایەن نەرمین عوسمان